ڕۆڵی عەلی وەردی لە کوردستانی ئێستا و داھاتوو دا

ڕۆڵی عەلی وەردی لە کوردستانی ئێستا و داھاتوو دا
خۆالێخۆشبوو عەلی وەردی(١٩١٣-١٩٩٥) یەکێکە لە ڕۆشنبیرە بەناوبانگەکانی ناوچە و جیھان، و لە ڕاستیدا دەتوانرێ بە بۆێرییەوە بگۆترێتن فەیلەسۆفێکی سەرکەوتووی سەردەم و ناوچەکەیە.عەلی وەردی بەھشتی بە نوسینی چەند پەرتووکێک، زۆر بە جوانی و بۆێرانە و وریاییەوە پەنجەی لە سەر برینەکان داناوە و شوێن و چارەسەرییەکانی دیار کردووە. ھەڵبەت لە جێگەی خۆیەتی بگۆترێتن، ھەر وەک خۆدی خۆی لە زۆرێک لە بەرھەمە ئەکادیمی و زانستیەکانیدا ئاماژەی پێداوە، ھەر کارێک و ھەر بەرھەم و شتێک و مرۆڤێک وەک چۆن لایەنی چاکەی ھەیە و ھەروەھاش نابێ لایەنە خراپەکانیشی لە یادمان بچێ، بۆیە ئەویش لە ھەندێ خاڵ و شوێن دا لاوازیی کەسایەتی خۆی پیشان داوە، بەڵام بە گشتی لە نێو تەرازووی ھەڵسەنگاندنیدا لایەنە باش و چاکەکانی بیروباوەرەکانی زۆر زیاترن و ئەوە بەھا و نرخی کار و بیروبۆچۆن و بەرھەمەکانی و کاریگەرییەکانی لەسەر خوێنەران زیاتر کردووە.
وەردی لە بەرھەمە جیاوازەکانیدا لەسەر چەند تەوەرێکی سەرەکی دەدوێتن کە بریتین لە: دوانیزمی کەسایەتی( ازدواج الشخێیە)، ململانێی بەھاکان( ێراع القیم)، و لەبەریەکچوونی کۆمەڵایەتی( تناشز اجتماعی) و ...ھتد. بەھۆی ئەوەی کە نوسین و بیرۆبۆچوون و شیکردنەوەکانی ھەڵقوڵاوی ناخی ژیانی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و مێژوویی ناوچەکەن و وێنەیەکی ڕاستەقینە و شەفافی ئەو کۆمەڵگایانەمان پێ پیشان دەداتن خوێنر لە کاتی خوێندنیان ھیچ ماندوو نابێ و زوو بابەتەکان وەردەگرێ و لێیان تێدەگاتن.
ھەر تاکێک لە کوردستانی ئێستا و ئاییندەدا بابەتەکانی بخوێنێتن و لە ھەر پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و پەروەردەیی و ئەکادیمی دا بێ، بێگۆمان زیاترین سوودیان لێوەردەگرێ. بەرھەمەکانی وەردی بۆ ھەموو سەردەمەکانی تاکی کوردستان و بە ھەموو نەتەوە و مەزھەب و ئایین و چینەکانی گرنگ و پێویستن بەتایبەت لە ئێستا و کوردستانی ئاییندە دا.
بە خوێندنی ئەم پەرتووکانە سیاسەتوانان دەتوانن سوودی لێوەربگرن و کەسایەتی تاکێکی کوردستان باشتر بناسن و لە پێ و پەنای ڕەفتار و بڕیار و ھەڵوێستەکانی لە بارودۆخە جیاوازەکانی پەیوەندار بە پرۆسەی سیاسی کوردستان تێبگات، و بزانێتن لە ڕاستیی ململانێی شێعە و سۆننەکان تێبگاتن کە کوردستان و ناوچەکە و جیھان بۆ ھزاران ساڵ دەچێ خەریکە لە ئاگەرەکەی دا دەسوتێتن و بە ھۆیەوە ئێستا ناوچەکە قەلغانی خوێن بووە و بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە ھەموو یان زۆرێک لەو جەنگانەن کە بە نوێنەرایەتی ئەوان لە ناوچەکە بەڕێوە دەچێ، و لایەنەکانی بەرپرسی حوکەمی و حیزبی دەتوانن لە نھێنی ئەوەی کە بۆچی بەرپرسانی ناوچەیی و بچوک لە ئیش و کاریان دڵسۆز نین و گەندەڵی دەکەن، و ئەو کات سیاسەتوانان دەتوانن لە سایەی ئەم زانیارییانە پلانی کۆرت ماوە و درێژخایەن بۆ چارەسەری و چاکسازی دابڕێژن.
