بێکاری لە کوردستان و رێگا چارەکانی ئەندازیار/شیلان بیبانی

بێکاری لە کوردستان و رێگا چارەکانی ئەندازیار/شیلان بیبانی
هەموو جیهان گیرۆدەی دەستی کێشە ئابورییەکان بوونەتەوەو، زۆربەی کێشە سیاسیەکان گرێدراوی کێشە ئابورییەکانەو بەمەش وایکردووە چەندەها قوربانی لە ئەنجامی ئەو گرفتانە دروست بێت، هەڵبەتە زەقترین نمونەی ئێستا بریتیە لە بێکاری، ئەوەبوو لە کۆبونەوەکەی جی بێست بە تەوەرێکی گرنگ باس لە هۆکار و رێگا چارەکانی ئەم بێکارییە کراو، جگە لەوەش زۆربەی مافەکانی مرۆڤ تەوەرێکی سەرەکی کارەکانیان گرنگیدانە بە دۆزینەوەی رێگا چارە لەبەردەم بێکاران و بیدەرامەتەکان، لە کوردستانیش رێژەی بێکاری لە نێوانی ساڵی 2013 بۆ 2014 دا زیادی کرد، لە ساڵی 2013دا رێژەی بێکاری %7 بوو بەڵام بۆ ساڵی 2014 گەێشتە %10 ئەمەش بە هۆی ئەو قەیرانە ئابورییەی کە لە ساڵی 2014دا بەسەر کوردستاندا هات بە هۆی نەمانی بودجە و بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەگەر لە رووی ئابورییەوە پێناسەیەک بۆ بێکار بکەین ئەوا بریتین لەو کەسانەی هەندیکێان توانای کارکردنیان هەیە و هەوڵی بۆ دەدەن بەڵام هەلی کاریان بۆ نەڕەخساوە وەک هەموو ئەو دەرچووانەی زانکۆ و پەیمانگاکان کە چاوەڕوانی دامەزراندن دەکەن، یاخود کەسانێک کە پێشتر لە کارێک ئیشان کردووە بەهەر هۆیەک لە هۆیەکان دەرکراون یا بە جێیان هێشتووە ئێتر بەهۆی بارودۆخی تاکی یا قەیرانێکی گشتی بوبێت نمونەی ئەم بابەتە خەڵکانێکی زۆر لە کوردستان بە هۆی قەیرانی ئابورییەوە کارەکانیان راوەستاوە و ئێستا لە بەردەم بێکارێدان، یاخود کەسانێک کە بە زەبر لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە وەک زۆربەی ئاوارەی بەشەکانی تری کوردستان کە ئێستا لە قاڵبی بێکارێدان، ئەتوانین بڵین نەبوونی هەلی کار گەورەترین ئامرازە بۆ بێکاری، خۆی تەمەنی کارکردن بە پێ یاسای کاری جیهانی لە نێوان (16-60) ساڵە و هەر راپورتێکی دەستی کار لەسەر ئەم بنەمایە دارێژراوە، هەر بە پێ دوا لێکدانەوەو شرۆڤەی لێژنەی کارکردن کە هەر %1 بۆ بێکاری دەبێـتە هۆی زەرەر بە رێژەی %2.5 بەرهەمی خۆماڵی سەرجەم کە لە عێراقدا مەزەندە کراوە بە 23 ملیار دینار، واتە لە کوردستاندا بۆ ساڵی 2014 رێژەی بیکاری %10 کە بەرامبەرە بە %25 لە زەرەری بەرهەمی خۆماڵی سەرجەم ئەویش بەرامبەرە بە 90 ملیار دینار، هەر بە پێ ئەو لێکدانەوەیە ئەم بڕە پارەیە 360 هەزار هەلی کارکردن لە خۆ دەگرێت، واتە هەرێم لە پێداویستی 360 هەزار هەلی کارکردندایە کە ئەویش برێکی زۆرە ؟!
