ئەو دایکە شێرەیی لە نزیک باڵەخانەی پارێزگایی ھەولێر شەھید کرا ... شەھید (خەجە باوە ) لە ئازادکردنی شاری ھەولێر ١١/ ٣/ ١٩٩١

ئەو دایکە شێرەیی لە نزیک باڵەخانەی پارێزگایی ھەولێر شەھید کرا ...  شەھید (خەجە باوە ) لە ئازادکردنی شاری ھەولێر ١١/ ٣/ ١٩٩١
محەمەد تۆفیق بالیسانی
کەمنین ئەو دایکە شەھیدانەی ڕۆڵیان ھەبوو لە دروستکردن و زیندووکردنەوەی ئەو شۆڕشانەی کە بزوێنەر و بزاوتی کورد بوون، ئەو دایکانە ھەر کاتێک بوون بە پێشمەرگە، یان بە نەھێنی ھاوکاری پێشمەرگەیان دەکرد، یان لە شاخ و دەشت و دۆڵەکان لە گەڵ برا پێشمەرگەکان دەبوون، واتە ڕۆلی ئافرەت و ژنی کورد ھیچی کەمتر نیە لە برا پێشمەرگەکانیان، خەڵکی کوردستان ھەر لە کۆنەوە تامەزرۆی ژیانێک بوو, خەونی بە ئازادی و سەربەخۆیی دەبینیی, بۆیە ھەموو گەلی کورد ئاواتیان ئەوە بوو ڕۆژێک بێت لە ژێر دەستی ڕژێمە دڕندەکەی بەغدا ڕزگاری بێت, چونکە ھەموو ئەو کاروکردەوانەی حکومەتی بەغدا بەرامبەر ھاونیشتیمانیانی وڵاتەکەی دەیکرد، بە زەبری ھێزی داپلۆسێنەری دەوڵەتەوە ھەوڵی توانەوەی کورد و نەتەوەکانی تریان لە چوارچێوەی نیشتمانێکی عەرەبی دەستکرد دەدا، ئەو گەلە ستەملێکراوە لە ساڵی ١٩٩١ ئاواتەکانی تا ڕادەیەک دەستەبەر کردو لەژێر دەستی بەغدا ڕزگاری بوو, ئەویش گەلی کوردستان بە ھەموو شێوەیەک بە پیرو گەنج و ژن و منداڵ ھەموو بە یەک دەنگ و دەست، زۆر بە ئازایانەوە ڕووبەڕوی ڕژێمی بەغدا بوونەوە, یەکێک لەو دایکە شێرەی کە ھەموو کورد پێوەیی سەربەرزە شەھید(خەجیجە حمد باوە)یە کە ناسراوە بە (خەجە باوە)، ئەم شەھیدە شێرە لە ساڵی ١٩٣٧ لە گوندی مەلا قەرە سەر بە پارێزگای ھەولێر چاوی بە دونیا ھەڵھێناوە، لە ناو خێزانێکی کورد پەروەر ژیاوە، نەھامەتیەکی زۆری لە ژیاندا دیوە، ئاواتی سەربەخۆی کورد بووە، ئەم دایکە شەھیدە ھیچ جیاوەزیەکی نەبوو لە گەڵ پیاوان، بە بەردەوام لە دیوەخانەکان لە ڕێزی پیاوان دەبوو، چونکە باس وخواستی ئەو شێرە ژنە دەربارەی پێشمەرگە بوو، بە ھەموو شێوەیەک یارمەتی پێشمەرگەی داوە، بە ھەر شێوەیەک بێت خۆی دەگایندە ناو پێشمەرگە و بریندارەکانی دەھێناوە و تیماری دەکردن، یان دەرمان و جلوبەرگی بۆ دەبردن، ئەو دایکە شێرە پێش ڕاپەرینی ئازاری ساڵی ١٩٩١ خاوەنی چوار برای شەھید بوو بە ناوی(قاسم، یونس، فاروق، دھام)ئەم شەھیدانە گیانی خۆیان فیدای کوردستان کرد، بۆیە شەھید (خەجە باوە) زیاتر دڵ گەرمتر بوو لە سەر ئەو ھەستە نەتەوایەتیەی کە ھەیبوو، بڕیاری ئەوەی دابوو کە خۆی دەبێت