جیهان بە گرنگی‌یەوە دەڕوانێتە وزەی کوردستان

جیهان بە گرنگی‌یەوە دەڕوانێتە وزەی کوردستان
کاتێک وڵاتانی رۆژئاوا بۆ یەکەمین جار باسیان لە گەمارۆو نەکڕینی نەوتی خاوی ئێران کرد، دەسەڵاتدارانی ئێران دەیانگوت بازاڕەکانی نەوتی دنیا بەرگەی کەم بوونەوەی نەوتی خاوی ئێران ناگرن‌و نەوت نرخەکەی دەگاتە ٢٥٠ دۆلار بۆ هەر بۆشکەیەک.
ئێستا بەرهەمهێنان‌و هەناردەی نەوتی ئێران نیوە بووە یانی لە ٣ میلیۆن بۆشکەوە بۆتە ١.٥ میلیۆن بۆشکە لە رۆژ‌دا، نرخی هەر بۆشکەیەک نه‌وتیش لە ١٠٠ دۆلاردا ماوەتەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە کە گەورەترین ناوندەی وزەیە لە جیهان‌دا لە راپۆرتێکی خۆی‌دا دەڵێ:» ساڵێ ٢٠١٣ ئەگەر داخوازی بۆ نەوتی ئۆپێک* (ئێران دووهەمین وڵات بوو لە بەرهەمهێنانی نەوت لە ئۆپێک‌دا) کەم نەبێتەوە، ئەوە زیاتریش نابێ».
ئاژانسی وزە لە ئاخرین ڕاپۆرتی‌دا باس لەوە دەکا کە داخوازی لەسەر نەوت لە ٥ ساڵی داهاتوو لە جیهان‌دا ڕوو لە زیادبوون دەبێ، بەڵام ئەم داخوازی‌یە پێوسیتی بەنەوتی خاوی ئۆپێک نابێ بەڵکوو بە نەوتی خاوی ئەمریکا دەبێ.
ئەمریکا چەندین ساڵە کار لەسەر ئەوە دەکا که‌ بۆ پەیدا کردنی وزە، پشت بەخۆی ببەستێ‌و پێویستیی بە وزەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەمێنێ. هەربۆیە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بەرهەمهێنانی نەوتیان لە چینە ڕزیوەکانی خاک پەرە پێ‌داوە، نەوتی خاوو گاز جگە لە قووڵایی زەوی لە نێو خیزو هەروەها لە بەردەکانیش‌دا پەیدا دەبێ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەمێژساڵە لە ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە خەریکی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە چینەکانی خاکه‌. ئێستا بە پێشکەوتنی ئامێرەکانی تەکنەلۆژیی دەرهێنان‌و بەرهەمهێنانی نەوت ئەم ڕێگەیە باشتره‌و تێچووشی کەمترە. هەربۆیە پیش‌بینی دەکرێ کە ئەمریکا لە ٥ ساڵی داهاتوودا ببێتە گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنه‌ری نەوت.
بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا بە بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژی‌یه‌ تا ٤ ساڵی دیکە وەپێش عەرەبستانی سعودی (ئێستا عەڕەبستان، گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهان‌دایه‌) دەکەوێتەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دەڵێ لە سالێ ٢٠١٨دا داخوازی بۆ نەوت لە دنیا بۆ هەر رۆژێک ده‌بێته‌ ٩٦.٧ میلیۆن بۆشکە کە ئەو ڕێژەیە گەشەیەکی ٨% نیشان دەدا بە نیسبەتی ئێستاو نەوتی ئۆپێک هەڵکشانێکی ئەوتۆ بەخۆیەوە نابینێ‌و تەنها ١٠% زیاد دەکا.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە راپۆرتەکەی‌دا باس لەوەش دەکا کە پێویستیی جیهان بە نەوتی خاوی ئۆپێک لە ساڵی ٢٠١٨ دا ڕۆژانه‌ ٣٠ میلیۆن بۆشکە دەبێ، کە ئەو رێژەیە ڕاست ڕاده‌ی ئێستای بەرهەمهێنانی (ئۆپێک)ە. بەواتایەکی دیکە داخوازی لەسەر نەوتی ئۆپێک زیاد ناکاو بەڵکوو کەمیش دەکا.
هەر لەسەر ئەم لێکدانەوەیە کۆمپانیای پیترۆ ماتریکس کە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری لە بواری وزەدایه‌، لە شیکردنەوەیەک‌دا دەلێ: بازاڕەکانی جیهان بێ هیچ کێشەیەک دەتوانن تەحەممولی نەکڕینی تەواوی نەوتی ئێران بکەن، بە واتایەکی‌ دیکە ئەگەر هیچ وڵاتێک نەوت لە ئیران نەکڕێ، ئەوە کێشەیەکی ئەوتۆ دروست نابێ چونکە وڵاتانێکی دیکە هەن کە ئەم پێداویستی‌یەی لێ‌دابین بکەن. بۆیە نەبوونی نەوتی ئێران لە بازاڕەکان‌دا هیچ کێشەیەکی ئابووریی جیهانی یان چوونەسەری نرخی نەوتی لێ ناکەوێتەوەو چاوەڕوانیش دەکرێ لە چوارچێوەی ئۆپێک‌دا زیادبوونی بەرهەمی نەوتی عێراق‌و هەرێمی کوردستان قەرەبووی نەبوونی نەوتی ئێران لەبازاڕەکان‌دا بکاتەوە.
هەر لەسەر ئەو روانگەیەوە ئێستا بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا پلانێکیان لەژێر دەست‌دایە کە نەک بەشێک لە نەوتی ئێران گەمارۆ بدەن بەڵکوو هەموو بەشەکانی نەوتی خاوو گازی ئێران بخەنە نێو گەمارۆکانەوە.
رۆژنامەی «واشتنگتۆن پۆست» رۆژی ١٤ی مای ٢٠١٣ بڵاوی‌ کردەوە کە کۆمەڵێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا پلان‌و بەرنامەی تازەیان بۆ گەمارۆی نەوتیی ئێران هەیە. هەرئه‌و ڕۆژنامەیه‌ ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا رەخنەیان لە سەبرو لەسەرەخۆیی بەڕێوەبردنی گفتوگۆکانی گروپی ٥+١و ئێران‌ هەیە. واشتنگتۆن‌پۆست لە زمانی شارەزایەکی ئابووری‌یەوە گوتوویەتی ئەگەر قەرارە ئێران بەتەواوی لە بازاڕی نەوتی جیهان بچێتە دەرێ، ئێستا کاتی ئەوەیە وەدرەنگ‌خستنی ئەم بەرنامەو پلانانە دژی ئێران قازانجی بۆ جیهان نیە.

