شێر لە لانە بێتە دەر چ نێر بێت چ مێ

شێر لە لانە بێتە دەر چ نێر بێت چ مێ
سەیر نییە ئەگەر ڕۆژێک تێپەڕ بێت بەسەر بۆنەکەدا ئینجا لەسەری بنووسم، لەبەر ئەوەی من ٨ی مارسم ناوێت بە تەنھا، من ٣٦٤ ڕۆژەکەی ترم دەوێت
ئەگەر جیاوازی نییە لە نێوان پیاو و ئافرەتدا و ھەموو مافێکی ھەیە؟ ئەی کەواتە بۆ لە جەژنیشدا یەکسان نەبین ؟
پیاوانیش مافیانە داوای ڕۆژێک بکەن بۆ جەژنی پیاوان.
بەڵام خۆ ھەر ژنە بە ھەموو جۆرێک چەوساوەیە، بۆیە جەژنی بۆ دەکەن.
پیاو جەژنی ناوێت، منیش نامەوێت.
کە من ڕۆژانە خواردن دروست بکەم و جل بشۆم و مناڵ پێبگەیەنم و ماڵ خاوێن بکەمەوە کەواتە لە ساڵێکدا یەک ڕۆژ کەمە
لە ٣٦٥ ڕۆژ یەک ڕۆژم ناوێت من ٣٦٤ ڕۆژم دەوێت و یەک ڕۆژەکەی تر بۆ ئەوانەی کە ھاوار دەکەن و داوای مافی ئافرەتان دەکەن.
مافی ئافرەت بە ھاوار بە دەست ناھێنرێت و بە یەک ڕۆژ جەژنیش یاد ناکرێتەوە.
ئافرەت یەک ڕۆژی ناوێت ئافرەت ٣٦٤ ڕۆژی دەوێت کە دوو بۆرە زەلامی بێ رەووشت بوو بە شەڕیان جنێوکانیان بۆ ئەو نەنێرن کە دایک و خوشکیانە.
ئافرەت ٣٦٤ ڕۆژی دەوێت کە پێی نەڵێن مەکە شەرمە لە کاتێکدا بۆ براکەی و باوکی و ھەموو پیاوی خانەوادەکەی شەرم نەبێت
ئافرەت ٣٦٤ ڕۆژی دەوێت کە تەنیا نەبێت لە ھەموو ئیش و کاری ناو ماڵ و شەونوخونی بەدیار مناڵەوە
ئافرەت ٣٦٤ ڕۆژی دەوێت کە بڕوات سەردانی ماڵی باوکی بکات بێ پرس و ترس
ئافرەت ٣٦٤ ڕۆژی دەوێت کە سەرکووت نەکرێت تەنھا لەبەر ئەوەی ڕەگەزەکەی جیاوازە و بەراورد بکرێت لەگەڵ شیرینی و داپۆشرێت نەوەک مێش لێێ بنیشێت
ئافرەت ٣٦٤ ڕۆژی دەوێت کە لە ھەر بۆنەیەکدا دانیشت لە سەدا نەوەد و پێنجی پێاو نەبێت ھەرچەندە بۆنەکە یاد کردنەوەی ڕۆژی ئافرەتانیش بێت
ھەروەھا ئافرەت ٣٦٤ ڕۆژی دەوێت لێی نەدرێت ، بە کەم سەیر نەکرێت، ھەڵگری باری شەرەفی ھەموو خانەوادەکەی نەبێت، بۆی ھەبێت بڕیار بدات، ، ژنی بەسەر نەیەت و زۆریتریش لە مافە زەودکراوەکانی.
ئەوانەی ھاوار دەکەن و بەراوردی کۆمەڵگە دەکەن بە ووڵاتە پێشکەوتووەکان دەبێت بزانن ڕۆڵی ئافرەت لەو ووڵاتانەدا چەند بە بایەخە ، دەبێت بزانن ئافرەت لەو ووڵاتانەدا شتێکی جودا نییە لە پیاو جگەلە ڕەگەزەکەی ، پێشکەوتنی ئافرەتە کۆمەڵگە پێشدەخات.
من ٨ی مارسم ناوێت ٣٦٤ ڕۆژەکەی ترم دەوێت





ئاڤان باراوی – ئەڵمانیا
Top