رێككەوتنێك لەنێوان هەوراز و سەپاندندا

رێككەوتنێك  لەنێوان هەوراز و سەپاندندا
بەرنامەی چاكسازی هەرێمی كوردستانە، دەخوازێ كەمێك بۆ دواوە، واتە رێك بۆ سەرەتاكانی سەرەتاتكێی قەیرانی دارایی كوردستان بگەڕێینەوە، بەوەی سەرەتا لە سلێمانی سەریهەڵدا. دیسان لەوەشدا تۆمەت ئاڕاستەی پارتی دەكرا، كە بەئەنقەست پارە نانێرێتە بانكەكانی سلێمانی، هەموو كەس دەزانێ لە كوردستان سیاسەتی ئابووری هەر دەڤەرەو گیرفانی خۆی پەیڕەو دەكرێ. واتە خودی كێشەكە لە بەڕێوەبەرانی سیاسیی ئەوێ بوو، نەك پارتی، بەڵام ئەوان لەم تۆمەت ئاڕاستەكردنەشدا، مەبەستیان پەردەپۆشكردنی كێشەكانیان و پڕكردنی شەقامی ئەو دەڤەرە بوو، كە گوایە پارتی جودایی دەكات لە نێوان دەڤەرەكاندا، كە ئەمە زۆر لە راستییەوە دوورە. بەپێچەوانەوە پارتی بە هاوكاری هەموو لایەك دەیەوێ كوردستان بگەیەنێتە ئەو شوێنەی پێویست بوو لە مێژە پێی بگات، كە لە سەرەتای راپەڕینەوە لەلایەن سەرۆك بارزانی ئەو ئامانجە دیاریكرا بەوەی دەمانەوێ دەوڵەتی دامەزراوەیی دابمەزرێنین.


لەوەتەی زیاتر لە دوو حزب لە مەیدان هەیە، رێككەوتنیش پەیدا بووە، بۆیە كەسێك نادۆزیتەوە رێككەوتنی نێوان حزبەكانی پێناخۆش بێت، بەڵام یەكێتی و گۆڕان رێككەوتنی نێوانیان لە پێناسە و قەبارەی بنەڕەتیی خۆی گەورەتر نیشان دا، ئەمەش وایكرد زۆر لایەن لە سەروویانە پارتی بە گومانەوە لێی بڕوانێ. دیارە ئەوەی گومانەكە تۆختر دەكاتەوە، ناوەڕۆكی خودی رێككەوتنەكەیە، چونكە كاتێك حزبی دیكەی خاوەن پێگە و سەنگ لە مەیدان هەبوو، هەر رێككەوتنێك باڵانسی نێوان هێزەكان تێكبدات، گومان لەسەر خۆی دروست دەكات. هەشن لەو راستییە گەیشتوون، كە ناكرێ و ناواقیعییە پارتێكی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، كە حزبی یەكەمی كوردستانە بكرێتە ئامانج.
وەك لەلایەن هەندێ لاوە ئاشكرا كراوە و خوێندوومانەتەوە، رێككەوتنەكە بەند و بڕگەی زیادی تێدایە، كە بە كردەنی زیاتر لە دروشم و دڵڕاگرتن دەچێ. ئەگەرنا جێبەجێكردنی هەورازێكی ركی لە پێشە، كە بە ئاسانی نابڕدرێت. بۆیە لە دووتوێی رێككەوتنی نێوان دوو حزبی راڕا لە بڕیارداندا، قسەكردن لەسەر كۆی پرس و شێوەی حوكمڕان لە كوردستان، بەتایبەتی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان قبوڵكراو نییە، هەر كەسێكی هوشیار و بەئاگا ئەو مافە بە پارتی دەدات، كە بەپێی پێگە و سەنگ و ئەزموونی خۆی لە خەبات و حوكمڕانیكردندا هەرگیز سەپاندن قبوڵ نەكات، ئەمە لە كاتێكدا هەمیشە كراوە بووە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسەكانی پەیوەست بە باشتر حوكمڕانیكردنی كوردستان و گوێگرتن و گەڕانەوە بۆ رای خەڵك. نەخاسمە پێشتر لە بارەی سیستم و یاسای سەرۆكایەتی لە چوارچێوەی دەستووری كوردستان گفتوگۆ كراوە.
