ناپاكیی میدیایی
December 11, 2012
وتار و بیروڕا
كەشە سیاسییەكەی نێوان هەرێم و بەغدا هەناسەیەكی نوێی بەخشییە ئینتیمای نەتەوەیی و ئەو بڕوایەیشی لای جەماوەر قووڵتر كرد كە هەنگاونان بەرەو كیانی نەتەوەیی و وەدیهێنانی خەونە نەتەوەییەكان، ئەو بریتەیە كوردستان لە چنگی نكۆڵیكاری ڕزگار دەكات.
ئەوەیان داواكاریی هاووڵاتیانە كە لە دۆخێكی ئەوهادا دەستگرتن بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان و یارمەتیدانی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكان و پووچەڵكردنەوەیان ئەركی گشت لایەك بێت هەر لە لایەنە فەرمی و سیادییەكانەوە بگرە هەتا حزبە سیاسییەكان و دامودەستگەی ڕاگەیاندنی كوردییەوە.
ئەوەیان تاقیكردنەوەیەكی مێژووییە گشت كایە سیاسی و ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتییەكانی هەرێم پێیدا تێدەپەڕن كە چۆنچۆنی لە چەشنی نەتەوە سەربەرزەكان دەست بە بەرژەوەندییە باڵاكان بگرن و ببن بە بەشێك لە پلانی ستراتیژیی پاراستنی وڵات نەك ئەوەی لەبری نەیار و داگیركەرانی كوردستان كار لەسەر لاوازكردنی هەرێم و شێواندنی داوا ڕەواكانی گەلەكەیان بكەن.
مامەڵەكردنی بەشێك لە میدیای ئەهلی لەگەڵ ئەو گرفتانەی مان و نەمانی هەرێمی پێوە بەندە، مایە نائومێدییە و ناڕەزایەتیی زۆربەی شەقامی كوردی لێ كەوتووەتەوە. ڕاپۆرتەكەی هەفتەی ڕابردووی گۆڤاری لڤین ئەوپەڕی نابەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و ناپڕۆفیشناڵیی كاری میدیایی دەگەیەنێت.
لە هیچ شوێنێكی جیهاندا میدیایەك شك نابردرێت بێباكانە هەوڵی تاشینی سیفەتێك بۆ گەلەكەی بدات كە بە درێژایی مێژووی خەباتەكەی خۆی لێ پاراستووە و لە ژێر هیچ دۆخێكدا دەستی بۆ نەبردووە.
لەو كاتەی حكوومەتەكەی مالیكی بە هۆی تاكڕۆیی و پێشێلكردنی دەستوور و مافەكانی كوردستانیان و هەرەسهێنانی لە بەڕێوەبردنی وڵات و دۆسییەی ئاساییش و مافەكانی مرۆڤ كەوتووەتە ژێر گوشار و لە شەرعییەت شۆراوەتەوە، بەشداریكردنی میدیایەكی كوردی لە شەڕی دەروونی و هەڵبەستنی درۆ و چەواشەكاریی دارودەستەی مالیكی لە دژی هەرێم هیچ مانایەكی نییە جگە لە دژایهتیی ئیرادهی نیشتمانی.
بابەتەكەی نێو گۆڤارهکه كە گوایە مالیكی سەرقاڵی كۆكردنەوەی بەڵگەیە لە دژی سهرکردایهتیی کوردستان بۆ تێوەگلان لە كاری تیرۆریستی خاڵییە لە گیانی پیشەیی، چونكە هیچ جۆرە بەدواداچوونی بۆ نەكردووە و وەك ڕاستییەكی ڕەها مامەڵەی لەگەڵ كردووە و سەرچاوە و چۆنیەتیی هەواڵەكەیشی بۆ خوێنەر ڕوون نەكردووەتەوە.
ئهمه وێنەیەكی تڕاژیكی میدیای كوردییە كە چاك پێمان دەڵێ هزری بەشێك میدیایی كوردی زۆری ماوە لە قووڵایی بڕوابەخۆبوونی نەتەوەیی بگات و هێشتاكە گیرۆدەی فەهمێكی هەواڵگرییە بۆ كاری میدیایی و شوێنكەوتووی بوغزە تاكەكەسییەكانی سیاسییە خۆپەرستەكانە.
-ئەم بابەتە لە رۆژنامەی هەولێر وەرگیراوە