ڕۆژئاوا بۆ پارتی ستراتیژە و بۆ ئەوانیش موزایەدە!

ڕۆژئاوا بۆ پارتی ستراتیژە و بۆ ئەوانیش موزایەدە!
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا، دەروازەی پێشابوور كە دەكەوێتە نێوان هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان، بكرێتەوە.
هەر لە سەرەتای ڕووداوەكانی سووریاوە، ئەگەرچی لە ڕووی نێودەوڵەتیشەوە لە سەر حكوومەتی هەرێم گران كەوت، لێ یەكلایەنە دەروازەی سنووریی سێمالكای بە ڕووی كوردانی ڕۆژئاوادا كردبۆوە.
بەڵام ئەوە پەیەدە بوو، بازرگانیی كەلوپەلی یاساغ و موزایەدەی سیاسیی بەو دەروازەیەوە دەكرد، بە هیچ شێوەیەك ڕەچاوی بژێوی كوردانی ڕۆژئاوای نەكردوەو، لەم دەروازەیەوە دەرزییەك هەرناردە بكرایە باجێكی زۆری لەسەر دادەنا و سەرانەی خۆی وەردەگرت، لەبەر ئەو هۆیانەش بوو، بۆ ماوەیەكی كاتی سنوورەكە داخرا، چونكە پەیەدە بە هیچ شێوەیەك ڕازی نەبوو گومرگ شتومەك هەناردە بكرێت و گومرگ وەرنەگرێ!
بۆیە لایەنێكی گرنگی بڕیارەكەی حكوومەتی هەرێم لەوەدایە، كە لە پێناوی گەیشتنی پێداویستی و كاڵاكان بە دەستی هاووڵاتیانی ڕۆژئاوا بە خێرایی و نرخێكی هەرزان، مەرجی بۆ بازگە سنوورییەكان دانا، كارئاسانی بۆ هەناردەكارانی كەلوپەل و خۆراك بكەن و لە هەموو ڕسومات و باجێكی گومرگی ببەخشرێن.
هەرێمی كوردستان ئەوەی لە دەستی هاتووە بۆ ڕۆژئاوا كردوویەتی و دەشیكات، یارمەتیی پەنابەرانی داوە، هیچ وەختێكیش وەكو هەندێ كەس و لایەن، موزایەدیەی سیاسی و میدیایی پێوە نەكردوە، بەڵكو بە ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی زانیوە، لە ڕووی سیاسیشەوە بێوچان كۆمەكی كردوون بە خودی پەیەدەشەوە، سەرۆكی هەرێم لە هەولێر كۆی كردوونەتەوەوە، لە دهۆك هەوڵی ڕێككەوتن و یەكخستنی كۆدەنگیی لایەنە سیاسییەكانی داوە، بارزانی لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسیشەوە لە بەهانەوەچوونی كۆبانێ وە بگرە ڕازیكردنی هاوپەیمانان بۆ كۆمەكی ڕۆژئاوا درێغیی نەكرد.
پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتاوە هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە بووە، لایەنەكان و پەیەدە لێك نزیك بكاتەوە، ئەمەیشی لەسەر بنەمای مەبدەئێكی نەتەوەیی و ستراتیژیانەی بووە، بۆیە پارتی قەت دوودڵ نەبووە لە پشتگیریی رۆژئاوا، بەڵام كاتێك پەیەدە مل بۆ هیچ هەماهەنگی و پرۆسەیەكی تەوافوقی نەدات، پارتی لەبەر پەرۆشی و خەمخۆریی لەدەستنەچوونی ئەو دەرفەتەی بۆ رۆڵەكانمان لە كوردستانی رۆژئاوادا هاتووەتە پێش، رەخنەی هەیە و بەڵێ رەخنەیشی دەمێنێ و نەشیشاردووەتەوە كە تا هەموو لایەنەكان پێكەوە تەوافوق نەكەن، ناتوانێ مامەڵە لەگەڵ تاكە حزبێكدا بكات.
پارتی لە دیدێكی ستراتیژییەوە دەڕوانێتە رۆژئاوای كوردستان، نەك تاكتیكی، بۆیە كاتێك سوور بزانێ پرۆسەیەك سەركەوتوو نابێت، بە قسەی بریقەداری سەر میدیا و خۆنمایشكردن، میللەتێك بە هەڵەدا نابات، ئەمەیە هەڵوێستی ڕاست و دروستی نەتەوەیی و نیشتیمانیانەی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان.
ئیتر بەسە موزایەدی سیاسی و بازرگانیكردن بە خوێن و قووتی كوردانی ڕۆژئاواوە، جا لە لایەن پەیەدەی پەكەكەوە بێت، یان هەندێ هێزی سیاسیی نێوخۆی هەرێم و میدیای زوڕناژەن كە بەخۆیان دەڵێن سەربەخۆ. بەسە سیاسەتی ڕق و كینە بەرامبەر پارتی و چاندنی تۆوی دووبەرەكی لە نێو ڕیزەكانی گەلی كورد.!
Top