لە بنەما سایکۆلۆژییەکانی بە دەوڵەتکردنی کوردستان

لە بنەما سایکۆلۆژییەکانی بە دەوڵەتکردنی کوردستان
سیگمۆند فرۆید () گەورە فەیلەسۆف و زانای بەناوبانگی جیھانی و دامەزرێنەری ڕێباز و قوتابخانەی شێتەڵکردنەوەی سایکۆلۆژی بووە ھۆکاری ئاوەڵابوونەوەی دەرگاکانی زانستەمرۆڤیەکان بەرەو ڕووی زۆر چەمک و زاراوەی دەروونی، کە لە ھەمان کاتدا بوون بە ڕێگا خۆشکەر بۆ شرۆڤە و ڕاڤەکردنی زۆر دیاردەی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری و پەروەردەیی لە جیھانی ئەمرۆ و ڕابردوومان دا.
یەکێک لەو چەمکە گرنگانە بریتیە لە: " بنەمای تام و چێژ وەرگرتن و خۆ دوور خستنەوە لە ئێش و ئازارەکان"(مبداء اللژە و تجنب الڕلم). ھەرچەندە کە ئەم بنەمایە مێژوویەکی دێرینی لە ژیانی مرۆڤایەتی و شارستانیەتەکەی دا ھەیەتی، بەڵام فرۆید بووە ھۆکاری ئەوەی کە ئێمە لەو ڕاستیە تێبگەین کە ئەم بنەمایە یەکێکە لە پاڵنەر و بزوێنەرەکانی رەفتارە جیاوازەکانمان لە ھەڵوێستە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتیدا و لەگەڵ ئەوەشدا یەکێکە لە بنەماکانی گرنگی پرۆسێسەکانی پەروەردە و فێرکردن.
ئەو بنەمایە ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەفتارەکانی ئێمە بەرھەمی دوو فاکتەری سەرەکین: یان بە ھۆی ئەو تام و چێژەیە کە لە ئەنجامدانی کارێک و رەفتارێک وەردەگرین و ئەو ھەستە دەبێتە پاڵپشتێک بۆ دووبارە و سێ بارەبوونەوەی ئەو ڕەفتار و و ڕەفتارە ھاوشێوەکانی، و لە لایەکی تریشەوە و بە ھەمان شێواز ھەوڵدان بۆ خۆ دوورخستنەوە لە ئێش و ئازارەکانی کە لە ئەنجامی کار و ڕەفتارێک دیسانەوە پاڵنەرێکی بەھێزە بۆ ئەوەی مرۆڤ ( و تەنانەت گیانەوەرەکانیش) ئەو ڕەفتارە دووبارە نەکەن. کاتیک منداڵێک بە گوێبیستنی " ئافەرین! دەستخۆش!" و وەرگرتنی شوکڵاتێک یان ھەر جۆرە پاداشتێک تام و چێژ وەردەگرێ و بەدڵخۆشیەوە ئەو کارە دووبارە دەکاتن یان کاتێک لە ئەنجامی جوڵەیەک دەستی بە سۆپایەکی گەرم دەکەوێ و دەسوتێ و ژان دەکات ئەوە ئەو منداڵە جارێکی تر یان زۆر جاری تر لە سۆپا نزیک نابێتەوە، چونکە دەزانێ ئەو کارە واتە یەکسانە لەگەڵ ژان و ئێش و ئازار.
ئەم یاسایە لە بۆارەکانی تری ژیانیشدا دەکرێ بچەسپێ. ئەوەتا لە بنیاتنانی دەوڵەتی کوردستان، ئەگەر تاکی کوردستانی لە ڕوانگەی ئەم یاسایەوە تەماشە بکات، ئەوە دەبێتە پاڵنەرێکی بەھێز بۆ ئەوەی بە دڵسۆزی و ھەستکردن بە بەرپرسیارەتی مێژوویی و ئەخلاقی و مرۆڤی و نەتەوەیی، و بە بێی گۆێدان بە ھەر ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، بەرەو سندوقەکانی ھەڵبژارتن و ڕیفراندۆم بڕواتن بۆ دەنگدان لەسەر ئاییندەی خۆی و منداڵ و کەس و کاری و نەتەوەکانی کوردستان و نەوەکانی ئاییندەی.
