ئەرێ تو خۆا کورد مێشکی بۆ چیە؟
June 5, 2016
وتار و بیروڕا
ئەوەتا ئەمڕۆکە، دەبینین مرۆڤایەتی بە ھۆی ئەم ئالاڤ و کەرەستەیە خۆی پاراستووە. بەڵام ئەوەی لێرە دا دەمانەوێ باسی لێوە بکەین ئەوەیە کە ئایا ئێمەی کورد توانیومانە سوودی لێوەربگرین یان؟ ئەوەتا ئێمە بە درێژایی ھزاران ساڵی ڕابردوو باجی ئەو چەندە دەدەین و ئەو ڕاستیە لای کەس شاراوە نیە. بەڵام ئایا ئەو نەزانی و گێڵییە تاکەی؟
ئەوەتا لە گۆڕەپانی سیاسەت و کۆمەڵایەتی کوردستانی ئەمڕۆمان دوو بەرەی جیاواز لەو سۆنگەیەوە پەیدا بووە. بەرەیەک کە ھەستیان بەو ڕاستیە کردووە و ھەست دەکەن کە ئێمەی کوردستانی دەبێ ئەمرۆ ئەو مێشکەمان بەکاربێنین و داھێنانی پێبکەین، نەک بۆ دژایەتی و لەناوبردنی ئایین و مەزھەب و کەسان و نەتەوە و مرۆڤەکانیتر، بەڵکۆ بۆ خۆ پاراستنەوەمان لە ئەو لەناوچۆنەی کە ھەمیشە وەک تارماییەک سێبەرە ڕەشەکەی لە سەر سەرمان لا نەچووە. ئەو بەرەیە ئەو داھێنانە بۆ پاراستنی کوردستانیان لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی کوردستانی دا دەبینن تا بەھۆیەوە ئەو کوردستانیانە بحەسێنەوە و لە ناو نەچن، و وەک زۆر نەتەوەی تر کە ئێستا تەنھا ناویان لە مێژوو دەھێنرێتن نەبنە قۆربانی زۆرداران. ئەوان بە ھۆش و جۆش و خرۆشەوە بیر لە ڕابردوو، ھەموو نەھامەتیەکانی و ئەنفال و کێمیاباران و جینۆساید و کۆڕەوەکان بیر خۆیان دێنن، بۆیەش دەڵێن وەرن خەلکینە و کوردستانیەکان!! وەرن با ئێمەش ئەو ھەلە و دەرفەتە لە دەست نەدەین. پاراستنمان لەو داھێنانەدایە. ئێمە پەنجە و دڕکمان نیە بەڵام خۆ مێشکمان ھەیە!
بەڵام لەو دیوەوە کەسان و لایەن ھەن بۆڵەبۆِڵیانە و لەو نھێنییەی سروشت و ژیان نەگەیشتوون و یان نایانەوەێ خۆیان تێبگەینن و بەڵکۆ گێڵن! نازانین بۆ ئەوان چی بڵێین؟! ئەوان ئەو داھێنانەی سروشت بە ھەند وەرناگرن. پێیان وایە کاتی ئەوە نەھاتووە!! نازانین ئەوان لە حەسارەیەکی ترەوە ھاتوون و ئاگایان لە ڕاستی و سروشتی ژیانی سەر گۆی زەوی نیە یان چی لە مێشکیان دەگۆزەرێ بەس خۆیان و خۆای گەورە و میھرەبان دەزانن.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە بڵێن و پرسیاریان لێوە بکەین کە: ئایامێشکی ئێوە بۆ چی ئافرێنراوە؟ دەڵێی ئێوە تەنانەت وەک گۆِڵێک و گیایەک و گۆرگ و شێر و پشیلەیەکیش لە سروشت نەگەیشتوون کە ئەوھا ھەڵسوکەوت دەکەن؟ نابینن ئەوان چۆن خۆیان دەپارێزن؟ ئێوە ئەو داھێنانەتان بە خەیاڵدا نەھاتووە، دەبێ ئێمە لێتان بپرسین بۆچی؟ ئەی بۆچی ئەو مێشکەتان بۆ داھێنانی تری ھاوچەشنی تێکدان و شێواندن و ناوزڕاندن و ناتۆرە و ئاژاوەگێڕی و مەھانەدۆزینەوە زر ئازاییە؟ ئایا چونکە ئەوان لە بەرژەوەندییەکانی ئێوە نزیکە بەڵام داھێنانی " بەدەوڵەتبوون" دژی بەرژەوەندییەکانتانە؟ ئایا ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لە مرۆڤایەتی دەوەشێتن؟ ئایا ئێوە چیتان لە گۆرگ و پشیلە و زەڕافە و فیل و گۆڵێک کەمترە؟ ئایا ئەگەر ئەمڕۆ کار بە مێشکتان نەکەن و بۆ پاراستنی خۆتان و نەوەکان و ئاییندەتان سوودی لێوەر نەگرن، ئەی بەتەمانەن کەی ئەو کارە بکەن؟ ڕۆژی ( قیامەت)!!؟؟ ئایا ئەوە ئەو چەندە ناگەینێ کە یان ئەوەتا مێشکەکەی ئێوە لە کار کەوتووە و باش ئەرکە سروشتیەکەی خۆی ڕاناپەڕێنیتن یان دەبێ دان بەوە بنێن کە ئێوە مێشکتان لە کەڵە دا نیە؟ ئەگەر وەڵام " نە" بێ ئەی ئێوە مێشکتان بۆ کەیە و بۆ چیە؟؟!!
سروشت پێمان دەڵێ ئەگەر ئێمە نەتوانین سوود لەو لایەنە سروشتیەی مێشکمان وەرگرین دەبێ بە دەستی خۆمان پەیمانی لەناوبردنی خۆمان واژوو بکەین و ئەوە ھەمان ئەوەیە کە زۆر نەتەوەی تر کردیان بەڵام کورد توانیویەتی لە چەند قۆناغێکدا خۆی لەو لەناوچوونە بپارێزێتن و لەوانەیە شانس ھاوکاری کردبێ. بەڵام شاخەکان بێ بەش نەبوون و بەتایبەت ئەو کاتەی کە جەنگەکان بە دەست و بازوو و ئەسپ و شمشێر دەکرا. بەڵام ئایا ھەمیشە وا دەبێ ئێستا دوژمنان و داعشیان و نەحەزانمان چەکی وایان بەدەستەوەیە کە ھزاران کیلۆمەتر لە سەر زەوی دەڕوات و ئاسمانەکاندەبڕێ و دەگاتە لووتکەی ئاسمانەکان. ئێستا فڕۆکە جەنگیەکان و مانگە دەستکردەکان جەنگ دەکەن، ئیتر شاخە سەربڵندەکان ناتوانن ئێمە بپارێزن. ئێستا جەنگی ئەلکترۆنی لە ئارادایە، و شاخە خۆشەویستەکانمان چیتر ناتوانن وەک جاران بە ھانامانەوە بێن. ئەمڕۆ مان و نەمانمان بەدەست خۆمانە و مێشک گەورەترین کەرەستەیە بۆ ئەم چەندە. وەرن ! وەرن تا نەبووە درەنگ بڕیاری خۆتان بدەن.
*مامۆستای ئەکادیمی/پسپۆرێ زانستەکانی پێداگۆگی و سایکۆلۆژی/زانینگەی زاخۆ