خۆتان لەگەڵ سەربەخۆییمان ڕابێنن!

خۆتان لەگەڵ سەربەخۆییمان ڕابێنن!
هاودەنگ فاروق
سەرۆك بارزانی دەیەوێت ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر هاوكاری و پێكەوەژیان گەلانی ناوچەكە جارێكی دی بنیات بنرێتەوە.
كورد میللەتێكی بێ دەوڵەتە لەم ناوچەیەدا لە شەڕو ئاشتیشدا سەلماندویەتی پارێزگاری لە خۆی كردوەو هەر دەشمێنێ، بۆیە لە پێناوی پێكەوەژیان و سەقامگیریی سیاسیی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە گەلانی عەرەب و فارس و تورك خۆیان لەگەڵ كوردستانی سەربەخۆ ڕابێنن، چونكە كولتووری ئاشتی و یەكترقەبووڵكردن لە سەر زەمینی شۆڤێنیەت و كاولكردن و قین و ناحەزی دروست نابێ، ئاشتی و پێكەوەژیانی دراوسێییەتیی باش بۆ گەلانی ناوچەكە بە داننان بە یەكتر دێتە ئاراوە، بۆیە بە ڕەوابوونی مافی گەلی كوردستان بۆ ئایندەیەكی گەش و ئارام لە ناوچەكەدا پێویستییەكی مێژووییە.
گەیشتن بە سەربەخۆیی دەستكەوتێكی مەزنی گەلی كوردستانە، نابێ هیچ كەسێكی كوردو غەیرە كورد جەسارەتی ئەوەی هەبێ بە خەڵكی كوردستان بڵێ هەنگاوی بەرەوسەربەخۆییتان هێواش كەنەوەوە یا بوەستن.
گەلی كوردستان خاوەنی مێژوو و زمان و خاك و كەلتووری جیاوازو تەجروبەی 24 ساڵی حكومڕانییەو میللەتێك لە سایەیدا ژیاوە، خاوەنی هێزێكی گیانفیدایە بەناوی پێشمەرگە، ئەمانە بنەمایەكن بۆ متمانەبەخۆبوونی گەل و سەركردایەتییەكەی بە حكومڕانییەتی وڵاتێكی سەربەخۆ.
ئەگەر چی فاشیستبوون هێشتا لە ویژدانی حكومڕانانی میللەتەسەردەستەكانی ناوچەكەدا گەرای هەر ماوە و رەگ و پنجی بنەبڕ نەكراوە و هەر جارەو بە جۆرێك و بە بیانوویەك سەرهەڵدەداتەوە، بۆیە پێویستە وریا بین و
سیاسیەكانیشمان قەدر و نرخی فیداكاریی گەلەكەیان بزانن.

دەبێ كورد بە بیر دونیای بێنێتەوە كە لەم ناوچەیەدا كارەساتێكی گەورەی مێژوویی ڕوویداوە، ئێمەش وەك ئیرانیەك، عەرەبێك توركێك و ئەوروپییەك ماڵمان هەیە خاكمان هەیە، دەبێ لەم ناوچەیەی ئێمەشدا دادپەروەری بچەسپێ، نابێ بترسین، خۆ بەترسەوە سەرقاڵكردن، تەنها كات بەفیڕۆدانە، ئەوپەڕی دیماگۆجیەتە كەسانێكی سیاسی ئیدیعای ئەوە بكەن كە میللەتەكەمان سەربەخۆخواز نییە یا بارودۆخ لە بار نییە، ئەمە خۆڵكردنە چاوی خەڵكە، بارودۆخ لەمەی هەیە لە بارتر نابێ، لە ڕاستیدا هەر كەسێك بەم ئاڕاستەیەوە بدوێ بە دژی خواستی گەل لەقەڵەم دەدرێ، شەرم و شوورەییە بۆ ڕاگرتنی دڵی ئەم پایتەخت و ئەو حاكمی پایتەختەكەی دی، بە زمانی شیرین و ڕواڵەتكارانە ریاكاریی بكەیت و لە بەرامبەر گەلەكەی خۆشتدا بە زمانێكی قین و ڕقنانەوە قسەی گشتی بكەیت.بۆ گەوجاندنی عەوام هەموو شتێك بڵیت و هیچیش نەڵێیت! تەنها بۆ ئەوەی خۆت لە هەقیقەت و بەرپرسیارێتی بدزیتەوەو بەرژەوەندییە شەخسی و حزبییەكەت لە كۆنە هەوارانی پایتەختەكانی جیراندا بپارێزیت! بۆ ئەوەی ڕاستییەكان بە موزایەدە و بە لاڕێدابردنی سیاسیدا ببەیت.!! ڕاستییەكی حاشا هەڵنەگر هەیە ئەویش، ڕژێمە ستەمكارەكانی ناوچەكە چیتر ناتوانن لە داڕشتنەوەی نەخشەی جیوسیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كورد پەراوێز بخەن و فێڕێیدەنە دەرەوەی مێژوو.
Top