پرۆفیسۆر جه‌مال نه‌به‌ز .. هه‌فتا ساڵ کورد په‌رستی

پرۆفیسۆر جه‌مال نه‌به‌ز .. هه‌فتا ساڵ کورد په‌رستی
هه‌ندێ مرۆڤ هه‌ن پێویسته‌ هه‌ر به‌زیندوویی له‌ شوێنێکی گرنگدا په‌یکه‌ری شیاویان بۆ بتاشڕی ، ناوی به‌ شه‌قام و قوتابخانه‌ و داموده‌زگاکان ببه‌خشرێت ، وێنه‌ی زیندووی ئه‌و جۆره‌ مرۆڤه‌ زاتێکی وه‌ک بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان پرۆفیسۆر جه‌مال نه‌به‌زه‌ ، جاده‌ و مه‌یدانه‌کانی کوردستان به‌ په‌یکه‌ری جۆره‌ها که‌سایه‌تی نه‌خشێنراوه‌ ، نه‌به‌ز نه‌ ک له‌ که‌سیان که‌متر نیه‌ به‌ڵکو له‌ پێشی پێشه‌وه‌ی زۆربه‌یانه‌ .
جه‌مال نه‌به‌زێک له‌ سه‌ره‌تای په‌نجاکانی سه‌ده‌ی پێشوودا خه‌می گۆرینی په‌رتووکی قوتابخانه‌کان بکاته‌ خه‌می خۆی و له‌و ده‌مه‌دا هه‌ستێی به‌ کورداندنی چه‌ندین په‌رتوک بێت ئایا بۆچی وه‌زاره‌تی په‌ر‌وه‌رده‌ی هه‌رێمی کوردستان که‌ هه‌زاران قوتابخانه‌ به‌رێوه‌ ده‌بات بیری له‌وه‌ نه‌کرده‌وه‌ یه‌کێک له‌و قوتابخانانه‌ ناوی خۆنه‌ویستێکی وه‌کی نه‌به‌زی لێبنێ !؟ یان مه‌سه‌له‌کان ئه‌مرۆ له‌ بازنه‌یه‌کی داخراوی حیزبیدا چڕ بووه‌ته‌وه‌ ، کاتێک ئه‌مه‌ ده‌ڵێین ئه‌مرۆ کابینه‌ی به‌رێز نێچیرڤان بارزانی وا خه‌ریکه‌ وه‌زاره‌تی نوێ پێکه‌وه‌ ده‌نێ و به‌ ئه‌رکی ئه‌وانی ده‌زانین ئاورێک له‌ پڕکردنه‌وه‌ی چه‌ندی که‌لێن و که‌له‌به‌ری مه‌عنه‌وی وا بداته‌وه‌ .شاعیری هه‌ره‌ گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب مه‌حه‌مه‌د مه‌هدی جه‌واهری دوو په‌یکه‌ری بۆ تاشراوه‌ له‌ هه‌ردوو شاری سلێمانی و هه‌ولێر .. ئێمه‌ ناڵێین هه‌ڵوێستی جه‌واهری به‌رامبه‌ر کورد ئه‌وه‌ ناهێنێنی که‌ له‌ کوردستاندا په‌یکه‌ری هه‌بێت ، به‌ڵام نابێت ئێمه‌ له‌ پاشا پاشاییتر بین ، ناوبراو شاعیری هه‌ره‌ گه‌وره‌ی عه‌ره‌به‌ و عه‌ره‌بیش بیست و دوو وڵات و هه‌زاران شاری هه‌یه‌ ، ئایا بۆ شه‌ره‌فی داتاشینی په‌یکه‌رێکیان بۆ جه‌واهری به‌ خۆ نه‌سپارد ، ئه‌گه‌ر دیوانه‌که‌ی جه‌واهری بخوێنینه‌وه‌ ده‌بینین که‌س نه‌ماوه‌ له‌ پاشا و سه‌رۆک و سیاسه‌تمه‌داری عه‌ره‌ب نه‌چووبێتنه‌وه‌ ناو فه‌رهه‌نگی شیعری جه‌واهری !؟ ئه‌وه‌ شاری نه‌جه‌ف که‌ مۆڵگای ئه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ به‌غدا که‌ جوانترین وشه‌کانی پێشکه‌ش کردووه‌ تا کار ده‌گه‌یه‌ته‌ ئه‌وه‌ هه‌مو عێراق له‌ خۆیدا به‌رجه‌سته‌ بکات له‌ شیعره‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی ( انا العراق ) ، ئه‌وه‌ شام و ئه‌وه‌ عه‌مان که‌ جواهری له‌ ته‌مه‌نی نه‌وه‌د ساڵیدا جه‌ژنی له‌ دایکبوونی شا حوسه‌ینی به‌ به‌رزترین قه‌سیده‌ی سه‌رپێی پیرۆز کرد .
