هەمووان چاوەڕێی چەقاندنی ئاڵاكەن

هەمووان چاوەڕێی چەقاندنی ئاڵاكەن

*لەم ڕۆژانە وێنەی باڵیۆز و سەر قونسڵی بەڕیتانیا لە عێراق و كوردستان (فرانك بەیكەر و ئەنگس مەككی) بڵاوكرایەوە كە لە چایخانەی بەناوبانگی شەعب كە پتر لە یەك سەدە تەمەنیەتی لە سلێمانی دانیشتون و لە ناو ئاپۆڕای نوسەر و هەونەرمەندان چا دەخۆنەوە و باسی دۆستایەتی كورد و ئینگلترا دەكەن. هەروەها بە شەقامەكانی بازاڕدا ئازادانە و بێ ترس دەسوڕێنەوە هەڵبەت ئەمە یەكەم جار نییە و پار ساڵ كاك هێمن هەورامی هەموو قونسڵ و دەرەجەدارە بیانیەكانی لە پارشێو بردە گەڕەكی عارەبان و تەعجیل لەوێ نانیان خوارد و پیاسەیان دەكرد.
* ئەم دیاردەیە گەر واتایەكی هەبێ بریتیە لەوەی گەر چی شەڕێكی نەگریس و چەپەڵ بەرۆكیشی گرتبین بەڵام كوردستان هەمیشە ئارامە و خەڵكە شەڕەفمەند و سەربەرزەكەی هەمیشە پارێزەر و داڵدەدەری دۆست و میوانان و ئاوارەكانە و هیچ كات جیاوازی رەگەزایەتی یان با بڵێم قینی رابردوو هەستی رەگەز پەرستی، نەبونی هەبووە و دڵنیام نە دەشی بێت.
*ئەم رووداوە حاڵەتێكی تاڵی بیر خستمەوە كە لێرەدا جێی خۆیەتی باسی بكەم. لە حەفتا و هەشتاكانی سەدەی رابردو كورد و شۆڕشەكەی، حزبی بەعس و بەتایبەت جەرەیانی سەدام حوسێن هیچ نەما پێمان نەكەن لە كیمیاوی، سوتماكی خاك، ئەنفال زیندانی و بێ سەر و شوێن كردن و ...تاد. لەگەڵ ئەوەشدا گەر سەركردەكانی كورد بیانویستبا بەرپرسی یەكێك لە باڵیۆزخانەكان لە ئەوروپا ببینن ئەوا بە هەستیاری و چاودێری چەندین هەواڵگر فەرمانبەرێكی ئاسایی شەش كۆڵان لەودیو تەلارەكانیان لە قاوەخانەیەك بە نهێنی بەدەم سەیركردنی رۆژنامە و قاوە خواردنەوەوە بۆ ماوەی چەند دەقیقەیەك گوێیان دەگرت و بڕۆ بەخێرهاتی. ئێستاش بەهۆی گۆرانی رەوەتی روداوەكان و قارەمانیەتی و پێشكەشكردنی نمونەی بەرزی پێكەوەژیان و ئازایەتی پێشمەرگە و نەمانی دكتاتۆریەتی بەعسییەكان دەبینن چۆن كێ بڕكێیەكە ئاخۆ چ سەرۆك و سەروەزیر و وەزیرانێك دێنە كوردستان و وەلای دۆستایەتی و برایەتی دوپات دەكەنەوە بەرچاوە پێشمەرگە چ نەبەردیەك دەنوێنێ و لە زەونی شەڕی مرۆڤایەتی لە دژی تاریكترین هێزی سەر ڕوی زەوی دەكات.
بۆیە لەو هەلومەرجە دا كە سایكس پیكۆش بەرە و مرداربوونەوەی ئەبەدییە، ئەو وڵاتانە گرنگە دۆستایەتیەكەیان وەڕگێڕنە سەر پشتیوانی گەلی كوردستان لە هەمبەر ریفڕاندۆم و قۆناغی پاش ریفراندۆم، چونكە ئەزمونەكان دەریان خست چیتر ناكرێ ئەم دورگە ئاشتیخواز و بێ وڵات بێ و جارێكی تر بەدەستی شیعەی سیاسی (مالكی و عەبادی وەك نمونە). بچەوسێتەوە و قوتی منداڵی شەهید و تەواوی گەل ببڕدرێت. ئیتر چاوەڕێین بە رێنمای و پشتیوانی سەرۆك بارزانی تەپڵی دەستپێكی ریفراندۆم لێ بدەین و بە چەقاندنی ئاڵای كوردستان لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان كۆتایی بەو چەور و ستەمە بهێنین.
Top