هەر لەسەر ئەم بنەمایە، كاتی خۆی بزووتنەوەی گۆڕان شەڕی بە دەستووری كوردستان فرۆشت، بە مەبەستی پەیداكردنی شەریك هەر جارەی بە بیانوویەك شەڕەكەی گەرم دەكردەوە، وێڕای ئەو راستییەی كە لە دنیادا هیچ دەستوورێك بێ كەموكوڕی نییە، هەر بۆیە بەپێی پێداویستی گەشەی سیاسی و كۆمەڵایەتی جوگرافیای دەستوور، دەستوورەكانیش هەموار دەكرێنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ سەردەمی نوێدا بگونجێن. لە سۆنگەی بڕوابوونی پارتی بە گفتوگۆ و دانوستاندن، كە لەلای پرەنسیپی كاری سیاسی خۆیەتی، چارەسەركردنی كێشەكان یا بوونی تێبینیەكان بەو رێگەیە بە باشترین رێكار و بژاردە دەزانێ، نەك پاشقوڵ گرتن و شتی دیكە. هەر لەسەر ئەو بنەمایە رازی بوو بە گەڕانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان، كە لە پەرلەمان لای زۆرینەی هەرە زۆری پارتە سیاسییەكانی كوردستان، بە پارتە سیاسییەكانی پێكهاتەكانی دیكەی كوردستانەوە پەسندكراو و رەزامەندی لەسەر دراو بوو، بەڵام لای هەمووان ئاشكرایە، كە بە چ سۆدریەك بردرا، كە رەنگە تا ئەو عەقڵییەتە كودەتاخوازە مابێت، ئەستەمە تیشكی رۆژ ببینێ. واتە ئەم شتانە بە گفتوگۆ چارەسەر دەبن، نەك كودەتا و شتی لەو بابەتە، كە پارتی هەرگیز ناچێتە ژێر باری ئاوەها پیلان و سۆبەتێك، نەمازە لەم كەشە پڕ لە كارتە سیاسییەدا، كە لە بری ئەوەی هەمووان پێكەوە دەرچەیەك بدۆزنەوە بۆ كێشە و تێبینییەكان، بە پێچەوانەوە بەو رێككەوتنە هەورازەكە ركتر كرا، یا كورد گوتەنی قوڕەكەی خەستتر كرد، تەنانەت كار بەو ئاستە گەیەندرا، لە هەندێ لاوە وەك چارەسەرێك بۆ كێشەكان لە لەتكردنی هەرێمی كوردستان بڕواندرێ، كە ئەمەش جێی قبوڵ نییە.
قسەم لەسەر ئەوە نییە، كە لەم رێككەوتنەدا كام لەم دوو حزبە زیاتر سوودمەندە، یا زەرەرمەند، بەڵكو قسەم زیاتر لەسەر ئەوەیە، كە بەو ناوەڕۆكە شەقاو گەورەیەوە، كە بۆ كۆی پرسەكانی هەرێمی كوردستان داڕێژراوە، بێ متمانەیی قووڵتر كردەوە. واتە درێژەپێدەری ئەو میتۆد و بەرنامەیە، كە بە پشتكردن لە سازان پەرلەمانی پەكخست. بە دیوێكی دیكەدا بوونی كێشە لەناو یەكێتی و گۆڕان لە هیچ چاودێرێك شاراوە نییە، بۆیەش ئەگەر لە سەرەتاوە رایانگەیاندبوایە، كە رێككەوتنێكی لۆكاڵییە و تایبەتە بە كێشەكانی خۆمان، چ وەك دوو حزبی ركابەر، چ وەك خودی حزبەكانیان، كە بەشێك لە كێشەكانیان پێوەندی بەو ركابەرییەی نێوانیان هەیە لە سەر پۆست و داراییەوە. واتە ئەگەر رێككەوتنەكە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەیە، پارتی هیچ كێشەیەكی لەوەدا نییە، تەنانەت بە هەقی ئەوانیشی دەزانێ كار بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشە حزبییەكانیان، بەتایبەتی ئەمڕۆ كوردستان لە هەموو روویێكەوە پێویستی بە خۆڕێكخستنەوەی زیاتر هەیە، نەك پەرتەوازەیی، وەكی دی رەنگڕێژكردنی بە كێشەكانی هەرێم مایەی قبوڵكردن نییە و سەرناگرێ.