ئەگەر تاکی کوردستانی بزانێ کە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان واتە ڕزگاربوونەوە لە زۆر مەینەتی و نەھامەتی و دەربەدەری و جینۆساید و ئەنفال و کیمیاباران و زیندەبەچاڵکرن و ... ھتد، و بەسەرھاتنی ڕۆژگاری چەوسانەوە و زۆرداری ڕژێمە فاشیستیەکان و نۆکەرانیان و جاش و خۆفرۆشان، و ھاوکاتە لەگەڵ گەیشتن بە لوتکەی ئازادی و یەکسانی و ئاشتی و ئاسایشی سایکۆلۆژی، و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، و ئاسایشی ئابووری، و ئاسایشی سیاسی. ئەو لەوە تێدەگات کە تام و چێژی ئەو ھەموو دەستکەوتانە و ھەستکردن بەو تام و چێژە لە ناخی دڵەوە، ھەم لە لای ئەو و ھەم ئەندامانی خێزانەکەی و تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستان، دەتوانێ بیگەێنێتە لوتکەی بەختەوەری و ڕێزلەخۆگرتن و بڕوابەخۆبوون، و ئەمانە ھەمووی بە پاڵنەرە گرنگەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵگا دەژمێردرێن، و بەپێچەوانەوە و بە زانینی ئەوەی کە بە نەبوونی " دەوڵەتی کوردستان" دەبێ ئەو تاکە و تاکەکانی تر کۆمەڵگای کوردستان، بەھەموو توێژ و چین و نەتەوە و مەزھەبەکانیەوە، بۆ دەھان و بگرە بۆ سەدان و ھزاران ساڵیتر لە ژێر مەترسی و ھەڕەشەی دوژمنان ڕۆژگار بەرنەسەر، و ھیچ گۆمانی تیایدا نیە تاک لە کۆمەڵگایەکەماندا بە شێوازێکی تر بڕیار دەدات. چونکە ئەو بە درێژایی ساڵانێکی زۆر لە باب و باپیرانیەوە گوێ بیستی ھەموو ئەو ئێش و ئازار و ئەشکەنجانە بووە کە لە سایەی ڕژێمە کۆلۆنیالیزمەکانی ناوچەکە بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی پێیان گەیشتووە. بیرھێنانی ئەم ئێش و ئازارە لە ڕووی سایکۆلۆژیەوە شتێکی کەم نیە، بەڵکۆ کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ڕەفتار و ھەڵسوکەوت و بڕیارەکانی دەبێ.
ئەم کاریگەرییە نەک تەنھا تایبەتە بە تاکی سادەی کۆمەڵگای کوردستانی، بەڵکۆ لەسەر ئاستی لایەن و پارتە سیاسیەکانیش ھەمان کاردانەوەیان ھەیە بە مەرجێک ئەو لایەن و پارتانە بەرامبەر بە ئێش و ئازارەکانی ئەم کۆمەڵگایە و مێژوویە خوێناویەکەی ھەستی بەرپرسیارەتیان ھەبێ. ئەگەر ئەوان خۆیان بەرامبەر بە مێژوو و ئەو خەڵکە و نەوەکانی داھاتوو بەرپرسیار بزانن و لە ئاستێکی ئاسایی و سروشتی سایکۆلۆژیدا بن، ئەوەتا بڕیاری دروست دەدەن، کە ئەو بڕیارەش قۆڵ ھەڵماڵین و بە پیر " بەدەوڵەتبوونی کوردستان" ڕۆیشتنە، چونکە ئەم ھەستە ھاوکاریان دەکات لە یاسا و بنەماکانی سایکۆلۆژیی ئەو پرۆسەیە تێبگەن. بەڵام ئەگەر بەرژەوەندییە تەسک و پارتایەتی و کەسایەتی لە نێو تەرازووی بڕیارەکانیان و ستراکتووری سایکۆلۆژی ئەو بڕیارانە دا گرانتر و قورستر بێ و لای ئەوان ژیانی ئێستا و ئاییندەی تاک و نەوەکانی کوردستان ھیچ بایەخێکیان نەبێ ، ئەوەتا بڕیارەکە دیارە. واتە ھەمان ئەو بڕیارە دەبێ کە ھەندێک لایەنی چەواشەکراو و فریودراوی کوردستانی ئەمڕۆمان لە ناخی دڵ و نێو مێشکە بۆگەنەکەیان دا پەروەردەی دەکەن و نیازیان وایە لە ماوەی نزیک دا جێبەجێی بکەن. بەڵام ئەوان زۆر لەوە سادەتر و کەمترن کە ڕێڕەوەی مێژوو بگۆڕن و ویست و ( ئیرادەی) نەتەوەکانی کوردستان و ھەڵومەرجی بابەتی و سیاسی و گشتیەکانی ناوچە و جیھان نادیدە بگرن. بڕیارەکان بەدەست گەلی کوردستانە نەک ئەوان.
*مامۆستای ئەکادیمی/پسپۆرێ زانستەکانی پێداگۆگی و سایکۆلۆژی/زانینگەی زاخۆ
Top