هه‌رچۆنێک بێت بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان ئه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێ که‌ به‌ چاوی خۆی رێزی نه‌ته‌وه‌که‌ی ببینێ ، هه‌ر وه‌ک له‌ زانکۆی سلێمانی جوانترین په‌یکه‌ر بۆ شاعیری گه‌وره‌ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت داتاشرا .
جه‌مال نه‌به‌ز شاعیر نیه‌ لێ هه‌زاران په‌یڤی له‌ناوچووی کوردی زیندوو کردووه‌ته‌وه‌ ، شاعیر نیه‌ لێ هه‌وڵی هه‌میشه‌یی ئه‌وه‌ بووه‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌ ده‌ستی خۆمان بنووسرێته‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌نها نووسراوی رۆژهه‌ڵاتناسه‌کان نه‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی نووسینه‌وه‌ی مێژووی دێڕینی پڕ له‌ سه‌روه‌ری و شارستانی کورد ، شاعیر نیه‌ لێ هه‌ست و نه‌ست شعوری چه‌ند نه‌وه‌یه‌کی به‌لای بیری نه‌ته‌وه‌یی کورده‌وه‌ جوڵانووه‌ته‌وه‌ ، شاعیر نیه‌ لێ نامه‌خانه‌ی کوردی هه‌تا هه‌تایه‌ به‌رهه‌مه‌ به‌پێزه‌کانی به‌ شانازییه‌وه‌ له‌ سه‌رشانی خۆی هه‌ڵده‌گرێ .
کاتێک نه‌به‌ز به‌ سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ ئاڵای نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵکرد، به‌ ناو رۆشنبیرانی غه‌رقبووی دونیای لاساییکردنه‌وه‌ی کوێرانه‌ی ئایدلۆژیا هاورده‌کان بێزیان نه‌ده‌هات توخنی بیری خۆماڵی کوردی بکه‌ون ، به‌ڵکو به‌ شانازییه‌وه‌ لافی مارکسییان لێده‌دا تا کار گه‌یشته‌ ئه‌م رۆژه‌ که‌ ئه‌وان خۆیان له‌ په‌راوێزدا ببیننه‌وه‌ و هه‌ڵگرانی بیری یه‌کسانی نه‌ته‌وه‌یی ببنه‌ پێشه‌نگ و نه‌ته‌وه‌گه‌رێتی پاقژ جێگای خۆی له‌ مێشکی زوربه‌ی زۆری رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان داگیر بکات .
نه‌به‌ز له‌ شاری سلێمانی چاوی به‌ دونیا هه‌ڵهێناوه‌ که‌چی له‌ هیچ جێگایه‌ک و له‌ هیچ نووسراوێکیدا بۆنی ئه‌وه‌ی لێناکرێت که‌ شاره‌که‌ی خۆی له‌ هیچ شارێکی دیکه‌ی کوردستان خۆشتر بوێت ، له‌ کن نه‌به‌ز قامیشلو و ئامه‌د و ده‌رسیم و ئامودا و مه‌هاباد و ئیلام و هه‌لێر و کرمانشاه و دهۆک و خانه‌قی و که‌رکوکی پایته‌ختی دوارۆژمان هه‌ر سلێمانیه‌ .ده‌سا ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی حکومه‌تی هه‌رێمین رێز له‌ رێزدارێکی وه‌ک نه‌به‌ز بنێ و به‌وه‌ش دڵی ده‌یان هه‌زار له‌ هه‌وادارانی فێنک ده‌کاته‌وه‌ .
له‌ دوایشدا ده‌بێژین ، په‌یکه‌ری تۆ و هاووێنه‌کانتان وا له‌ چوارچێوه‌ دڵی ئێمه‌یه‌ مامۆستا گیان .
Top