تكایە مافی دەنگدانی گەل زەوت مەكەن

تكایە مافی دەنگدانی گەل زەوت مەكەن
ئۆپۆزیسیۆن لە دانیشتنی ڕۆژی هەینیی ڕابردوودا خۆی خستە نێو تەڵەیەكی گەورەی لێكدانەوەی هەڵەی خۆیان كاتێك بە ڕەسمی داوای گۆڕینی سیستەمی سیاسیی هەرێمی كوردستانی كرد چونكە ئەو داوایە بەر لەوەی جموجۆڵێكی ئەوان بێت بۆ دروستكردنی گوشار بۆ سەر لایەنە دەستەڵاتدارەكان هەوڵێكە ڕاستەخۆ ڕووبەڕووی چەمكە بنەڕەتییەكانی دیموكراسی دەبێتەوە ئەویش سەندنەوەی مافی دەنگدانی هاووڵاتیانی هەرێمە.
ڕەنگە هەڵبژاردنی سەرۆك لەڕێی پارلەمان خزمەتی بەرژەوەندیی حزبە بچووكەكان بكات بەڵام لە ڕاستیدا زوڵمێكی ئاشكرایە لە دەنگدەری هەرێم دەكرێت لەوەی بتوانێت بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ بەشداری پڕۆسەی سیاسی بێت و بە دەنگی خۆی ئەو سەرۆكە هەڵبژێرێت كە بەلایەوە پەسەندە. ئەو هەوڵەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ لاوازكردن یان نەهێشتنی سەرۆكایەتی دەیدات لە ڕاستیدا پەیوەندی بە بەرژەوەندیخوازی و یاریی سیاسییەوە هەیە و دوورە لە بابەتی بەهێزكردنی دیموكراسی كە باسی لێوە دەكەن. چونكە كورتكردنی دەستی خەڵك لە پڕۆسەیەكی پڕبایەخی وەك هەڵبژاردن مانای بەرتەسككردنی بازنەی بەشداریی خەڵك دەدات. هەڵبژاردنی سەرۆك لەڕێی دەنگی خەڵكەوە زیاتر هانی هاووڵاتیان دەدات بەشداری هەڵبژاردنەكان بن. جگە لەوەیش ڕێژەیەكی زۆری خەڵك هەن متمانەیان بە لایەنە سیاسییەكان نییە و دەنگیان پێ نادەن بەڵام بەهۆی بوونی هەڵبژاردنی سەرۆك بەشداری هەڵبژاردن دەبن و تەنیا دەنگ بە سەرۆكی وڵات دەدەن.
ئامانجی سەرەكیی دیموكراسی ڕاكێشانی خەڵكە بۆ بەشدارییان لە پڕۆسەی دەنگدان كە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە مانای هاندان بۆ بەشداریی سیاسیی هاووڵاتیانەوە دێت. هەرچەندە ڕێژە و كەڕەتەكانی بەشداری خەڵك زیاتر بێت ئەوەندەیش شەرعییەتی سیستەمی سیاسی لە هەڵكشاندا دەبێت.
پێدەچێ ئامانجی سەرەكیی ئۆپۆزیسیۆن لە ورووژاندنی ئەو بابەتە كە لە ڕاستیدا تەوقیتەكەیشی جێگەی پرسیارە سێ خاڵی سەرەكی بێت كە نیشانەی پڕاگماتییەتی ئەوانە لە سیاسەت نەك پەرۆشی بۆ قووڵتركردنەوەی دیموكراسی. ئۆپۆزیسیۆن لەوە دڵنیایە ناتوانێ كاندیدێكی بەهێزی وای بۆ سەرۆكایەتی هەبێت كە جێگەی متمانەی گەل بێ و دەنگی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان مسۆگەر بكات بۆیە بەنیازن لەڕێی تەوافوقاتی حزبیانەی نێو پارلەمانەوە پۆستی سەرۆكی هەرێم بەدەست بهێنن. ئامانجی دووەمیشیان بریتییە لەوەی هیچ مەرجەعییەتێكی هەڵبژێردراو لە كوردستاندا نەمێنێ كە دوور بێ لە دەستێوەردانی حزبی و پارلەمان و سیستەمی سیاسیی هەرێم بكەوێتە ژێر ڕەحمەتی بەرژەوەندیخوازی و ململانێ و مانۆرە سیاسییەكانی ئەحزابەوە و لە كەشوهەوای قەیرانەكاندا بتوانن زۆرترین پۆینت و ئیمتیازات كۆ بكەنەوە. خاڵی سێیەمیش سەرقاڵكردنی سیستەمی سیاسیی هەرێمە بە گەمە سیاسییەكانی ئەحزاب بۆ ئەوەی كوردستان ئەو بوارەی نەبێ ڕەهەندەكانی سیادەی دەرەكیی خۆی بەهێزتر بكات و وەك كیانێكی نەتەوەیی تۆكمە دەربكەوێت. بەلای بەشە سەرەكییەی ئۆپۆزیسیۆنەوە هەنگاونان بەرەو كیانی نەتەوەیی هیچ واتایەكی نییە جگە لە بەهێزتربوونی لایەنە دەستەڵاتدارەكانی كوردستان و نوشستی ئەوان.
زەوتكردنی مافی دەنگدانی گەل نیشانەی ترسە لە دەنگی خەڵك و ئیرادەی گەل كە سەرچاوەی هەموو شەرعییەتێكە. حەزی بێبەشكردن خەڵك بە سادەیی پێمان دەڵێت دەستەڵاتخوازی ئەولەوییەتی یەكەمیانە نەك دیموكراسیخوازی.
Top