شەھید بێت، بێگومان ئەو کردەوانەی کە ئەم شەھیدە قارەمانە دەیکرد بە یارمەتی ھاوسەری ژیانی بوو، بە ناوی(عوسمان مەحەمەد حمدامین)کە ناسراوە بە عوسمان دیبەگەیی، شەھید(خەجە باوە)ڕۆژێک پێش شەھید بوونی و ئازاد کردنی شاری ھەولێر، واتە لە ١٠/٣/١٩٩١ ھەواڵی بە کچە گەورەکەی گەیاند لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە ناوی (فریدە) کە ئەو کاتیش کچە گەورەکەی خاوەنی ھاوسەری خۆی بوو، پێی ووتبوو کچە گەورەکەم جلی ڕەش فڕێ بدە و باوی نەما جلوبەرگێک بپۆشە دوور بێت لەو جلوبەرگە خەماویەی تۆ پۆشیوتە، چونکە ئەمڕۆ ڕۆژ ڕۆژی ئێمەیە و تۆڵەی برایەکانم و ھەموو ئەو ستەمانە دەکەینەوە کە لە ئێمەی کورد کراوە، پۆشینی جلوبەرگی ڕەش بە ھۆی شھید بوونی (دھام )ی برای (خەجە باوە) بوو، کە لە ساڵی ١٩٨٨ شەھید ببوو، ئەو دایکە شێرە لە ١١ ی ئازاری ١٩٩١ ماڵیان لە گەڕەکی برایەتی بوو، بۆیە سەر لە بەیانی ھەمان ڕۆژ داوای لە ھاوسەر و منداڵەکانی کرد، کە لە ماڵ بێنە دەرەوە و بەرەو ئەو فەرمانگە حزبیانەی بەعس بچن کە خەڵکیان ئازار دەدا، ئەو منداڵانەی لە گەڵ شەھید خەجە باوە دابوون کە بچن ڕوبەڕوی بەعسیەکان ببنەوە، بە ناوەکانی (ھێرۆ، جیھان، بارزان)ەوە بوو، لە گەڵ ھاوسەرەکەی عپمان دیبەگەیی، کاتی بەڕێ کەوتبوون بە دروشمی گەورە و بە یەک دەنگ ھاواریان دەکرد، (بژی پێشمەرگە)،( بڕوخێ سەدام) ھەموو ئەو دروشمانەیان دەگوت کە دژی (سەدام حسێن)ی سەرۆکی پێشوی عێراق بوو، لە گەڵ ڕۆیشتنیان بۆ جاری یەکەم گەیشتبوونە کۆمەڵە جاشێک، یەکێک لە جاشەکانی چەک کرد بوو، چەکەکەی لە جاشەکە وەرگرتبوو، داواشی لە جاشەکان کردبوو بە گەڵی بکەون، بۆیە لە کاتی گەیشتنیان بە ھۆلی زەرد شەھید (خەجە باوە) بە سوکی گولەیەک بە دەستی دەکەوێت و بریندار دەبێت، ھەر ئەو کات خۆی برین پێچ دەکات، لە لایەن ھاوسەرەکەی داوای لێ دەکرێت بگەڕێتەوە، بەڵام ئەو گوێ بیستیان نابێت و ناگەڕێتەوە، چونکە بە بیرھاتنەوەی ناخۆشیەکانی ڕابردووی و شەھید بوونی برایەکانی، بە تایبەتی لە دوای شھید بوونی دھام ی برای لە ساڵی ١٩٨٨، ھۆکاری بەھێز بوون، وای لەو دایکە شەھیدە کرد زیاتر و زۆرتر بە ھێزێکی پۆڵاینەوە بە ھەستێکی نیشتمانی پەروەری و کوردایەتی ڕوبەڕوی بەعسیەکان ببێتەوە، بۆیە لە گەڵ خەڵکانێک بەرەو بارەگە و فەرمانگە حزبیەکانی ڕژێمی بەغدا بەڕێکەوتن، تا دەگەنە بەردەرکی پارێزگای ھەولێر، لە دوای پاکردنەوەی پارێزگاش، دەڕۆن بۆ فەرمانگەی ئاسایشی بەعس بە ناوی (دائرەی الامن) لە ڕوبەڕوبونەوەی لە