پێش‌بینی دەکرێ ئەونەوتە خاوەی لە ڕۆژئاوای ئەمریکادا دەردەهێنرێ لە داهاتوویەکی نزیک‌داببێتە جێگرەوەی نەوتی ئۆپێک‌و پێش‌بینییش دەکرێ تا سالێ ٢٠١٨ ئەمریکا بتوانێ پێداویستی‌یەکانی نێوخۆی لە نەوتی خاوی بەرهەمهێنراوی وڵاتەکەی خۆی دابین بکا . لە ساڵێ ٢٠٢٠ دا ئەمریکا دەبێتە گەورەترین وڵات لە بەرهەمهێنان‌و هەناردەی نەوتی خاو بۆ دەرەوە. تەنانەت پێش عەرەبستانی سعوودی دەکەوێتەوە. ئەو هاوکێشەیە بەنیسبەتی گازیش هەر بەم شێوەیەیەو ئه‌مریکا تا ساڵی ٢٠١٥ لە بەرهەمهێنانی گازدا پێش رووسیە دەکەوێتەوەو دەبێتە یەکەم وڵاتی بەرهەمهێنەری گاز له‌جیهان‌دا.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە بەشێکی دیکه‌ی راپۆرتەکەی‌دا تیشکی خستۆتە سەر ئەوە کە ڕێرەوەکانی وزە لە چەند ساڵی داهاتوودا گۆڕانێکی زۆریان بەسەردا دێ، ئاژانس دەڵێ لە داهاتوویەکی نزیک‌دا ئەمریکاو هەرێمی کوردستان «باکووری عێراق» دەبنە گەورەترین ناوەندی بەرهەمهێنانی وزە لە ئاستی جیهان‌دا. لە راپۆرتەکەدا بەڕوونی ئێشارە بە وڵاتی عێراق‌و باکووری ئەو وڵاتە کراوە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە نەوتی کوردستان دەستی لێ‌نەدراوەو هەروەها دەرهێنانیشی ئاسانەو تێچووی بۆ بەرهەمهێنان کەمترە.
فەتاح بیرۆل یەکێک لە ئەندامانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بە میدیاکانی راگەیاندوه‌و گوتوویە بە دڵنیایی دەتوانم بڵێم کە تا ساڵی ٢٠١٨ ئەمریکا بە بەجێهێشتنی عەڕەبستانی سعوودی دەبێتە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاوی جیهان‌و هەرێمی کوردستان‌و عێراق دەبنە سێیەمین بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهان‌دا.
لەسەر ئەساسی ئەو لێکدانەوانە تا ٢٠ ساڵی دیکە رێرەوەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهان‌دا دەگۆرێن. بەم جۆرە ئەمریکای باکوور خۆی دەبێتە ناوەندی هەناردەکردنی نەوت بۆ دەره‌وەو ٩٠%ی نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەچێ بۆ بازاڕەکانی ئاسیا.
بە پێی بەراوردەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، لە دوو دەیەی داهاتوودا مەیدانە نەوتی‌یە دەست‌لێنەدراوەکانی هەرێمی کوردستان‌و عێراق دەورێکی سەرەکی‌یان لە بازاڕی نەوتی جیهان‌دا دەبێ. عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ڕۆژانە ٣ میلیۆن بۆشکە نەوت بەرهەم دێنێ. بەپێی لێکدانەوەکانی ئاژانسی وزە تا ساڵی ٢٠٢٠ ئەم ڕێژەیە دەبێتە ٦ میلیۆن بۆشکە کە ٢ میلیۆنی لە هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بازاڕەکان دەکرێ. ئەوەی کە عێراق لە ئاڵوگۆڕەکانی وزەی جیهانی‌ بەتایبەتی نەوت‌دا دەورێکی سەرەکیی هەیە، لەبەر ئەوەیه‌ که‌ بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان‌و عێراق هەرزان تەواو دەبێ، یانی تێچووەکەی زۆر کەمە بۆ دەرهێنانی نەوت. بۆ نموونە ئەگەر بەراوردێک بکەین دەبینین کە تێچووی دەرهێنانی یەک بۆشکە نەوت لە کانادا ١٥ بەرامبەری عێڕاقەو هەروەها لە ڕووسیەش ٧ بەرامبەرە، لە لایەکی دیکەشەوە بە پێچەوانەی وڵاتانی دەوربەریان هەرێمی کوردستان‌و عێراق ڕێگایان بۆ کۆمپانیاکانی دەره‌وە کردۆتەوەو هیچ بەربەستێکی قانوونیی ئەوتۆیان نیە بۆ کۆمپانیایەکانی دەرەوەی ئەم ناوچەیە.
لەسەر ئەو لێکدانەوانەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بۆ ئایندەی وزە لە جیهان‌دا کردوونی، شاهیدی پێشکەوتنی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی ئۆپێک لەچەندساڵی داهاتوودا دەبین، بەلام لەو نێوەدا ناوێک لە ئێران نەهێنراوە، ئەو پشتگوێ‌خستنە لەکاتێک‌دایە که‌ ئێستاشی لەگەڵ بێ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دان بەو راستی‌یە‌دا نانێن کە وەزعی ئابووریی ئێران لە چ ئاستێک‌دایە.
بەپێێ ئەو نەخشەو پلانانە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بڵاوی کردوونەتەوە دەبینین کە کوردستان بەگشتی واتە رۆژهەڵاتی کوردستان، باشورو رۆژئاوا نەخشێکی گرنگیان لە دابین‌کردنی وزە بۆ داهاتووی جیهان دەبێ. بوونی نەوتێکی زۆری دەست‌لێنەدراو وا لە کوردستان دەکا کە لەداهاتوویەکی نزیک‌دا وەک یەکێک لە جەمسەرەکانی وزەی جیهان چاوی لێ‌بکرێ.
هەر لەم راستایەدا مانگی رابردوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شوێنێک بەناوی «بەرد عەلی» لەنێوان گوندەکانی ئەلیاسی‌و قەڵاواریە سەر بە شاری سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشان ، کانگایەکی گەورەی نەوت دۆزراوەتەوەو ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەوڵ‌دایە کە دام‌و‌دەزگا بۆ هەلێنجانی نەوتی ئەم کانگایە دابین بکاو نەوتەکە ڕاگوێزێ بۆ پاڵاوگەکانی خوارووی ئێران‌و دیسان رۆژهەڵاتی کوردستان ببێتە ناوەندێک بۆ مادەی خاوی کارگاکانی ناوەندی ئێران‌و خێرو قازانجەکەی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران بێ.


