پرسی ئافرەتان وەك ڕەهەندێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی

پرسی ئافرەتان وەك ڕەهەندێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی
بەدرێژایی سەدەكانی ڕابردوو ئافرەتان چەوساونەتەوە، بەهۆی چەندین داب و نەریت وە سوكایەتی و ئیهانە كراون، هەر لەكوشتن لەژێر ناوی جیاجیادا و تا ئێستاش ئەم سوكایەتییە هەربەردەوامە . تەنانەت فەرهەنگی كۆمەڵایەتی هێندە بەهێز بووە كاریگەری لەسەر یاسای باری كەسێتی هەبووە لەزۆربەی بڕگەو بەندەكانی یاسادا ئافرەتان تائێستاش بە پلە دوو هەژمار كراون. لەكوردستاندا ژنان یاخودبابڵێن پرسی ئافرەتان ڕەهەندێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و مەدەنی وەرگرتووە دەیان و سەدان رێكخراوی ئافرەتان هەن چەندین چالاكوانی بواری مەدەنی و ئافرەتان بونیان هەیە و لە ڕێگای كەمپین ومیتینگ و فاكتەرەكانی تری كاری مەدەنی فشار دەخەنە سەر حكومەت بۆ ئەوەی مافەكانی ئافرەتان بەرفراوان تر بێت بۆ ئەوەی یاساكانی باری كەسێتی هەموار بكرێت و ڕۆڵی ئافرەتانیش وەدیار كەوێت لەكۆمەڵگادا. توندوتیژی لەكۆمەڵگای ئێمەدا ڕەگ و ڕیشەیەكی قوڵی هەیە بۆ كەلتور و ئاین دەگەڕێتەوە، ئەم دوو چەمكەش ئاین و كەلتور گرێ دراوی یەكترن، ئەستەمە هەروا بەئاسانی لێك جیا بكرێنەوە یاخود كاریگەری نێوانیان كاڵ بكەینەوە، بۆیە ڕاستەوخۆش تەواوی كۆمەڵگایان خستۆتە ژێر ڕكێفی خۆیان، توند و تیژی و بەكەم سەیركردنی ئافرەتان ئەو كاتە دەست پێدەكات كە هەست دەكرێت ئافرەت دووگیانە و ئەو كۆرپەلەیەی لەسكی دا هەڵیگرتووە لە ڕەگەزی مێ یە . ئەمە لێرەوە سوكایەتی دەست پێدەكات تەنانەت وای لێهاتووە لەزۆرێك لەناوچەكان یاخود لای خودی ئافرەتان بۆتە مەسەلەیەكی ئاسایی لێرەدا باس لەهەندیك لەمافەكانی ئافرەتان دەكەین كە پێویستە كاری لەسەر بكرێت و تاكو بتوانرێت كاریگەری لەسەر ئەم كێشەیە هەبێت .

مافی سیاسی
لەبزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوایەتی گەلەكەماندا ئافرەتانیش شان بەشانی پیاوان بەشدار بوون . ڕۆڵی دیار و بەرچاویان هەبووە و زۆرێك لەئافرەتان قارەمانانە ڕووبەڕوی ئەشكەنجە و ئازارەكانی داگیركەران بوونەتەوە بەمانای لەڕۆژگاری خەباتدا ئافرەتانیش هاوشانی پیاوان بەشدار بوون لە خەبات و تێكۆشاندا، ئێستاش ژمارەیەك لەئافرەتان لەئاستی سەركردایەتی حزبەكان و لەدەزگاكانی حكومەتیشدا بەشدارن بەڵام ئەمە بەمانای ئەوەنیە كە بەڵێ كێشەی ئەم توێژە چارەسەر بووە چونكە ئەگەر سەیری تەواوی هەڵبژاردنەكانی كوردستان یاخود هەڵبژاردنە حزبییەكان بكەین دەبینین بەڕێژە یاخود بە سیستمی كۆتا ئافرەتان دێنە پێشەوە كە ئەمەش وەك سەرەتا هەنگاوێكی باشە بۆ هاتنە پێشەوەی ئافرەتان بۆ نێو كایەكان سیاسی و ئیداری بەڕێوەبردن بەڵام باشترە ئافرەتان خۆیان بەهەوڵ و تواناو كەفائەتی خۆیان بەشداری ئەم پرۆسانە ببن كاتێكیش دێتە پێشەوە تەنها بۆ كاری تەشریفاتی نەبێت یان بۆ مووچەی بەرز یاخود دەركەوتن لەڕاگەیاندنەكاندا نەبێت ئەم كەسایەتیانە بەشداربن و چالاك بن بۆ ئەوەی بەندە یاساییەكان ورێگرییەكان بگۆڕن كە بەشێوەیەك كە بۆ بەرژەوەندی خودی ئافرەتان بێت بەڵام بەداخەوە هۆشیاری و پەروەردەیی یاسای ئافرەتانی ئێمە تائێستاش وەك پێویست نیەو لاوازە ناتوانن جیاكاری لە نێوان ماف و ئەركەكانیاندا بكەن وا تەماشا دەكرێت تەنها پیاوان خاوەن مافەو هەمووكاتێكیش ماف لەگەڵ پیاوانە

