کۆنگره‌ی نیشتمانی عێراق بێ بارزانی ، به‌ره‌و کوێ ؟

کۆنگره‌ی نیشتمانی عێراق بێ بارزانی ، به‌ره‌و کوێ ؟
زنجیره‌ی قه‌یرانه‌کان له‌ عێراقدا بێکۆتاییه‌ ، به‌ پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی هه‌ندێ که‌س له‌وانه‌ی تروسکاییه‌کییان لێده‌بێته‌ خۆره‌تاو رۆژ له‌ دوای رۆژ قه‌یرانه‌کان ئه‌ستوورتر ده‌بن وگرێکان کوێرتر ده‌بن ، ئه‌وانه‌ی له‌ دوای 9ی گوڵانی 2003 له‌ گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت ده‌رکه‌وتن زۆربه‌ی زۆریان له‌ پاڵ ئه‌وه‌ی که‌سانی نه‌ناس و بێ بنه‌ما بوون هیچ جۆره‌ تاقیکردنه‌وه‌یه‌کیان نه‌بوو له‌ شێوازی حوکم و ئیداره‌ بۆیه‌ زۆر به‌ ئاسانی بوون به‌ داشی دامه‌ی ده‌ستی وڵاتانی ده‌وروپشت و به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌تیتر ئێران به‌ هۆی جۆشی مه‌زهه‌بگه‌رێتی به‌ ده‌ستێکی پۆڵایین سه‌رجه‌م تیره‌کانی ناو پارته‌ شیعییه‌کانی به‌ ده‌ستی خۆوه‌ گرت ، به‌ خواستی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئێران به‌ ئاره‌زووی خۆی تییره‌کان شل یان سه‌رت ده‌کەنه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ وای کردووه‌ که‌ سه‌رجه‌م شیعه‌ی عێراق بکه‌ونه‌ ژێر رکێفی ئه‌و پارته‌ شیعییانه‌ و ئه‌و پارتانه‌ش بکه‌ونه‌ نا مشتی مه‌رجه‌عیه‌تی عه‌لی سیستانی که‌ نه‌ خۆی و نه‌ کوره‌که‌ی ناتوانن به‌ زمانی عه‌ره‌بی بدوێن و مه‌رجه‌عییه‌تیش راسته‌ و خۆ ملکه‌چی ویلایه‌تی فه‌قیه‌ بێت له‌ ئێران ، ته‌نانه‌ت مه‌حه‌مه‌د ره‌زای کوری عه‌لی سیستانی کچی خۆی داوه‌ به‌ کوڕی ئه‌حمه‌د خومه‌ینی، ئه‌نجامی ئه‌م پۆڵینه‌ سیاسییه‌ وای کردووه‌ که‌ پارته‌ شیعییه‌کان ده‌رگای وتو وێژ سفت داخه‌ن له‌ گه‌ڵ سوونه‌ی عێراق که‌ بێگومان ئه‌مه‌یان به‌ پێچه‌وانه‌ی ویستی ئێران هه‌ندازه‌ی دابه‌ش بوونی خاکی عێراق ده‌ستنیشان ده‌کات ، ئێران ده‌یه‌وێ خاکی عێراق یه‌ک پارچه‌ بێت و ده‌سه‌ڵاتیش هه‌میشه‌ به‌ ده‌ستی شیعه‌وه‌ بێت هه‌ر نه‌بێت بۆ ماوه‌ی هه‌شتا ساڵێک بۆ یه‌کسانیکردنه‌وه‌ی حوکمی سوننه‌ له‌ عێراق که‌ له‌ 1921 ه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد تا 2003 ، ئێمه‌ بینیمان که‌ سوونه‌کان دوابه‌دوای روخاندنی رژێمی به‌عس هه‌میشه‌ ده‌یانگووت خاکی عیراق ده‌بێت به‌ یه‌کپارچه‌یی پارێزراو بێت که‌چی ده‌بیستین دوای تێپه‌ڕبوونی نۆ ساڵ تازه‌ درکیان به‌ پیلانی ئێران کردووه‌ بۆیه‌ ده‌م له‌ فیدڕاڵی ده‌کووتن به‌ڵکو هه‌ندێکیان باس له‌ جیابوونه‌وه ش‌ ده‌که‌ن ( ئوسامه‌ نوجه‌یفی وه‌ک نموونه‌ ) .

