رێفراندوم و راگەیاندنی دەوڵەت.. ئایا چی لە باردۆخەکە دەگۆریت؟؟

رێفراندوم و راگەیاندنی دەوڵەت.. ئایا چی لە باردۆخەکە دەگۆریت؟؟
مھدی ئەمین ستونی
لەم رۆژانە لەسەر بابەتی گرنگی رێفراندوم و دەوڵەتی کوردی لەنێوان رازیبوون و رازینەبوون قسەی زۆر دەکرێت. ئەوانەی نەرازین لە شەقامی کوردستانی لەسەر دوو بەرە دابەش ، بەرەی یەکەم نەرازین لەبەر ھەندێ ئەجندای سیاسی و بەرەی دووەمیش وەک بەبەغای ئەو قسانەی بەرەی یەکەم دەگێرنەوە بەبێ ئەوەی بزانن ئایا ئەو ھەنگاوە ھیچ بەرژەوەندی یەکی تێدایە بۆ مللەتی کورد یان نە؟
یەکەم: دەبێت بزانن کە جیاوازی ھەیە لەنێوان رێفراندوم و راگەیاندنی دەولەت، ئەمانە دوو پرۆسەی لێک جیاوازن. رێفراندوم بابەتێکە وە راگەیاندنی دەوڵەت بابەتێکی تر. ئەنجامدانی رێفراندوم بەمانای راگەیاندنی دەوڵەت نایێت. سەرکردەکان داوای رێفراندوم دەکەن بو بەدەستھێنانی ئەمانەی خوارەوە:
یەکەم: تا بۆچونی خەڵک بزانن ئایە دەیانەوێت لەگەل ئەو دەوڵەتە بژین یان جیاببنەوە لە دەوڵەتەکە و کیانێکی سەربەخۆ رابگەینن؟
دووەم: تا ببێتە بەڵگەیکی بەھێز لە دەستی سەرکردەکان بەرامبەر دام و دەزگای نێودەوڵەتی بو ئەوی بەکاربێنێن لەکاتی پێویست بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی خۆی چونکە ئەو مافە مافێکی سروشتیە کە ھەموو دام و دەزگاکانی نێودەڵەتی دانی پێبنێن کە مافێکی رەوای ھەموو میللەتێکە بەئازادی و سەربەخۆیی بژیت.
بەڵام لێرەدا دەبێت ئەوەی رازی یەو ئەوی نارازی یە لەسەر رێفراندوم و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی ئەو پڕسیارە لە خۆی بیکات ئەگەر بەرژەوەندی میللەتی کوردی بوێت ، کە ئایا ئەو ھەنگاوە لەبەرژەوەندی میللەتی کوردە یان نە؟ ئایا ھیچ گۆرانگاری لە باردۆخی ھەرێم دەکات یان نە؟
بەراستی من ئەوانەی کە دەوڵەتی کوردی رەد دەکەنەوە بە بیانوی ئەوەی کە کاتەکە لەبار نیە یان زەمینە سازیی بۆ نەکراوە، بە کابرایک وەسف دەکەم، کە لە سجنە، دەیانەوێت بەری دەن بەڵام کابرا دەڵێت ئەمن لەو سجنە دەرناچم تاوەکو خۆم بە تەواوی پێنەگەینم لە ژن ھێنان و خانوو دروستکردن و سەیارە کرین. بەڵام ئەو کەسە نازانێت یان خۆی نەزان کردووە، لەنەزانیی خۆی یان لەعینادی یە، کە ئەو لەناو سجنەوە ناتوانێت ھیچ یەک لەو ئامانجانە بەدەست بھێنێت. بەلکو دەرکەوتنی لەسجن ھەموو ھیواو ئاواتەکانی دێنێتە دی.
