گەر ئەسەد مرد چی..؟

گەر ئەسەد مرد چی..؟
*ئەم پرسیارە كاتی خۆی محەمەد حەسەنێن هەیكەل لە عەبدولحەلیم خەدام-ی جێگری پێشووی حافز ئەسەدی كردبوو، كە پرسیبووی لە كاتێكدا ئێوە ئەمڕۆ لە قەیرانێكی سەختدان بەرامبەر ئیسڕائیل لە (جۆلانەوە) رۆژانە هەڕەشەتان لێ دەكرێت، وێڕای ئاریشە ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتییە ناوخۆیەكانتان. لەوەڵامدا خەدام دەڵێ: بەرگەی مردنی حافز ئەسەد ناگرین، چونگە جومگەكانمان خەراپ لێك ترازاون و دوابەدوای ئەوە لە رووداوێكی سەرنجڕاكێش باسل ئەسەد كە بڕیار بوو جێگرەوەی باوكی بێت، بە رووداوی هاتوچۆ لە رێگەی فڕۆكەخانە گیانی لەدەست دا، لای خۆم گومانم لەو جۆرە مردنە هەیە، چونكە ئەو شوێنەی ناوبراو تێیدا مردووە رێكترین و چۆڵترین رێگایە لە دیمەشق! بەهەرحاڵ دوابەدوای ئەوە كتوپڕ حافز ئەسەد مرد و پەرلەمان بە پەلە ڕێژەی تەمەنی بەشاری وا رێكخست كە بشێ ببێتە سەرۆك كۆمار، چونكا ئەوسا تەمەنی بەشار كەمتر بوو لەوەی بتوانێت ئەو پۆستە وەربگرێت!
ئەمڕۆ هەمان پرسیاری هەیكل ئەمریكا دەیكا و دەبێژی: گەر بەشار بمرێت، یان كودەتای بەسەردا بكرێ، یاخود هەڵبێت، چارەنووسی سووریا بە كوێ دەگا؟ رەنگە وەڵامەكەی نەك ئاسان نەبێ، بەڵكو لە قورس، قورستر بێت، بەو پێودانگەی ناوبراو سووریای بە یەكجاری وێران كردووە و كەمتر لەسەدا حەڤدەی خاكەكەی بەدەستەوە ماوە و ئەویتر لە چنگی داعش و بەرەی نوسرە، یان شەڕڤانانی كورد و سوپای ئازاد-دایە، وەلێ هەر هەموی بە خاپور و خەراباتكراوی.
*حزبی بەعس، بەتایبەت لەم چوار ساڵەی رابردوودا، نەك سەرخان بەڵكو ژێرخان و هەرچی پێداویستیی ژیان و ژیارە لەناوی بردووە. لێرەدا رێك ئەو قسەیەی میشێل ئەفلەقی دامەزرێنەری حزبی بەعس-م بیركەوتەوە كە دەڵێ: «ئەو دەمە دەستبەرداری دەسەڵات دەبین لە عێراق و سووریا كە هەردوو وڵات لەگەڵ خاك تەخت بكەین»! رێك وادەرچوو، دەسەڵاتی سەدام- مان بینی و وا كاولكاری سووریاش بەردیدەیە.
*رژێمی سووریا گەرچی لەم ماوەیەدا وڵاتانی ئێران و رووسیا و عێراق، هەروەها حزبوڵای لوبنانی بە هەموو جۆرە پێداویستییەكی مرۆیی و سەربازی پشتیوانییان لێ كردووە و بەردەوامن، بەڵام پێ ناچێت تا سەر هەلومەرجەكە وەك ئێستا بەردەوام بێت.
كۆبوونەوەی ڤیەننا-ی دووەم كە بە دوو قۆناغ لە كۆتایی هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو، یەكەمیان چوارقۆڵی و ئەویتر وێڕای لایەنە بنچینەییەكان، هاوكات توركیا، ئەردەن، میسر، عێراق، لوبنان واتا حەڤدە وڵات تێیدا بەشداربوون، پاشان بۆ یەكەمجار ئێران-یش بەشداری كرد و بە چڕی باس لە حكومەتێكی ئینتیقالی كرا، گەرچی بە رۆشنی و رەوانی رانەگەیەندرا هەنگاوەكانی داهاتوو چۆن دەبن، لێ وامەزەندە دەكرێت، ئەستێرەی ئەسەد رۆژ بە رۆژ لە داكشاندا بێت، چونكە هیچ وڵاتێك ئامادە نییە بەرژەوەندی باڵای خۆی بكاتە قوربانیی سەرۆكێكی دیكتاتۆری دۆڕاوی وەك ئەسەد.
*تائێستا بەرەی ئەمریكا و سعودیە و ئورد نو ئەوانی دی، بە هیچ چەشنێك لەگەڵ تەرحی راگەیەندراوی -مۆسكۆ و تاران-دا نین كە لە هەر پرۆسەیەكی سیاسیی داهاتووی ئەم وڵاتە بەشار-ی عەلەوی رۆڵی هەبێت. ئەمڕۆ لە نێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئەندازەیەك مۆسكۆ ئیحراج بووە، چی دەكات، ناتوانێ سیمای خۆی پاك بكاتەوە، بەتایبەت بۆ ئەوان كە دوای رووخانی یەكێـتی سۆڤیەت دووەم جارە راستەوخۆ بەشداری هێرشی چەكداری لە دەرەوەی وڵاتەكەیان دەكەن، یەكەمیان كاتێك (K4) یوگوسلافیای ئازاد كرد، رووس راستەوخۆ هاتن كۆنتڕۆڵی فڕۆكەخانەی پایتەختەكەیان كرد، ئەمێستاش بە فڕۆكە پشتیوانی بەشار ئەسەد دەكەن، بۆیە واپێ دەچێت بە دوای چارەسەرێكدا بگەڕێن خۆیانی بە رووسووری لێ دەرباز بكەن.
*بەشار و رژێمەكەی ئایندەیان نەماوە، ئەوەی هەیە، تەنیا كاتە، باشترین بەڵگەش ئاخاوتنی بەرپرسی هەواڵگریی فەرەنسا-یە كە گوتی: مەحاڵە جوگرافیای ناوچەكە بەتایبەت سووریا و عێراق وەك جارانی لێبێتەوە.
*زۆر لە كارزانانی سیاسی وا دەڕوانن بەشار ناتوانێت ببێتە سەدام و لە كوخێكی ژێر زەویدا دەستگیر بكرێت و دواتر لەسێدارە بدرێت، بۆیە واباشترە روو لە مۆسكۆ، یان تاران بكات، هاوشێوەی (مۆبۆتۆ سیسیسیكۆ) لە تاراوگە بمرێت، بە غەیری ئەوە مەحاڵە ئەو بارودۆخە تا سەر وەك ئێستای بۆی بلوێ، قەتڵوعام و پێداكردنی كیمیایی و بەرمیلی پڕ لە بارووت ناتوانێ بیگەیەنێتە كەناری ئارامیی پڕ لە ئارەزوی خۆی.
Top