داگیركردنی چەندسەت ساڵەی كوردستان بوو بە هۆی ئەوەی متمانەبەخۆبوون لە ناخی ئینسانی كورددا كاڵ ببێتەوە و ئەوی تر لەخۆی باشتر بزانیت.

داگیركردنی چەندسەت ساڵەی كوردستان بوو بە هۆی ئەوەی متمانەبەخۆبوون لە ناخی ئینسانی كورددا كاڵ ببێتەوە و ئەوی تر لەخۆی باشتر بزانیت.
شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەی داگیركار بۆ ئەوە بوو متمانەبەخۆبوون بە تەواوەتی نەمرێت و كورد بتوانێ لەگەڵ بوونی فەرهەنگ و حوكمی نەتەوە باڵادەستەكان بەرگری لە ناسنامەی بكات. ئێستا كورد لە جۆرێكی تری غیابی متمانەدا دەژیێت كە ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانە بە خۆی.
حزب و گرووپە سیاسییە كوردییەكان لەبری دروستكردنی هاودەنگی و ڕوئیایەكی ستراتیژی هاوبەش بە ڕەفتاری نابەرپرسیارەیان بوونە هۆی نەمانی متمانە بە یەكتر. تەنانەت لەناو بەشێكی زۆری حزبەكان نەبوونی متمانە بە یەكتر قووڵ و ترسناكە و دەگاتە ڕادەی تێكبەربوون و یەكتر شكاندن. جاران بە گوللە و خۆسەپاندن یەكتریان هەڵدەدڕاند، ئێستا هەر كامەی بۆ خۆی میدیا و دەزگەی بڵاوكردنەوەی درودەلەسەی هەیە، لەیەكتر دەخوێنن و بێ متمانەییەكان قووڵتر دەكەنەوە.
بێ متمانەیی و بڕوابەخۆنەبوون كێشەی زۆری لەگەڵ شانازی و دەستكەوت و داهێنان هەیە. نەفەسی بێ متمانە گاڵتەی بە سەركەوتن و قوربانیدان دێت، هیچ ئەرزشێك بۆ فیداكاری و خۆبەختكردن و بەخشندەییدا نانێت. بڕوابەخۆنەبوون و بێ متمانەیی حەزی لە بێ بەهایی و سەرگه‌ردانییە.

زكری مووسا
Top