پێشمەرگە،هێمای نەتەوەیەک

پێشمەرگە،هێمای نەتەوەیەک
بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی كۆمەڵێك چەمك و دەستەواژە هزر و بیری زانایان و فیلسووفەكانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە، چەمكگەلێكی وەك فیداكاری، بەرخودان و خۆبەختكردن لە پێناو ئامانج و ئارمانجشارێكی مرۆیی. بەو مانایە كە ئەم چەمكانە لە زەینی كۆمەڵگا، لە تاكەكانی كۆمەڵگەیەك نەخش دەبەستن و بۆ گەیشتن پێیان ئامادەن بێ‌ هیچ چاوەڕوانییەك گیانی خۆیانی بۆ فیدا بكەن و لەو راستایەدا سەختی و دژواری و كەموكووڕی ناناسن و بەردەوام رێ‌ دەبڕن. لە نێو گەلی كوردیشدا بوونی ئەم جۆرە كەسانە پرسێكی سەلمێندراوە، بەو واتایە كە چ لە رابردوودا و چ لە ئێستادا بەشێك لە خەڵكی كوردستان بە هۆی گەیشتن بە لووتكەی بیركردنەوە و مانای راستەقینەی ژیان، گیان و ماڵی خۆیان فیدای گەیشتن بە ئازادی، بەرژەوەندی نەتەوەیی و یەكسانی و دادپەروەری كردووە و ئارەزوومەندانە ژیانێكی پڕاوپڕ بە كەندولەند و هەوراز و نشێو هەڵدەبژێرن. مرۆڤ گەلێك كە ژیان لە لای وان بریتییە لە كۆمەڵێك كات و ساتی جوان و رەنگاڵە كەم ئەم جوانییە بۆ خۆیان پێی دەبەخشن و چاوەڕێی روودانی رووداوێك یان هەڵكەوتنی كەشوهەوایەكی گونجاو و لەبار ناكەن و خۆیان خولقێنەرانە، دەی ئافرێنن. ئافرێنەرانی جوانی لە نێو گەلی كورددا بە پێشمەرگە دەناسرێن. كەسێك كە تەنیا و تەنیا بۆ بەختەوەری مرۆڤەكان هەوڵ دەدات و گیانی بۆ ئەم بەختەوەرییە دادەنێت. بەو واتایە كە قارەمانێتی دەنوێنێ‌. بەڵام قارەمان كێیە؟ قارەمان بریتییە لەو كەسەی كە لە جەرگەی نەهامەتییەكاندا، كاتێك ئارامی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بەرەو لەنێوچوون دەڕوات و چەمكی ژیان لە سنوورەكانی لەنێوچوون نزیك دەبێتەوە. لە لێواریشدا بێت لە مەترسیی تێداچوون رزگاری دەكات و جارێكی دیكە رێگەی ژیانەوەی پێ‌ نیشان دەدات. پێشمەرگە قارەمانێكی حەماسەخوڵقێنە كە هەم مانا جوانەكان بە ژیان دەبەخشێت، هەم لە نێوان بەرداشی رووناكی و تاریكی، چاكە و خراپە و ئەهوورا و ئەهریمەندا وەك سەربازێك فیداكارانە قوربانی دەدات رەنگە هەندێك جار تراژیدیاش ببێت بە بەشی، بەڵام كۆڵ نادات. پێشمەرگە گوێ‌ لە ناخی خۆی و مرۆڤایەتی دەگرێ‌ و ئازایانە دان بە خووە خراپەكان دەنێ‌ و هەستە شۆڕشگێڕانەكەی تێكەڵ بە عەقڵ و ئاوەز دەكات و بەردەوام دەبێت لە رەوشتی بەرز و ئەهوورایی. ئەم قارەمانە نەتەوەییە كە زۆرجار لە نێو كورددا وەك هەڵۆیەكی تیژباڵ و بەورێكی چنگ بەگڕ دەشوبهێندرێت لە راستیدا لە ناخی تراژیدیایەكەوە سەر هەڵدێنێ‌. تراژیدیای چەوساندنەوە و فەوتانی نەتەوە و خاپووربوونی نیشتمان. ئەم قارەمانە لە ناخی ئەم تراژیدیاوە دەخوڵقێ و خۆی فیدای هاوچەشنەكانی دەكات. بەم پێیە وشەی پێشمەرگە چەشنێك لە ململانێی نێوان مردن و ژیانە. دوو پرسیاری مێژوویی و هەمیشەیی مرۆڤ. پرسیار لەوەیە كە ژیان چیە و بۆچی ئاكامەكەی مردنە؟ پێشمەرگە كۆتایی بەم پرسیارانە دێنێت و ترس لە مردن بە چۆكدا دێنێت و بە ئامانجدانان بۆ ژیان، مردن دەخاتە ژێرپێی سەركەوتنەكانی خۆی. سەركەوتنێك كە ئەگەرچی رەنگە نرخەكەی گیانی خۆی بێت بەڵام دەبێتە میوەیەكی بەتام و پڕ نێوەرۆك بۆ نەوەیەك یان چەند نەەوە پاش خۆی. پێشمەرگە خۆی لە خەڵك جیا ناكاتەوە و خاوەنی هەر شتێك بێت بە هی خەڵكی دەزانێت، تەنیا مردن نەبێت كە ئامادە نیە لەگەڵ كەسانی دیكە دابەشی بكات. ئەوە بەو مانایە نیە كە پێشمەرگە ئەوینداری مردنە بەڵكوو دەرخەری ئەو راستییەیە كە بۆ ژیانكردن مردنیش قبوڵ دەكات و خوێنی خۆی دەكاتە هەوێنی هەرمان و مانەوە و بەرخودان. واتە كاتێك ناوی پێشمەرگە دێتە سەرزار، مان و نەمان، ژیان و مردن مانای سروشتی خۆیان لەدەست دەدەن و ماناكەی دەگۆڕێت بۆ چۆن ژیانكردن و چلۆن مردن؟ كەواتە پێشمەرگە لە لایەكەوە پرسیارە و لە لایەكی دیكەشەوە وەڵامێكە بۆ ئەم پرسیارە. پرسیار لەوەیكە پێشمەرگە كێیە؟ ئەركی چیە؟ و بۆچی خەبات دەكات؟ بەڵام جیا لە هەموو ئەم پرس و پرسیارانە كە هێمایان بۆ كرا رەنگە ئەو پرسیارە بێتە ئاراوە كە گەلۆ تەنیا ئەو كەسانە پێشمەرگەن كە چەكدارن؟ لە وەڵامدا دەتوانین بڵێین نا. هەر تاكێكی كوردستان لە هەر شوێنێك بێت دەتوانێت پێشمەرگە بێت. خوێندكار لە سەنگەری زانكۆ، ژنێكی یەكسانیخواز لە مەتەرێزی داكۆكی لە ماف و ئازادییە ئینسانی و نیشتمانییەكانی، لاوێكی دەروەست كە پێكهاتەشكێنە و مل بۆ تابۆكان داناخات و لە دژی بیری كرمۆڵ هەڵدەچێت. هەركام لەم توێژانە بە چەكی عەقڵ و قەڵەم دەتوانین بەشێكی جیانەكراوە لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بن. وەك سەرۆک مسعود بارزانی دەڵێ:" ئەزموونی پێشمەرگایەتی بۆ من گەورەترین قوتابخانە بووە و لەو قوتابخانەیەشدا ئێمەی پێشمەرگە مامۆستایەکی گەورەی وەک بارزانیی نەمرمان هەبووە. ئامۆژگاریەکانی بارزانیی نەمر چ وەک باوکێک و چ وەک رابەرێک ڕێنیشاندەری ژیان و خەباتم بووە. دەتوانم بڵێم هەوێنی خۆراگری و ورەبەرزیمان لە خەباتدا ئەم ئامۆژگارییەی باوکم بوو کە (لە شکستدا نائومێد نەبین و لە سەرکەوتندا لەخۆبایی نەبین،بۆیە ئەم ووتەی سەرۆک بارزانی و ئامۆژگاری بارزانی نەمر دەبێت هەمیشە لەبەر چاومان بێت بۆ فاکتەری بەهێزی بەردەوامیان .
Top