لە سایەی بیروبۆچوونەکانی وەردی بەھشتی و خوێندنەوەی ناوەڕۆکی پەرتووکەکانی، مامۆستایان دەتوانن زیاتر خۆیان و کار و پیشە و قوتابیەکانیان بناسن و ھۆکاری سەرھڵدانی زۆر کێشە و گرفتەکانی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی قوتابخانەکانیان بزانن و لە زۆرێک لە ڕەفتارە ناوازە و ناسروشتیەکان و سروشتیەکانی قوتابیان و گرفتەکانیان تێبگەن و بەم شێوەیە دەتوانن بە شێوەیەکی زانستیانەتر ڕووبەڕوویان ببنەوە و کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
بە زانینی ئەم بیروبۆچوونانە کەسان و مامۆستایانی ئایینی و دەزگا پەیوەندارەکانی لە ناخی و ناوەرۆک و سایکۆلۆژیای تاکی کوردستان تێبگەن و بزانن ئەو تاکە چی دەوێ و بەدوای چی دا دەگەڕێ و دەتوانرێ بزانرێتن کە سەرباری ھەبوونی ئەو ھەموو مزگەوت و کەنیسە و گۆتارخۆێن و ھەوڵانەی کە دەدرێتن، بەڵام ھێشتان ئاستی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و ڕەوشتیەکانی تاکی کوردستان، بە ھەموو ئایین و نەتەوەکانیەوە، ھێشتان لە ئاستی پێویست دا نیە و ھێشتان دزیکردن ھەیە، و گەندەڵی و بەرتیلخواردن بەردەوامە، و تەمبەڵی لە کار و پیشە و بازرگانیکردندا بە ئاشکرایی دەبینرێتن و ھەیە، و گزیکردن و قۆپیەکاری لە قوتابخانە و دام و دەزگا پەروەردەییەکان، و دیاردەی ناشرینی ( واسیتەکاری) و خزم خزمانێ لە سەنتەرە زانستی و ئەکادیمیەکاندا بوونی ھەیە، و نادروستی لە حەلال و حەرامکردن و زۆر ڕەفتاری دژی بنەماکانی ئایینەکانی ئیسلام و مەسیحیەت و ...ھتد، بە ئاشکرایی دەبینرێتن.
خوێندنەوەی بەرھەمەکانی وەردی فەیلەسۆف ھاوکاری پزیشکەکانی دەروونی دەکاتن کە بە زووترین کات و بێ ماندیبوونێکی زۆر ھۆکارە سەرەکییەکانی زۆر نەخۆشی کۆشندەی سایکۆلۆژی وەک شیزۆرفرینیا( یان پەنجە شێری دەروونی) و دڵەڕاوکێ و وەسواس و خۆکۆشتن و سایکۆپاتی و سادیگەرایی و مازۆخیبوون و زۆر لادانی سێکسی و ... ھتد، بدۆزنەوە، کە لە بنەڕەتدا زۆر لە ئەگەرەکانی بۆ پەروەردەی خێزانی و کۆمەڵایەتی ھەڵە دەگەڕێتەوە کە تاک لە کوردستان وەریان دەگرێ، و وەردی لە بەرھەمەکانی دا زۆر جاران ئاماژەیان پێدەداتن و بە ئاشکرایی باسیان لێوە دەکات.
خوێندنەوەی بەرھەمەکانی وەردی ھاوکاری پزیشکەکانی گشتی دەکاتن کە بە زووترین کاتلە ئەگەر و ھۆکارە سەرەتاییەکانی زۆر لە نەخۆشیە جەستەییەکانی تاکی کوردستان تێبگەن و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە.
