بەرەی سلێمانی، یان کوردستانی؟
April 20, 2016
وتار و بیروڕا

لەو نێوەدا کورد نابێ ببێتە سووتەمەنیی ئەو شەڕە. سەرەڕای شەڕی سەپاوی تیرۆریستان و قەیرانی دارایی و بڕینی بودجەی کوردستان لە لایەن بەغدا و هاتنی نزیکەی دووملیۆن ئاوارە و پەناخواز، کوردستان بە خۆڕاگریی مایەوە و هەنگاوی زیاترییش چووەپێش. پێشمەرگە بووە سیمبولی ئازایەتی و دوژمنێکی تێکشکاند کە هەموو جیهان لێی دەترسێ. لە ڕووی دیپلۆماسییەوە پێگەی کوردستان باڵاتر بووە، پشتیوانیی فراوان لە خواست و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان دەکرێت و دەرفەتی زێڕین بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ خەڵکی کوردستان هاتۆتە ئارا. بەڵام بە داخەوە پێدەچێ تەنانەت ئەو پێشکەوتن و دەرفەتە زێڕینەش، بیری هەندێ سیاسەتکاری کورتبینی وڵاتەکەمانی نەگۆڕیبێت و لە بازنەی داخراوی کۆنە قین ڕزگاری نەکردبن.
هەواڵەکان باس لە هاتنە ئارای پڕۆژەیەکی نوێ دەکەن، پڕۆژەی (بەرەی سلێمانی). بیرۆکە و پلانی ئەو پڕۆژەیە لە نامەیەکی بەڕێز نەوشیروان مستەفا بۆ باڵەکانی یەکێتی، بەرجەستە بووە. بە گوێرەی پڕۆژەکە، داوا لە کاک کۆسرەت و هێرۆخان کراوە هەرچی ناکۆکیی نێوانیان هەیە وەلای بنێن و لە دەوری نەوشیروان مستەفا کۆ بننەوە و دواتر لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامیی و "گرووپی سلێمانییەکان"ـی ناو یەکگرتووی ئیسلامییش ڕێکبکەون بۆ ئەوەی (بەرەی سلێمانی) لە دژی ئەوەی لە بیری خاوەنی پڕۆژەکەدا بە "هەژموونی بارزانی و پارتی لەسەر سیاسەتی ئێستا و داهاتووی کوردستان" ناسراوە، پێک بهێنن.
بیرۆکەی ئەو پڕۆژەیە لە پاشخانێکی کورتبین و شکستخواردووەوە سەرچاوە دەگرێت. سەربەخۆیی کوردستان پڕۆژەیەکە لە خزمەتی تاک تاکی گەلی کوردستاندایە و "دەوڵەتی بارزانی" نییە وەک ئەوان بانگەشەی بۆ دەکەن و وزەیان بۆ دژایەتییەکەی تەرخان دەکەن. بۆیە بە دڵنیاییەوە بەرەی لۆکاڵی و بیری ناوچەگەرایی لەلای خەڵکی کوردستانیش ڕەت دەکرێتەوە، چونکە ئەو هەوڵە کاتێک هاتۆتە ئارا کە گەلەکەمان چاوەڕێی ئەوەیە یەکهەڵوێستیی فراکسیۆنەکانی کوردستان لە بەغدا زیاتر قووڵ بێتەوە و ببێتە یەکهەڵوێستی لە دەوری پڕۆژەی سەربەخۆیی. دڵخۆشیی خەڵک بە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ١٦ـی٤ـی٢٠١٦ و پشتیوانییکردنی هەردوولا لە ڕیفراندۆم، ئاماژەیەکی ڕوونە کە گەلی کوردستان لەگەڵ سەربەخۆیی و پێشکەوتندان و هیچ هەوڵێکی ناوخۆیی و دەرەکی ناتوانێ ڕێ لەو ئامانجە بگرێت. ئیدی تەنانەت ئەگەر دەوڵەتانی دراوسێ بە خۆیان و سێبەرەکانیانەوە هەموو توانایان بۆ دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم سەربەخۆیی و پێشکەوتنی کوردستان بخەنەگەڕ، هەوڵەکان نەزۆک دەبن. خەڵکی کوردستان لە دووبەرەکی و ژیان لەناو دەوڵەتی فاشیلدا ماندوو بووە و دەیەوێ ئازاد بێت، بۆیە کاروانی سەربەخۆیی دەگاتە مەنزڵ.