رەنگە ئەو قسەیە راستییەكی زۆری تێدا بێت، كە دەڵێ: «بەم رێككەوتنە زۆر كێشەمان لە كۆڵ بووەوە«، كە دیسان لەوەدا هەندێ لە كادیرانیان زەرەر دەكەن، چونكە دوور نییە بكرێنە قوربانیی ئەم رێككەوتنە. نەخاسمە گۆڕان پێشتر كۆمەڵێك بەڵێنی زۆر گەورەی بە خەڵك دابوو، كە هەر كەسێكی هوشیاری ناو ئەم كۆمەڵگەیە ئەوەی چاك دەزانی، كە جێبەجێكردن و بەدیهێنانیان لە خەیاڵ پڵاوییەك زیاتر هیچی دی نەبوو. ئەوەش نەك لەبەر ئەوەی خوانەخواستە رێگری لە بەجێگەیاندنی ئەو بەڵێنانە كراوە، نەخێر. بەهۆی ناواقیعیبوونی بەڵێن و دروشمەكانەوە بوو، بەتایبەتی ئەو بەڵێنانەی پێوەندییان بە داراییەوە هەیە، چونكە ئەوە حكوومەتی عێراق بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، كە لە بری ئەوەی هەمووان یەكدەنگ بكات، بەڵام زۆرێك لە بەرپرسانی هەردوو حزب خەتاكەیان خستە مل پارتی! لەوەشدا، لەلایەك مەبەستیان پەردەپۆشكردنی كێشەكانیان بوو، لەلایەكی دیكەوە زەمینەخۆشكردن بوو بۆ رێككەوتنێكی لەو بابەتە، یا شەرعییەت وەرگرتن بۆ خۆجوداكردنەوەیان، كە هەندێجار بە ناوی جۆراوجۆرەوە زۆر بە زەقی ئەوەمان بەر گوێ دەكەوێ.
لێرەوە گرنگە ئاماژە بە پرسێك بكەم، كە پێموایە تا ئێستا كەم و زۆر ئاماژەی پێنەكراوە، ئەویش بەرنامەی چاكسازی هەرێمی كوردستانە. بە روخسەتی فەرمانبەر و وەبەرهێنانی كوردستان بۆ روونكردنەوەی زیاتری ئەم پرسە، دەخوازێ كەمێك بۆ دواوە، واتە رێك بۆ سەرەتاكانی سەرەتاتكێی قەیرانی دارایی كوردستان بگەڕێمەوە، بەوەی سەرەتا لە سلێمانی سەریهەڵدا. دیسان لەوەشدا تۆمەت ئاڕاستەی پارتی دەكرا، كە بەئەنقەست پارە نانێرێتە بانكەكانی سلێمانی، كە هەموو كەس دەزانێ لە كوردستان سیاسەتی ئابووری هەر دەڤەرەو گیرفانی خۆی پەیڕەو دەكرێ. واتە خودی كێشەكە لە بەڕێوەبەرانی سیاسیی ئەوێ بوو، نەك پارتی، بەڵام ئەوان لەم تۆمەت ئاڕاستەكردنەشدا، مەبەستیان پەردەپۆشكردنی كێشەكانیان و پڕكردنی شەقامی ئەو دەڤەرە بوو، كە گوایە پارتی جودایی دەكات لە نێوان دەڤەرەكاندا، كە ئەمە زۆر لە راستییەوە دوورە. بەپێچەوانەوە پارتی بە هاوكاری هەموو لایەك دەیەوێ كوردستان بگەیەنێتە ئەو شوێنەی پێویست بوو لە مێژە پێی بگات، كە لە سەرەتای راپەڕینەوە لەلایەن سەرۆك بارزانی ئەو ئامانجە دیاریكرا بەوەی دەمانەوێ دەوڵەتی دامەزراوەیی دابمەزرێنین. لەم روانگەیەوە دێمەوە سەر پرسە ئاماژە پێنەكراوەكە، مەبەستم پرسی چاكسازییە. ئاشكرایە بەشێك لە