بە خوێندنەوەی بەرھەمەکانی وەردی بەھشتی دەزگا و لایەنە پەیوەندارەکانی ئاسایش و پاراستن دەتوانن لە ڕاستیی ھەندێ ڕەفتاری ناواز و تاوانکارانە تێبگەن و بزانن کە بۆ چی لە سەر ئەوەی دوو منداڵ لە گەڕەکێَک بەگژ یەکتر دا دەچن تاوانی گەورە و کۆشتن ئەنجام دەدرێتن و دواتر ئەم دوژمنکارییە لە کوردستان دا دەیان ساڵ دەخایەنێ، و بۆ ئەم لایەنانە ئاشکرا دەبێ کە بۆچی بەشداربووی خۆپیشاندانێکی ئاسایی لەگەڵ یەکەم ھەل و دەرفەت دەست بە سوتاندنی کەرەستەکانی دەزگایەکی حکومی یان حیزبی دەکات و بۆچی فەرمانبەرێکی بانکێکی ناوەندی ئەوەندە دڵسۆزی حکومەت و فەرمانگەکەی نیە و ئەگەر بۆی بڕەخسێ زۆر تاوانی نامرۆڤایانە لە دژی ئەم حکومەتە ئەنجام دەداتن. پیاوانی ئاسایش و پاراستن بە خوێندنەوەی ئەم بەرھەمانە دەتوانن لەوە تێبگەن کە بۆچی خەڵکانێک لەو کوردستانە دەچنە نێو ڕیزەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی وەک ئەلقاعیدە و تالیبان و داعش و...ھتد، لە کاتێک دا دەزانن مردنیان مسۆگەرە و گەڕانەوەیان نیە و لەوانەیە ئەوەی بەرامبەریشی یان مۆسلمانێکی شێعەیە یان کوردێکە.
بە خوێندنەوەی ناوەرۆکی بەرھەمەکانی وەردی بەھشتی دایک و باوکان لە زۆر لایەنی شاراوەی ژیانی خۆیان تێدەگەن و فێری ئەوە دەبن کە چین ئەو ھۆکارانەی کە لە نێو خێزان دا دەبن بە بنەمای یەکەم کێشەکانی خێزانی و کۆمەڵایەتی.
خوێندنەوەی بەرھەمەکانی وەردی ھاوکاری بازرگانان و کاسبکاران دەداتن لە زۆرێک لەو ڕاستیانە تێبگەن کە پەیوەستن بە ژیانی ئەوان و کاری کاسبیکردنیان و چۆنیەتی ھەڵسوکەوتکردنیان لەگەڵ کڕیارانیان بۆ گەیشتن بە باشترین ئەنجام، چونکە زۆرێک لە بڕیارانە پەیوەندارن بە باکگراوند و پێشینەی سایکۆلۆژی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی تاک و کڕیاران.
لێرەدا دەبێ بگۆترێ کە، ھەرچەندە عەلی وەردی کورد نیە، بەڵکۆ عەرەبە، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر بە وردی و چاوێکی ڕەخنەگرانە کەلتوور و فەرھەنگی ناوچەکە و بە تایبەت لایەنە خراپەکانی فەرھەنگی ھۆزە عەرەبەکانی خستووتە ژێر مایکرۆسکۆپی زانستەوە، و لە ڕۆانگەی ئەوەی کە کەلتوور و فەرھەنگی کوردستانیان بە ھەموو لایەنەکانیەوە و بۆ ماوەی زیاتر لە ھزاران ساڵ دەچێ کە ڕاستەوخۆ کەوتووتە ژێر کاریگەری کەلتوور و فەرھەنگی عەرەبەکانەوە، ھەم لەو ناوچە کوردستانیانەی کە لە ژێر دەستھەڵاتی عۆسمانیەکاندا بوون و ھەم ئەوانەی کە لە ژێر دەستھەڵاتی پاشایەتی ئێرانیەکان بوون، بۆیە زۆر لە ھاوکێشە و فۆرموولەکانی دۆزینەوە و دەستنیشانکردن و یان چارەسەرکردنی نەخۆشیە دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و سیاسی و ئابووری و پەروەردەییەکانی تاکی کوردستان، ئەوانەی کە عەلی وەردی باسیان لێوە دەکات، بەسەری دا جێبەجێ دەبن.