لە ساڵی 2014 دا کێشەی قەیرانی ئابوری و نەبوونی دامەزراندن و نەبوونی قەرز بۆ گەنجان لە پێشەنگی هۆکارەکانی بێکاری بوون، هەروەها لاوازی ژێرخانی ئابوری و کەمبوونی بەرهەمی ناوخۆیی و فەرامۆشکردنیان، وەک داخستنی کارگەکان بەهۆی نەبوونی ئاسانکاری و یارمەتی لە لایەن حکومەتەوە هەروەها هاوردەکردنی هەموو جۆرە کاڵایەک بە جۆرەها نرخ بەمەش بەرهەمی ناوخۆیی سەرف نەدەبوو، چونکە ئەو بەرهەمە ناوخۆیانە تیچووی زیاتریان دەویست بەبەراوورد بە بەرهەمێکی دەرەکی بۆیە دەرگای پیشەسازی و بەرهەمهێنان تا رادەیەکی زۆر داخران، سەرەنجام بێکاری زیادی کرد و وڵاتمان لە بەرهەمهێن بۆ بەکارهێن رۆێشت، ئەمانە جگە لە پشت گوێخستنی کەرتی کشتوکاڵ و فەراهەم نەکردنی پیداویستی لە لایەن حکومەتەوە بە شێوەیەکی بەرچاو، کارکراوە بۆ بەکارخستنەوەی ئەم کەرتانە بەڵام زۆر لاوازە لە چاو ئەو کەلینە گەورەیەی ئەو بوارانە .
لە ساڵەکانی پێشوودا بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی خزمەتگوزارییەکانی کوردستان سیستەمی حکومی زۆربەی گۆڕان بۆ تایبەتیکردن (خێخێە) کە ئەمە لە رووی هەندی لایەنی وەک کارگێری و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان سودمەند بوو بەڵام ئەوەمان لە بیر نەچێت کە گەورەترین بەربەست بوو بۆ دامەزراندنی تازە دەرچووان، لەبەرئەوەی کە ئەو تایبەتانە بە کارمەندێکی کەم کارەکانیان بەرێوەدەبەن و بەمەش هەلی دامەزراندن کەمبووەوە .
لێرەوە ئەگەر جەخت لەسەر چەند خاڵیکی گرنگ بکەین بۆ چارەسەری بێکاری ئەوا لەم ئان و ساتەدا پلان باشترێن چارەیە، بەتایبەت لە کەرتی نەوت و رزگارکردنی ئابوری لە زاڵبوونی کەرتی نەوت و کارکردن لە سەر ئەوەی کە داهاتی نەوت لە بەرژەوەندی وەبەرهێنانی گشتی کاری پێ بکرێت، نابێت تەنها داهات لەو بوارەدا تەسک بکرێـتەوە بەڵکو با داهاتی نەوت لە کەرتەکانی تر وەبەربهێنرێت بەمەش قازانجی ئەو وەبەرهێنانە باشترین ژێرخانە بۆ دوارۆژی وڵات، جگە لە نەوت کەرتی تایبەت پێداچوونەوەیەکی جدی بۆ بکرێت، هەوڵبدرێت لە یاسای خانەنشین و داهاتووی کارمەندەکانیان مەرجی سەرەکیان بۆ دابنرێت و زامنکردنی هەلی کار لەبەردەم کارمەندی خۆماڵی بۆ ئەوەی خەڵکی تەنها بەرەو دامەزراندنی حکومی نەرۆن، ئەمانە جگە لەوەی پلانێکی تایبەت دابریژرێت لە لایەن وەزارەتی خوێندن و وەزارەتی کار بۆ هاوسەنگی نێوان دەرچووان و هەلی کارکردن، گرنگیدان بە پێدانی قەرز بە بەرنامەی پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشتیاری و هەروەها ئاسانکاری لە دابینکردنی زەوی و کەل و پەل و کەمکردنی باج بۆ ئەوەی کاڵاو بەرهەمیان تیچووی زۆری نەبێـت، رێگری بکرێـت لە هاوردەکردنی کاڵای دەرەکی لە کاتی بوونی کاڵاو بەرهەمی ناوخۆیی زۆر بواری تر، لە پێناو دابینکردنی هەلی کاری زیاتر بۆ رۆڵەکانی داهاتوو چونکە رۆژ بە رۆژ ژمارەی دانیشتوان روو لە زیادبوونە بەمەش ئەگەری بێکاری زیاد دەکات .


ماستەر لە کارگیری کاردا
Top