گەڵ چەتەکانی بەعس گولەیەک بە نێوچاوانی دەکەوێت و ئەو کات دڵە بەھێز و پاکەکەی لە کار دەکەوێت و شەھید دەبێت، شوێنی شەھید بوونی ئەو شێرە دایکە ئیستا نزیکە لە قونسوڵخانەی فەرەنسی، شەھید (خەجە باوە) یەکێک بوو لەو شێرە دایکە کوردەیی لە کاتی شەھید بوونی خەمێکیدا بە ھەولێریەکان, چونکە بە ھەواڵی شەھید بوونی ئەو دایکە، خەڵکی ھەولێری دڵ سارد کرد و گەلی کوردی غەمگین کرد، دواین شەھید لەو بنەماڵەیە کە لە شەڕی تیرۆرستانی داعش شەھید کراوە شھید (محمد باوە)یە، دەکاتە ئامۆزای (خەجە باوە)، واتە بە شەھید بوونی محمد باوە ئەو بنەماڵەیە ژمارەی شەھیدەکانی گەیشتە (٧) شەھید، شەھید خەجە باوە، حەوت منداڵی لە دوای خۆی بەجێ ھێشت، لە دوای شەھید بوونی کوڕێَکی بە ناوی (بارزان) کە بەشداربووی ڕاپەرینەکە بوو، لە گەڵ دایکی چاڵاکیەکانی ئەنجام دەدا، لە ساڵی ١٩٩٢ بە کارەساتێکی دڵتەزین کۆچی دوای کرد، فەیزواللە کە ناسراوە بە فیزۆ وەرزشەوانێکی دیاری دێرینی تۆپی پێی یانەی ھەولێر بوو، لە گەڵ (جیھان، کاروان، ھێمن) لە ئەوروپا ژیان بە سەر دەبەن، بەڵام دوو کچی ئەم شەھیدە شێرە بە ناوی (فریدە و ھێڕو) لە شاری ھەولێر لە گەڵ ھاوسەرەکانیان ژیان بە سەر دەبەن، ئەم شەھیدە قارەمانە لە شاری ھەولێر قوتابخانەیەکی بە ناو کراوە بە ناوی ئامادەیی (خەجە باوە)ی کچان، گۆڕەکەی ئەو دایکە شەھیدە لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەدە لە شاری ھەولێر، لە کۆتایدا کچە گەورەکەی(خەجە باوە)بە ناوی (فریدە)خان ووتی: پاش ئەوەی ڕاپەڕین کرا خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی فەڕ مانڕوایەکی خۆماڵی باشتریان دەکرد لەوەی کە ئیستا ھەیە، ئەوەی شایەنی باسکردنە فریدە خان ووتی: نەدەبوو ژیانی پێشمەرگە ئەوەندە خەراب بێت بەم شێوەیی ئیستا کە ھەیە گوزەر بکات، ئەو ووتی ئەم ژیانەی کە پێشمەرگە ھەیەتی، بۆیە منی ناچار کردووە ئیستاش خواردن بۆ پێشمەرگە دروست بکەین بە کوڕەکەم ڕەوانەی بەرەکانی جەنگ بکەم، بەڵام لە کۆتایدا بەندەی ئامادەکراوی ئەم ڕاپۆڕتە دەڵێت: ئەگەر حکومرانی دەسەڵاتانی کورد وەکو پێویست نیە و ھەمووشمان ھاوڕاین کە خەراپ گوزەر دەکات و قەیرانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی... ھتد ھەیە و تاوەکو ئیستا حکومرانی بە قۆناغێکی باش تێپەڕنەبووە، کە بەرپرسە باڵاکان خۆیان ئەو گەواھیە دەدەن، بەڵام ئەوەشمان لە بیرنەچێت ئەزمونی وڵاتانیش بەم شێوەیە گوزەری کردوە تاکو گویشتۆتە قۆناغێکی باشی فەرمانڕەوای.

Top