لەم سۆنگەیەوە و لەبڕی ئەو گرنگی و کاریگەرییە، لێرە و لە ڕێگەی ئەو مینبەرە پیرۆزەی ڕاگەیاندن داوا لە لایەنە پەیوەندارەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەم، سەرباری ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە جیھان و حکومەتی ناوەندی بەسەر ئێمەیان سەپاندووە، چ لە قۆناغی کاتیی ئێستا و چ لە قۆناغەکانی داھاتووی بەدەوڵەتبوونمان بێ، و بە تایبەت وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ڕۆشنبیری و ئەکادیمیا و کۆڕی زانیاری کوردی ھەوڵ بدەن بە ڕێگەی دانانی لیژنە و کۆمیسیۆنێکی تایبەت و لە بسپۆرانی دڵسۆزی ئەکادیمی و لە بوارەکانی مێژوو و کۆمەڵایەتی و زمانەکانی کوردی و عەرەبی پەرتووکەکانی ( عەلی وەردی ) و لە پرۆژەیەکی تایبەت دا و بە پشتگیرییەکی مادی، چ لە لایەن حکومەت بێ یان کەسایەتی و لایەنی بازرگانی یان دەوڵەمەندەکان بێ، بۆ سەر زمانی کوردی ( بە ھەر دوو دیالێکتەکانی کۆرمانجی و سۆرانی ) وەربگێڕن و بیانخەنە بەردەستی ھزاران خوێنەری جیاجیای ئەم کۆمەڵگایە بە ھەموو چین و توێژەکانیەوە تا سوودی لێوەر بگرن. لێرەدا بۆیە ئاماژەمان بە دەوڵەمەندەکان دا، چونکە ئەوان لە ھەموو کەس زیاتر قەرداری خەڵکی کوردستانن و بە بێی خەڵکی کوردستان بوونی ئەوان ڕامان و واتای نەدەبوو وەک چۆن ئێستا بازرگانی لە شوێنیکی وێرانی وەک فەلووجە و ... ھتد واتا و رَامانی خۆی نیە و نابێ و با ئەوان لە جیاتی ئەوەی تەنھا بیر لە قازانج و گیرفانی خۆیان بکەن و لە بڕی ئەوەی کە پارک و مۆڵ و ھۆتێلی پێنج ئەستێرە بۆ خەڵکانێکی ھەژار و لەو قیرانە دروست بکەن و ببن بە ئەگەری نانەوەی ھزاران کێشەی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی، با ببن بە سەرچاوەی ڕۆشنبیری کوردستان چونکە کڕیارێکی باش بۆ بازرگانان بەرھەمی کۆمەڵگایەکی دروست و باشە نەک ھەژار و کەم دەرامەت کە تیایدا ھەژاران ڕقیان لە دەوڵەمەندەکان بێ و چاوەڕوانی ڕۆژانێک بن تا تۆڵەیان لێ بستێنن و لەوانەیە ئەو ڕۆژانە ڕۆژانێک بیتن کە تاکێکی کوردستان لە ڕقەوە ھاوکاری دوژمنان و تیرۆریستان بکات بۆ داگیرکردنی کوردستان و ئەوە یەکسانە بە لەوناوچوونی زۆر لە دەوڵەمەندەکان.
ھەرچەندە ئێمە ئەوە ناشارینەوە کە ھەندێ لە بەرھەمەکانی وەردی لێرە و لەوێ وەڕێگڕدراون بۆ زمانی شرینی کوردی بەڵام زۆرێک لەم وەَرگێرَاوانە بە ھۆکاری جیاوازی وەک زاڵبوونی بیرۆکەی بازرگانیکردن یان پسپۆرنەبوون و ناشارەزایی لە زانستەکانی مێژوو و زمانی عەرەبی یان ھۆکاری تر وەک پێویست نەبوونە و نەیانتوانیوە پەیامە پیرۆزەکەی خاوەنەکەی بگەینن.
*مامۆستای ئەکادیمی/بسپۆری زانستەکانی سایکۆلۆژیا و پێداگۆگی/ زانستگەی زاخۆ




Top