له‌ دواترین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق سوونه‌ی عه‌ره‌ب به‌ یارمه‌تی ژێراوژێری وڵاتانی که‌نداو و ترکیا توانییان به‌ دوو کورسی له‌ ده‌وڵه‌تی قانون ببه‌نه‌وه‌ ، به‌ڵام له‌ به‌ر نه‌بوونی عه‌قڵی سه‌رکردایه‌تی له‌ ریزه‌کانی لیستی عێراقییه‌ی سوونه‌کان نه‌یانتوانی به‌ره‌یه‌ک درووست بکه‌ن که‌ نیوه‌ + 1 پێکبێنن بۆ گرتنرده‌سته‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ، ئه‌و کاره‌ش به‌وه‌ ده‌بوو که‌ عێراقییه‌ پێک بێن له‌ گه‌ڵ کورد و به‌شێک له‌ شیعه‌کان ، به‌ڵام به‌ هۆی وتووێژی هه‌ندێک له‌ لیستی عیراقییه‌ نێوانی خۆیان و کوردی سه‌هۆڵبه‌ند کرد و ئێرانیش سوودی له‌ کات وه‌رگرت له‌ تارانه‌وه‌ هه‌موو به‌ره‌کانی شیعه‌ی له‌ به‌ره‌یه‌کدا یه‌کخست و باره‌که‌ به‌ هه‌ڵواسراوه‌یی چه‌ندین مانگ درێژه‌ی کێشا تا ئه‌و ده‌مه‌ی سه‌رۆکی کوردستان کاک مه‌سعود بارزانی ده‌ستپێشخه‌ری هه‌ولێری ئاشکرا کرد و له‌ دوو رۆژدا ئه‌وه‌ی هه‌مو وڵاتانی ده‌وروپشت و ئه‌مریکاش نه‌یانتوانی ئه‌نجامی بده‌ن له‌و دانیشتنه‌ ئه‌نجام درا به‌ ره‌زامه‌ندی هه‌مولایه‌نه‌ دژواره‌کان ، بێگومان ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر شتێک بگه‌یه‌نێت ، ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌ سه‌رۆکی کوردستان تاقه‌ هێزی متمانه‌ پێکراوه‌ له‌ عێراقدا وپایه‌ی هه‌ولێریش وه‌کو پایته‌ختی کوردستان ئه‌وه‌نده‌ی تر گه‌وره‌ بووه‌وه‌ .

دوای بنیاتنانی حکومه‌ت ورده‌ ورده‌ ده‌رکه‌وت نوری مالکی جارێکی تر گه‌رایه‌وه‌ سه‌ر مەیلەکەی جارانی که‌ هه‌میشه‌ پێوه‌ی ناسرابوو بۆ پاوه‌ن کردنی ده‌سه‌ڵات بۆ خۆی و حیزبی ده‌عوه‌ که‌ تا ڕاده‌یه‌کی زۆر تێیدا سه‌رکه‌وتوو بوو ، هه‌ر به‌ پێی ئه‌و مه‌یله‌ دیکتاتۆرییه‌ی توانویه‌تی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت شوێنه‌ گرنگه‌کانی ناو ده‌وڵه‌ت پڕ بکات له‌ ئه‌ندامانی حیزبه‌که‌ی به‌ شێوه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر هه‌ر وه‌زیرێک له‌ کورد یان له‌ سوننه‌ پۆستی هه‌ر وه‌زاره‌تێک بگرنه‌ ده‌ست خۆیان له‌ ناو گه‌مارۆی کۆمه‌ڵێک له‌ ئه‌ندامانی ده‌عوه‌ ده‌بیننه‌وه‌ که‌ ئه‌رکانی وه‌زاره‌ته‌که‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ .

ئێستا دوای ئه‌وه‌ی جارێکی دیکه‌ گرژی که‌شی عێراقی گرتووه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و قه‌یرانه‌ ده‌ستکرده‌ی مالکی بۆ چه‌ند ئه‌ندامێکی لیستی عێراقییه‌ی رستووه‌ عێراق پتر به‌ره‌و په‌رته‌وازه‌یی ودابه‌شبوون هه‌نگاو ده‌نێت ، مالکی وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت نه‌یتوانی هاشمی په‌له‌کێشی دادگاکه‌ی بکات بۆیه‌ ده‌یه‌وێ له‌ رێگه‌ی به‌ستنی کۆنگره‌یه‌کی ( نیشتمانی ! ) ئاره‌قی شه‌رمه‌زاری خۆی بشارێته‌وه‌ ، هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ بڕوانامه‌ی مردنی ئه‌و کۆنگره‌یه‌ دراوه‌ته‌ ده‌ستی ئه‌وانه‌ی کار بۆ به‌ستنی ده‌که‌ن . چه‌ند هۆکارێکیش له‌ پشتی ئه‌م مردنه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ رای من گرنگترینیان به‌شدارنه‌بوونی شه‌خسی بارزانییه‌ که‌ نوێنه‌ره‌که‌ی له‌ به‌غدا رۆژ نوری شاوه‌یس به‌شدار ده‌بێت ، دووه‌م هۆکار گواستنه‌وه‌ی گفوگۆکانه‌ بۆ به‌غدا به‌ مه‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی گوایه‌ پایته‌ختی عێراقه‌ ، سێیه‌میان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێستا سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی لیستی عێراقیه‌ به‌ ئاماژه‌ی سه‌رۆکی کوردستان ده‌جوڵێنه‌وه‌ که‌ سه‌رۆکیش له‌ کۆنگره‌ نه‌بێت ئه‌وان به‌ گۆنگره‌ی چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی نازانن، چواره‌م هۆکار ئه‌وه‌یه‌ که‌ چاره‌سه‌ربوون بێ که‌نارکردنی مالکی ئه‌نجام نادرێت ئه‌مه‌شیان له‌ رۆشنایی ئه‌و سه‌ره‌تاییه‌ی ئاماژه‌مان بۆ کرد ده‌بێته‌ شه‌رتێکی نیوچه‌ ته‌عجیزی ، ئه‌مه‌ و ده‌یان هۆکاری لاوه‌کیش مردنی کۆنگره‌ پشتڕاست ده‌که‌نه‌وه‌ .

هه‌ر رۆژێک تێده‌په‌رێت به‌ سه‌ر عێراق هه‌نگاوێک له‌ دابه‌شبوون نزیکی ده‌کاته‌وه‌ ، وابزانم هه‌مو لایه‌نه‌کانیش گه‌یشتوون به‌و بروایه‌ی که‌ دابه‌شبوون رێشه‌کێشکردنی سه‌رجه‌م کێشه‌کان ده‌بێت . .
Top