ئافرەتی كورد مەعسومە، ئێوە شەڕانگێزن!

ئافرەتی كورد مەعسومە، ئێوە شەڕانگێزن!
*چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، كەناڵێكی ئیسلامی سیاسی لۆكاڵ كە نەك لە هەموو كوردستان بەڵكو لە ڕێی كارتی تایبەت لە ئەوروپاش وەردەگرێ، بە دەق گوتی: (حیجاب نەكردن لەلای ئافرەتان راگەیاندنی شەڕە لەگەڵ خودا)..!. بۆ زانین، كات و ڕۆژ و چركەساتی ئەو دێڕە و دەستەواژەیەم تۆمار كردوو.

* هاوكات، لە بەرایی مانگی رەمەزانی ئەمساڵ، دیسان وەك پیشەی حەرامزادەیی و نامەردی داعش پۆلێك كیژ و دایك و منداڵیی قاسری لە قەفەس گڕدا و سووتاندنی. لێرەدا من باسی دووفاقی بەشێك لە میدیای خۆرئاوا ناكەم كە چەندە نامرۆڤانە و بێباكانە مامەڵەیان لە تەك ئەو كارەساتە و دەیانی دیکە لەو چەشنە كرد، لە كاتێكدا منداڵێك بە فڕۆكەی روس یان ئێران و سوپای ئەسەد بریندار دەبێ (خۆزگە وانەبووبا) جیهان دەهێننە خرۆشان و دەیكەنە شینی حەسەن و حوسێن.

ئەوەی مەترەحە پەیوەندی بە ماڵی خۆمانەوە هەیە، كە بریتیە لە قۆزتنەوە و ترساندنی ئافرەت و ژنان، گوایه‌، مادەم حیجابی نین ئەوا جاڕی شەڕتان لەگەڵ خودا راگەیاندووە. بەراستی ئەم قسە پڕوپووچانە لە رۆژگاری شەڕی نەگریس و داسەپاوی داعش و دەیان ئاریشەی دیکەی وەكو رۆژبەرۆژ هەژاربوونی خەڵكی كوردستان و چاوچنۆكی هەندێ بازرگان بەبەرزكردنەوەی نرخی كەلوپەل و قڕوقەپی (عەمەلی) دەزگا چاودێرەكان جێی هەڵوەستە و تێڕامانە

ئاخر چۆن دەبێ، بێ دەزگای شەرعی و یاسایی ئایینی، فتوای وا بدرێت ئاخۆ كاری وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتی زانایان و خودی بەرپرسانی حكوومی چییە، خەڵك لەوپەڕی بارخراپی دابێ و سەر لێشێواوێك بێت و كچ و دایك و كەسوكارمان بە دەستەواژەی (شەڕ لەگەڵ خودا) ئەمە تەنها لەبەر ئەوەی موحەجەبە نین بیانكەیە موشریك و لادەر، بەمانای شەڕ لەگەڵ یەزدانی مەزن. لێرەدا دەتوانم بڵێم ئەو ئەتوارانە لە كوشتوبڕ و سووتاندنی كەسوكارە ئێزدییەكان ترسناكترە. چونكە ئەو دوژمنتە، وەلێ تۆ لە كەناڵەكەتەوە جاڕی كوشتنی میللەتێك دەدەی كە سەدان ساڵە بۆ ئازادی و دیموكراسی و مافی گەلان دەكۆشێ و لەو پێناوە قوربانی دەدات. بەڕاستی بێ دەنگی لەو كارە بەلای منەوە ئەو پەڕی مەترسییە بۆ سەر ئازادی و دیموكراسی.

*سەبارەت بە مەلاكانی مزگەوت، دەپرسم ئەو هەموو كوشتوبڕەی ئێزدی و غەیرە ئێزدی و سووتاندنیان لە یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز، تۆزقاڵێك ویژدانی نەجوڵاندن، ئایا ئەمە پێویستی بەوە هەیە پێتان بگوترێ دەبێ لەسەر ئەو بابەتە وتار بخوێننه‌وه‌؟.

*نزیكەی یەك سەدەیه‌، موفتی عێراق، لە نەمران زەهاوییەوە تا عبدالكریمی مودەڕیس كورد بوون، لە پاڵ ئەوە ئەدەب و مێژوو و شیكاری راست و دروستی ئایینمان فەرامۆش نەكردووە و هیچ كات لە بەرامبەر ئەتوار و قسەی لەم جۆرە بێدەنگ نەبوون، ئەمێستا، خێرە باسی ئەو قەتڵ و عامە لە ڕەمەزاندا ناكرێ و بەشێكی میدیای ئیسلامی سیاسی دێت و ژنانمان بە كافر و مولحید دەناسێنن.

بیرتان دێنمەوە چەند كەسی وەكو عەبدولخالق مەعروف و زانا و ئەدیب و دانا بە قسەی چەند مەلایەكی توندڕەو شەهیدكران، یان ژیانیان لێ بووە بەدۆزەخ.

*لە كۆتاییدا، هێڤیدارم لایەنە پەیوەندیدارەكان چاوپۆشی نەكەن، باگیانی شەهیدان ئاسوودە بێ، كورد شەڕی جیهان دەكا بەرامبەر ئیسلامێكی مێشك كرمێی وەكو داعش، گومانیش هەڵناگرێ ئەو كەسانە بەجۆرێ و هاوكاریانن.

ئەوەش لە یاد نەكەم، زۆر مامۆستای ئایینیمان هەیە سەد لە سەد پێچەوانەی ئەو جۆرە ئاخاوتن و بێ دەنگییەیه‌ لە دژی ئێزدییەكان، بەڵام کەمنین و گەر بۆیان بڕەخسێ وێنەی مەلاكەی دارەتوو لە داعش داعشترن.
Top