ھۆکارەکانی پشت سەردانەکەی بارزانی بۆ تەھران

ھۆکارەکانی پشت سەردانەکەی بارزانی بۆ تەھران
داوەتە زۆرەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران بۆ سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بێ ئەنجام نەبوون و دواجار سەرۆک مەسعود بارزانی رەزامەندبوو بۆ دیداری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەو وڵاتەی جیاواز لە وڵاتانی تری دراوسێ، فراوانترین سنووری لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە.

ئەگەرچی ساتەوەختی سەردانەکە دیار نییە، بەڵام ئەوەی دیارە ئەو مەلەفە قەبانەن کە بارزانی لەگەڵ خۆی دەیانباتە تەھران.

روونە لە نزیک بە بیست ساڵی رابردوو، پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئێران بەردەوام ناجێگیربوون و زۆرجار دژایەتی لەلایەن ئێران بۆ ھەرێمەکەمان ھەبووە، تا ئەو ئاساتەی لە زیاد بە دەساڵی رابردوو ئێران نەیتوانیووە ئەو دژایەتیە بشارێتەوە، ھەر بۆیە لە رێگای میدیاوە بەردەوام لە ھێرشکردن بۆ کوردستان و بەتایبەت لەسەر کەسایەتی بارزانی دەستی نەپاراستووە. گرنگترین خاڵی ئەم گەشتەی بارزانی کۆتایھێنان یان سنووردان بۆ ئەم دژایەتیە دەبێت.

پرسی سەربەخۆیی کوردستان کە ئێران راستەوخۆ کەوتۆتە دژایەتی کردنی، لە ئەولەویەتی سەردانەکە دەبێت، بەو پێیەی کە ئێران و وڵاتانی تریش ھەر جۆرە بەرەوپێشچوونێکی کوردستانیان بەمەترسی لەسەر خۆیان بینییووە، بەڵام چونکە پرۆسەی سەربەخۆی کوردستان ھەنگاوی گەورەی بۆ نراوە، دروست ئێستا کاتی یەکلایکردنەوەیەتی لەگەڵ ئێران، کە کورد ھەروەک چۆن مەترسی نەبووە بۆ سەر ئەمن وئاسایشی ھیچ وڵات و نەتەوەیەک، بێگومان سەربەخۆی کوردستانیش بۆ ئێران مەترسی نابێت.

پرسی نەوت و وزە و سامانەکانی تری کوردستان مەلەفێکی گەورەی دەستی سەرۆک دەبن لە ئێران، چونکە گەر سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەتی کوردستان بە درێژایی دە ساڵی رابردوو لەسەر نەوت و وزە گفتوگۆی لەگەڵ چەندان وڵاتی گرنگی ئەوروپاو ئەمریکا و روسیا و تورکیاو وڵاتانی تر کردبێت، لەو پێناوەی ھەروەک چۆن کوردستان لە نەخشەی نەوت و وزەی جیھان جێگای بایەخە، دەبێت پێگە سیاسیەکەشی ھاوشێوەی ئەو پێگەیە بێت. بەواتایەکی تر بارزانی ھاوشێوەی سەردانە گرنگەکانی تری بۆ وڵاتانی دونیا، بەگرنگییەوە ئەم پرسەش لەگەڵ ئێران بەکۆتا دێنێت.

رەنگە ئەمانە گرنگترین مەلەفەکانی شاندنی کوردستان، بە سەرۆکایەتی بارزانی بن بۆ ئێران، بەڵام لەبیریشمان نەچێت لەم دۆخەدا کە دونیا پشتیوانی لەکورد دەکات و بۆ شەری داعش زیاد لە شەست دەوڵەت لەھەولێرن، بەسەردانی سەرۆک بارزانی بۆ تەھران، ئێران دەرگایەکی گەورە بەسەر خۆی دا دەکاتەوە. ئەو دەرگایەی دەبوایە تەھران لەگەڵ شەری داعش زیرەکانە بەسەرخۆیدا بیکاتەوە.
Top