پارێزگای کرماشان لە بابەت بوونی کانی نەوته‌وه‌‌ یەکێک لە ناوچە گرنگەکانی کوردستانەو پاش بیرە نەوتی‌یەکانی کەرکووک لە باشووری کوردستان، بە گەورەترین سەرچاوەی ژێرزەوی لە کوردستان‌دا دێتە ئەژمار کە لە لایەن کۆمپانیا نەوتی‌یەکانی دەوڵەتی ناوەندی‌یەوە پاش هەڵێنجان ڕەوانەی پاڵاوگە نەوتی‌یەکان لە شارەکانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ بە بێ‌ئەوەی قازانجێکی ئەوتۆی بۆ خەڵکی نیشتەجێی ناوچە کوردنشینەکان هەبێ.

(*) ئۆپێک: رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکەری نەوت بە کورتکراوەی ئۆپێک( (OPEC ساڵی ١٩٦1(١٣40) دامەزراوە. ئۆپێک ناوەندێکی نێودەوڵەتیی نەوتە کە پێک‌هاتوە لە وڵاتانی (ئەلجەزائیر، ئێران، عراق، کویت، لیبی، نیجریە، قەتەر، عەره‌بستانی سعوودی، ئیماراتی عەرەبی، ئیکوادۆر، ئەنگۆلاو ڤەنزۆئیلا) ، بنکەی سەرەکیی ئۆپێک لە سەرەتای دروست‌بوونی لە شاری ژنێفی سویسا بوو، دواتر گواستراوە بۆ ویەن پایتەختی ئۆتریش.


سەرچاوە:
١ـ راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ، بەهاری ٢٠١٣
٢ـ ماڵپەری BBC
٣- ماڵپەری ویکیپیدیا
٤ـ راپۆرتی ساڵانەی کۆمپانیای پیترۆ ماتریکس
٥ـ ماڵپەڕی کوردستان‌و کورد

له‌ ژماره‌ 608ی رۆژنامه‌ی "کوردستان"دا بڵاو بۆته‌وه‌.
Top