ئەمە حالی ئەمانەی کە رێفراندوم وراگەیاندنی دەوڵەتی کوردی رەد دەکەنەوە.بە بیانووی ئەوە کە باردۆخەکە لەبار نیە و زەمینە سازی پێویستی بۆ نەکراوە. وە بریاریاندا لەسجن زەمینە سازیی بۆ بکەن.ئیستا با تەماشای کوردستان بکەین، ئایە ئێمە لە چ سجنێکی گەورەداین؟ ئاسمانی ئیمە لەدەستی بەغدایە بەکەیفی خۆی دادەخات و دەیکاتەوە. سەبارەت بە سەرچاوەکانی ئاو، کوردستان ناتوانی بەنداویکی کچکەش دروست بکات بەبی رەزامەندی بەغدا. ھاوکاری نێودەڵەتی و چەک و تەقەمەنیش لەرێگای بەغداوە دێت. بەغدا لێرەوە لەوێ بەدوای کڕیاری نەوتی ھەرێم دەگەرێت. بەڵام ئەگەر کوردستان سەربەخویی بەدەست بھێنێت ئەو دەستکەوتانەی دەبێت:
یەکەم: دەتوانێت نەوتی خوی بفروشێت بە بێ گرفت وبەنرخێکی گونجاو بەبێ فشاری کریار.
دووەم: ئەو گرێبەستانەی لەمەودوا ئەنجام دەدرێن لەگەل کۆمپانیا نێودەولەتییەکان لەبەرژەوندی کورد دەبێت, ئەو جارە حکومەتی ھەرێم مەرجەکانی خوی دەسەپێنێت لەسەر کۆمپانیاکان. چونکە لە گریبەستەکانی پێشو فشارێکی زۆر لە لای کۆمپانیاکان ھەبوو لەسەر کورد لەبەر ئەوەی ئەوان بەبێ رزامەندی بەغدا گرێبەستیان ئەنجام دەدا.
سێیەم: ئاسمانی کوردستان رزگار دەبێت لە دەستی بەغدا.
چوارەم: بەبێ دەوڵەت داموو دزگای نێودەوڵەتی وەک بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی نەقدی نێودەولەتی ناتوانێت ھیچ ھاوکارییەک پێشکەشی ھەرێم بکات وەک دانی قەرز بو تێ پەراندنی ئەو قەیرانە وەکو یونان و دەوڵەتانی تر, چونکە ھیچ زەمانێک نیە.
پێنجەم: ئەگەر دەوڵەتمان ھەبێت ھەر کاتێک توشی ھەر مەترسێکی دەرەکی بووین ئەوا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەجێمان نا ھێلێت و بەھانامان دێت , وەک کویت لەوکاتەی کە سەدام داگیری کرت لە ساڵی ١٩٩٠ کە چی کۆمەڵگای نێودەڵەتی بەھانای ھات و دەری کرد.
شەشەم: ئەگەر دەولەتمان ھەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی راستەوخۆ چەک و تەقەمەنی بۆمان رەوانە دەکات بەبێ گەرانەوە بۆ بەغدا. ھەموومان دەزانین ئەو ھاوکاری یانەی کە لە بۆ پێشمەرگەی قارەمان دێت بەقەدر ئەو قۆربانیانە نین کە پێشمەرگە داویەتی لەچەنگی دژی داعش.
حەوتەم: لەگەل ھەموو ئەمانە و ئەوانی تر کوردستان دەبێت ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان,لە ھەمان کاتدا ئامادە دەبێت لە مەحافلی نێودەوڵەتی.
ئایا دەکرێت لەدوای ئەو ھەموو دەستکەوتانە لایەنێک لە لایانەکان بێت بەبیانووی جوراوجۆر, کە ھەموومان دەزانین لەبر ئەجندای سیاسی ئەو قسانە دەکەن نەک لە بەر دڵسۆزی و بەرژەوندی میللەتی کورد. بۆیە ھیوادارم کە ھەموو رۆشەنبیرانی کورد و کوردستان پاڵپشتی سەرکردەکانی کوردستان بن و تێگەیشتنیان ھەبێت بۆ ھەڵ و مەرجی ئیستا تاوەکو ئم دەرفەتە لەدستی میللەتی کورد نەچێت کە لەوانیە لە دەیان ساڵی تر ئەم دەرفەتە بۆ نەرەخسێتەوە, تاوەکو بە یەکجاری رزگار ببین لە قەفێی عیِراق و بیگەینە ئامانجەکانمان لە ئازادی و سەربەخۆیی.

Top