ئایە نەوشیروان بەئامانجی خۆی دەگات لەم رێککەوتنە؟!!

ئایە نەوشیروان بەئامانجی خۆی دەگات لەم رێککەوتنە؟!!
ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان یەکێتی و گۆڕان واژوو کراوە جێگای سەرسورمان نەبوو بۆ شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان, چونکە پێشتر کاری بووی کرابوو, بەتایبەتیش دوای چونی نەوشیروان موستەفا ڕێکخەری گشتی بزۆتنەوە گۆڕان بو دەرەوەی ھەرێم. نەوشێروان ھەموو توانای خۆی خستە گەر بۆ بەدیھێنانی ئەو رێککەوتنە. چونکە ئەو رێککەوتنە لەبەرژەوندی بزۆتنەوی گۆڕانە بەشێوەیەکی گشتی و بەرژەوەندی نەوشێروان مستەفایە بەتایبەتی. لەبەر ئەوەی نەوشێروان مستەفا گەییشتە ئەو بڕوایەی کە داھاتووی سیاسی لە مەترسیدایە بەتایبەت دوای ئەو رووداوانەی دوایی کە لەسلێمانی روویاندا بەبڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگیانەی کە پارتی بڵاوی کردنەوە لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیدا لە سەر نەوشێروان مستەفا. و لێدوانی ھەندیک لەبەرپرسانی پارتی کە ئەوان بەتەمای ئەوە بوون ئەو بەڵگانە پێشکەشی دادگا بکەن. بەرای من ئەوانە ھۆکاری سەرەکیبوون بۆ بەستنی ئەم رێککەوتنە لە گەڵ یەکێتی. و ھەروەھا نزیک بوونەوەی وادەی ئاڵۆگورکردنی دەسەڵات لە نێوان ھەردوو لادا لە سلێمانی کە گۆڕان باش دەزانێت کە یەکێتی پارێزگای سلێمانی پێ نادەت کە ئەمەش گۆڕان توشی ئحراجێکی زۆر دەکات بەرامبەر ئەندام و لایەنگرانی خۆی. بۆیە ئەو رێککەوتنەی ئەنجامدا تا خۆی ڕزگار بکات لەم ئحراجیە و لەلایەکی ترەوە لەناو یەکێتی باڵی ھێرو ئیبراھیم احمد زۆر پَیان خۆشە بەو رێککەوتنە چونکە خاتو ھێرو دەیەوێت باڵی خۆی بەھێزبکات لە ناو یەکێتی و نەوشێروان مستەفا لەدژی باڵی کوسرەت رەسول بەتایبەتی لەدوای ئەو لێدوانانەی دوایی کە لە دژی یەکتریان دەدا.
بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە کایەوە. ئایا تا چەند ھەر یەک لە نەوشێروان و ھێرو دەتوانن سەرکەوتووبن بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانیان لەم ریککەوتنە؟ رێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە لەدوای واژووکردنی؟ بەبوچونی من زۆر قورسە ئەو رێککەوتنە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە تەنانەت ئەگەر لەدوای وژوکردنیش بێت, لەبەر ئەم ھۆیانەی خوارەوە:
یەکەم: چونکە لەناو رێککەوتنەکەدا ھەندێک بەند ھەن لەسەر ئەرزی واقیع قابلی قبول نین, وەک ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لەپەرلەمانەوە, و ناساندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکەر. چونکە پارتی بێداگیری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەوە مافەو مافی گەلە کە بریار بدات سەرۆک لە لای پەرلەمانەو بێتە ھەڵبژاردن یان لە لای گەلەوە نەک مافی پەرلەمان. و لەھەمان کات بوونی ئەو بڕگەیە کە دەڵێت مافی ھیچ لایەنێک نیە رێککەوتنیک واژو بکات لەگەڵ لایەنێکی تر کەپێچەوانەی بڕگەکانی ئەو رێککەوتنەبێت. بەراستی ئەو بڕگەیە یەکێتی زۆر بچووکدەکاتەو, چونکە یەکێتی وەک ھێزیکی گەورە لە کوردستان و خاوەنی جەماورێکی زۆرو نفوزێکی بەھێزە لە ناوەوەو دەرەوی ھەرێم نابێت بەوە رازی بێت.
دووەم: ئەو ئاڵۆزییانەی کە لە ناو یەکێتی دا ھەن رێگە بەوە نادەن ئەو رێککەوتنە ئامانجەکانی بێنێتە دی. ھەروەھا زۆر کەس ھەن لەناو یەکێتی خۆشحاڵ نین بەو نزیک بوونە یان بۆ گەڕانەوەی نەوشێروان بۆ ناو یەکیتی.
سێیەم: پێویستە بزانین کە لەناو خودی گۆڕان ھەندێک دەنگ ھەن کە لە یەکێتی جیا نەبوونەتەوە. و ئەوان گۆڕان خوازن وە دەیانەوێت گۆڕانکاری بکەن. بۆیە لەدوای واژووکرنی ئەم رێککەوتنە ئەوان دەگەرێنەوە بۆ خالی سفر دەبێت قوربانی دەستبەردانی ئەو ھەموو درۆشمانە بن کەدەیان گوت لە پێناو گۆڕانخوازی.
بۆیە.. بە بووچونی من, تاکە کەس و لایەنی سوودمەند لەو رێککەوتنە بزووتنەوەی گۆڕانە و بەتایبەتی خۆدی نەوشێروان مستەفا. چونکە بزووتنەوەی گۆڕان لەقۆناخێکی سیاسی سەخت تێپەر دەبێت وە دەیەوێت خۆی لەم قۆناخە رزگار بکات بەو رێککەوتنەو نزیکبوونەی لە یەکێتی. و تاکە کەسی سوودمەندیش لە لای یەکێتی یەوە ھێرو ئیبراھیمە کە دەیەوێت باڵەکەی بەھێز بکات بە نوشێروان مستەفا. و ئەم رێککەوتنە لە رۆی جوگرافیاوە لەبازنەی سلێمانی تێپەر نابێت. و لەھەمان کات دا سلێمانی ڕزگار دەبێت لە ململانێ سیاسی لە نێوان ھەردوولا. بەڵام لەرۆی سیاسیەوە کاریگەرییەکی نەرێنی دەبێت لە سەر ھەرێمی کوردستان و دەبێتە ھۆیەک بۆ قۆلکردنی ناکووکیەکان لە نێوان لایەنە سیاسیە ناکوکەکان. چونکە ئەو رێککەوتنە ئەنجامیانداوە بۆ یەکرێزی ناو یەکێتی و گۆڕان دژی پارتی و ئەو پروژە ئیستراتیژیانەی کە پارتی دەیەوێت بەدی بینێت بۆ کوردستانی عیراق.
Top