بەغدا چەند بە بەختە!

بەغدا چەند بە بەختە!
ئەوەی بۆ حكوومەتی بەغدایێ هەڵكەوتووە، بۆ هیچ حكوومەتێكی سەر زەوی رێك نەكەوتووە، حكوومەتێك لەوپەڕی شەپڕێویدایەو چی لەدەستی هاتووە بە كوردستانی كردووە، لە هەرێمی كوردستانیش هەن سوێند بەسەری ئەو حكوومەتەی بەغدا دەخۆن.
وامدەزانی دەركردنی نوێنەرانی كورد رۆژی 30 ی نیسانی ئەمساڵ لە بەغدا، دەبێتە هۆیەك بۆ ئەوەی چیدی بە دوو چاوی جیاوازەوە سەیری بەغدا نەكەین، لێ زۆری نەبرد دیسان بەرژەوەندیی حزبی، چۆوە سەر ئەو قەوانەی چەند ساڵە لێدەدرێت كە ئەوەی بەسەر هەرێمی كوردستان هاتووە، خەتای هەولێرە نەك بەغدا، ئەو میدیایەی بەو شێوەیە كاردەكات، بیەوێ یان نەیەوێت، لەپەنای ئەو دەسكەوتەی بۆ حزب دەیچنێتەوە، خزمەتێكی باشی ئامانجی بەغداش دەكات، ئەمە رێك وەك ئەو قسەیەیە كە گوتویانە (تاجی –تاژی- بۆ ڕاوچی خۆی دەپسێنێ‌) چونكە ئەو جۆرە كار و ماندووبونەی ئەو تەرزە میدیاو حزبانە لە بەرژەوەندی بەغدا دەشكێتەوە.
لە بەرنامەی كەناڵێكی ئاسمانیدا، هەم ئامادەكار و هەم میوانی بەرنامەكە، لەوبارەیەوە، بە دوو قۆڵی بۆی دانیشتبوون، قسەیان لێكدی وەردەگرتەوە، ئامادەكاری بەرنامە ناوە ناوە، وەك ئەوەی سەركەبزۆتێك رەپێش بخات و ئاگرەكە خۆش بكات، دەیپرسی پارتی بۆ وادەكات، كابراش لێی وەردەگرتەوەو دەیگوت، شكستی پێكنەهێنانی حكوومەتی تەكنۆكرات لە بەغدا خەتای پارتییە، ئەمە لەكاتێكدایە حوكمڕانی لە عێڕاق بە ئاقارێكدا براوە، قەت ناتوانێت زەمینەی حكوومەتی تەكنۆكرات ئامادەبكات.
عێراق بەرەو زیاتر رۆچوون لە شەڕ و خوێنڕشتن چووە، ململانێی تایەفی هیچی بەسەر هیچەوە نەهێشتووە، كەچی ئۆباڵی تێكچوونی عێراق و ئەو حاڵەی حكوومەتی تێكەوتووە، دەیخەنە ئەستۆی كورد و لە نێو حزبەكانیش پارتی، لە هەمووی خۆشتر كابرای میوان كە ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بوو، دەیگوت سوپای عێراق سەركەوتنی باشی بەدەستهێناوە، ئامادەكار كە وابزانم دەماری سوننەگەرایی جوڵا، پێی گوت میلیشیای شیعە دەوریان لە سوپا زیاترە، میوانەكە گوتی نا ئێستا باشە ئەوە نەماوە.
سەیرە، هەموو هێزە سیاسی و میلیشیاكانی عێراق وێڕای لێك جیاوازییان، ئامادەنین بە پیتێكیش خزمەتی هەرێم بكەن، لە راستیدا ئەوان گوزارشت لە واقیعی خۆیان دەكەن، بەغدا بەپێی (نانت بۆ دەهەمبانێ دەنێم) مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات، هەمیشە هەڕەشەی كردووە تا وەخۆدێتەوەو دێتەوە سەر پێ، كەچی ئەوانەی لای خۆمان نایانەوێ وەخۆبێنەوە، خوانەخواستە كە هەڕەشەكانیش كاری خۆیان كرد، نازانم ئەودەم چ قسەیەك دەكەن؟!
Top