بۆ بەرێز ئەحمەد تورک ، بارزانی بەم جۆرە دێتەوە سەرخەت چاودێرێک

بۆ بەرێز ئەحمەد تورک ، بارزانی بەم جۆرە دێتەوە سەرخەت چاودێرێک
پێدەچێت فشارەکانی وەستاندنی شەڕ و گەڕانەوە بۆ مێزی دانوستاندنی پرۆسەی ئاشتی تورکیا و پەکەکە، بەجۆرێک بێت، ئەوانەی ئینکاریان لەرۆڵی باشووری کورستان لە ئاشتی تورکیا دەکرد و پێیان وابوو بەشەڕِ کۆتایی بە ھەمووشتێک دێنن، ئەمجارەش کەوتوونەتە پەلەقاژە بۆ باشووری کوردستان و بەتایبەت مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.

ئەوەتا بەرێز ئەحمەد تورک سیاسەتمەداری دیاری باکووری کوردستانیش لە میدیاکانەوە داوا لە سەرۆک بارزانی دەکات، جارێکی تر داخلی پرۆسەی ئاشتی تورکیاو پەکەکە، ببێتەوە و خۆی گوتەنی بێتەوە سەرخەت.

ئەوەی شاراوە نییە، بەرێز تورک خۆی لە ھەمووکەس باشتر دەزانێت و دەتوانی شاھیدیش بدات، کە سەرۆک بارزانی چ رۆڵێکی کاراو راستگۆیانەی ھەبووە لە وەستاندنی ئەو ھەموو خوێنەی باکووری کوردستانی ھاڕی، چونکە خۆی لە نزیکەوە شاھیدێکی زۆربەی ئەو ھەوڵانە بووە کە بارزانی بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە باکووری کوردستان ناویەتی.

بەدرێژایی ٢٥ ساڵی رابردوو سەرۆک بارزانی چ پێش سەرۆکایەتی ھەرێم و چ لە پێگەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، ھەموو ھەوڵێکی بۆ ئاشتی و تەبایی باکووری کوردستان بووە، تا ئەو جێگایەی لە ھەر کۆیەک قسەیەکی خێر بۆ باکووری کوردستان کرابێت، یان بارزانی خۆی بووە یان بە ئاگاداری و راوێژی ئەو بووە.

بەڵام ئەوە پەکەکە بوو لە کۆتایی بەھاری پارەوە گری بەردایە خەرمانی پرۆسەی ئاشتی و شۆڤێنیە تورکەکانی وروژاندن و بەھەردوولایان باکووری کوردستانیان خەڵتانی خوێن کرد.

بەلای سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە ھیچ کات شەڕ خێری تێدانەبووە و راشکاوانە بە پەکەکە و سیاسییەکانی باکووری وتووە، پەنا بۆ شەڕ نەبرێت، چونکە شەڕ تەنھا بەناچاری و بۆ خۆپاراستن دەبێت.

ئەو دەنگانەی داوای بەھانەوە ھاتنی بارزانی بۆ گەرانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی دەکەن، بەتایبەتیش بەرێز ئەحمەد تورک دەبێت بزانن، بارزانی راشکاوە لە سیاسەتدا و ناچێتە ناو ھیچ پرۆسەیەک ئەگەر زەمینەسازی پێش وەختەی نەبێت و چاوەروانی ئەنجامێکی باشی لێنەکرێت.

بەکورتیەکەی سەرۆک بۆ خێری کورد لە ھەرکۆی بێت ئامادەیە، بەڵام بەو مەرجەی ئەو دەستانەی باکووری کوردستانیان بۆ خوێن و شەڕ گەڕاندەوە، مراجەعەیەکی عەقڵانەی خۆیان بکەن.
Top