هەموو ڕۆژێک هەلەبجە

هەموو ڕۆژێک هەلەبجە
هه زاران سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی هەڵەبجەی بوکی کوردستان بێت لەساڵیادی هەڵەبجەی بوکی کوردستان سەری ڕێزو نەوازەش بۆ سەرجەم شەهیدانی هەڵەبجە و شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین.
کاتێك منداڵێکی چاوگەش ڕووحە سپیەکەی بەرەو ئاسمان دەفڕێت ،کاتێک پیرەمێردێك دەیان ئارەزوو ئاواتی بە قەتیسی دەمێنێت ، کاتێك ئافرەتێک بەسەر پردی مەرگا تێدەپەڕێت و ژوانی مرۆڤەکانی سەر ڕووی زەمین دەهەژێت، دەیان هەڵبەست وەکو پۆلێك باڵندە دەفڕن ، چیرۆك و ڕۆمان و نوسینەکان کاغەزی سپی ڕەش دەکەن ، ئەمانە هەموو ڕاستیەکن لەوەتی مرۆڤ هەیە ئەم هەست و نەستانە هەن ، لەوەتی زوڵم و زۆرداری هەیە هێزی مرۆڤایەتی وەك هاوکێشيیەکی تەریب بوونی هەیە دووتای تەرازووی ژیان پڕدەکەنەوە.
بەڵام کاتێك شارێك بەپێوە دەمرێت کاتێك هەڵەبجە بە شنەروێ و باخی میر و کۆڵانە تەنگەبەرەکانی دەخنکێنرێت کاتێک پێنج هەزار پەپولە هەر وەکو جگەر گۆشەکەی عومەری غاوەر لە ناو کۆشی گەرمی باوکیاندا هەناسەی ژیانیان لێدەبڕێت ، کاتێک باخی میر ووشک دەکاو بیبان سێوی ژەهراوی دەرخواردی( عەنەب و عەبابەیلێ ) دەدات، نازانم بە چ جۆرێک دەبێت وویژدانی مرۆڤەکان بدوێت ، کام هەڵبەست ، کام بیرۆکەی ڕۆمانەکان ، کام هەقبیێژ دەمارێت دەرەقەتی ئەو ناهەقیە بێت . هەڵەبجە برینێکی قوڵە لەناو جەستەی بێگوناحی قوریانیەکان بەڵام پێناسەیەکی ڕوونە بۆ نەتەوەیەك دەیان هەڵەبجەیان پێتفاند .
ئێمە کاتیک یادی هەڵەبجەیەکان و سەرجەم خەڵکی ئەنفال کراوی کوردستان دەکەینەوە و کەشێکی ئازادی کە ئاسمانی هەڵەبجەو بەشێك لە کوردستانی گرتۆتەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ، ئایە ئەو کەشی ئازادیە بە تەنهایی ساڕێژی برینەکانی هەڵەبجە دەکات ؟
بێگومان نەخێر ئازادی بێ نان و بێ خزمەت گوزاری وبێ دابین کردنی مافە سەرەتایەکانی مرۆڤ شتێکی ئەوتۆ نابەخشێت، بۆیە ئێمە دەبێت لە ئاستی هەڵەبجە و هەموو شارەکانی کوردستان یەك دڵ و یەك باوەڕ و یەك رێباز بین ئەگینا با خاوەنی چەندەها حیزب و ڕێکخرا و بیرۆکەی جیا جیا بین ئەگەر لە ئاستی ئەم شارە خۆشەویستانەدا یەکگرتوو نەبین هەرچی دەڵێن نوقومی چاڵی بێبنی درۆ و بوختانی سیاسەت دەبین نمونەشمان دڵە گەورەکەی کوردستانە شاری کەرکوکی خۆشەویست خۆتان بە چاوی خۆتان بینیتان چۆن جیاوازی بۆچونەکان ، بۆچون و جیاوازی پارتەکان بوون بە مایەی لاواز بوونی گیانی کوردیەتی کەرکوکمان. بۆیە دەبێت لە هەموو کەوتنێکدا عەقڵێك پەیدا بکەین.
Top