بەرپرسانی گۆڕان و یەكێتی تەخشان و پەخشانێكی زۆریان بە داهاتی ئەم وڵاتە كردووە، ئەم بەرنامەی چاكسازییەی سەرۆكی كوردستان رایگەیاندووە، بۆ هەموو كوردستانە، واتە هیچ جوگرافییەك لێی بەدەر نییە، بەڵام تا ئێستا ئەو چاكسازییە مەیدانی جوگرافیای ململانێی ئەو دوو حزبەی نەگرتۆتەوە. بۆیە ئەوان، مەبەستم باڵی دەستڕۆیشتووی ناو هەردوو حزبەكەیە، زووتر بەو رێككەوتنە ناوبڕێكیان دروستكرد تا ئەو بەرنامە پێویستییەی كوردستان نەیانگرێتەوە. بە كورتیتر تا خەڵكی بە نیگەرانییەكانی پارتی بەو رێككەوتنە پەلەیە سەرقاڵ بكەن، یا هەر كاتێك رێوشوێنێك بە ئاڕاستەی ئەو بەرنامەیە لەوێ گیرایەبەر، دیسان شەقامەكە بەوە پڕ بكەن، كە پارتی تۆڵەی رێككەوتنەكە لە بەرپرسانی ئەم دوو حزبە دەكاتەوە.
بەدیوێكی دی، مەسەلەی راڕایی لە بڕیاری سیاسی ئەو دوو حزبە دیارەو نا شاردرێتەوە، هەرچەندە یەكێتی بە ئاشكرا لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمە، بەڵام لێرە و لەوێ لە ئاستی باڵادا بیانووی بۆ دەهێنرێتەوە، بەوەی كات گونجاو نییە، یا ناوماڵی كوردستان پۆشتە و پەرداخ نییە، تەنانەت لە ئەنجامی ئەو راڕایی و پەرتەوازییەوە ئەندامێكی مەكتەب سیاسی، كە لەسەر حزبەكەی پۆستی پارێزگاری كەركووكی وەرگرتووە، بە كامی دڵی خۆی بەشێك لە خاكی كوردستان داببڕێت بە ناوی دامەزراندنی هەرێمێكی سەربەخۆ، لەو لاشەوە بزووتنەوەی گۆڕان قسەیەك لەسەر ئەم دۆخە ناكات، تەنیا لە رێگەی نوێنەرانیان لەم پارێزگایە نەبێت، بەوەی لەگەڵیدا نین و رەتیدەكەنەوە، بێئەوەی هیچ نازناوێك بدەنە پاڵ بانگەشەكاری دابڕاندنی بەشێك لە خاكی كوردستان، یا لە ئاستی حزبیدا داوای لێپێچینەوەی لێ بكەن!
لە كۆتاییدا ئەوەی من سەرم لێی دەرناچێت، دووڕوویی هەندێ لە نووسەر و رووناكبیرانە، كە بێ لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی دەسكەوتە گشتییەكان، ئەم رێككەوتنە بە هەنگاوی یەكڕیزی گەلی كوردستان ناودێر دەكەن، كەچی هەر ئەوانە رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتییان بە خنكاندنی ئازادی و لە گۆڕنانی پرۆسەی دیموكراسی لە كوردستان وێنا دەكرد، كە پێچەوانەكەی زۆر راست بوو، بەوەی توانی دەستكەوتی گشتی و گەورە بەدەست بهێنێ. لەگەڵ ئەوەی ئەم رێككەوتنە لۆكاڵییەی بۆیەكراو بە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان، خەریكە شەقامی كوردستان بەرامبەر گرنگترین پرسی چارەنووسساز شەق دەكات.

Top