مافە ئابوورییەكان
ئەگەر چی لەكوردستان زۆرێك لەفەرمانبەرانی دەوڵەت لەژن پێك دێت ئەمەش بەمانای ئافرەتان سەربەخۆییەكی ئابووریان هەیە بەڵام لەگەل ئەوەشدا ئەم مافە یاخود ئەم سەربەخۆییە ئابوورییە نەیتوانیووە ئافرەتان لە كۆت و بەندی كەلتور و فەرهەنگ ئازاد بكات و بێتە نێو مەیدانی كاری جیدی، بەڵام چۆن بتوانێت لە كاتێكدا ئایین، ترادسیۆنی كۆمەڵایەتی زهنیەتی تاكەكانی كۆمەڵ، سیستمی باوك سالاری هەموو ئەمانە رێگرن لەوەی ئافرەتان پۆستێكی باڵای ئابووری وەربگرێت، هەروەها بوونی پارتە ئاینیەكانیش كە بەبەردەوامی كار لەسەر ئازادی ومەسەلەی ئافرەتان دەكەن ولە هەموو كایەكاندا لە بەرامبەریشدا حكومەت و پارتە دەسەڵاتدارەكان بۆ راگرتنی باڵانسی سیاسی زۆر جار گوێ بیستی داخوازییەكانی پارتە ئیسلامیەكان دەبن كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا كارێكی نێگەتیڤە ولەسەر مافە مەدەنییەكانی ئافرەتان دەكەوێت، بۆیە دەبینین ئافرەتان زۆر ناچالاكن لە رووی ئابووری و وە ناتوانن بەشداری لە بچوكترین كاری دەوڵەتدابكەن .
راسپاردە
پێویستە چەندین سێنتەری لێكۆڵینەوەی تایبەت بە پرسەكانی ئافرەتان پێك بهێنرێت و چەندین كەسایەتی ئەكادیمی و چالاكوان لە خۆبگرێت و چەندین لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی مەیدانی بكات، چونكە كۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە نوێكردنەوەی كەلتوری تۆلیرانس و ئاشتی و قبوڵكردنی بەرامبەر هەیە، كاری ئەم سێنتەرانە ئامادەكردنی چەندین راسپاردەو ئەجێندا بێت و حكومەت كاری لەسەر بكات بەڵام بەداخەوە تا ئێستا رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە ووڵاتی ئێمە چالاك نیە تا ئێستا لە پەنا كۆمەڵی مەدەنی دا چەندین رێكخراوی بە ناوی كۆمەڵی مەدەنیەوە كار دەكەن بۆ دژایەتی خودی فەلسەفەی مەدەنیەت، ئەوەش جێگای نیگەرانی ترە رێكخراوەكانە بۆیە پێویستە رێكخراوەكانی تری كۆمەڵی مەدەنی لەمبارەیەوە پێویستە بە ستراتیژی كاری خۆیدا بچێتەوە.
Top