بیركردنه‌وه له به‌ده‌ست هێنانی پله‌وپایه و ترس له شكنجه و ئازار، هه‌ردووكیان جێی مه‌ترسین
August 19, 2010
وتار و بیروڕا
هه‌میشه له‌و برِوایه‌دابووم و هه‌م كه نابێ رووهه‌ڵماڵاوانه گه‌نجان و لاوان رووشكێن بكرێن، هه‌تا له‌و گه‌نجانه‌ی كه به دوای ناو و ناوبانگدا ده‌گه‌رِێن، كه‌متر ره‌خنه‌م گرتووه. چونكه هیچ جێگای گومان نییه رۆژێك دێت له ناو لاوان‌دا، تێگه‌یشتووه‌كانیان به‌سه‌ر كه‌موكورییه‌كانیان داده‌چنه‌وه و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌سدا به گرنگتر داده‌نێن. ته‌نیا ده‌بێ هه‌لیان بۆ بره‌خسێنرێ و له ئاستیاندا زوو هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گیرێ. ده‌نا یه‌كێكی وه‌ك به‌رِێز "قانعی فه‌رد" هه‌ڵده‌كه‌وێ! هه‌رچه‌نده ئه‌وه حه‌قیقه‌تی مێژوویه، دره‌نگ و زووی هه‌یه، گه‌رنا پاشه‌كشه‌ی نییه. ئێستاكه گه‌ر لاوێكی وه‌ك ئه‌و به‌رِێزه‌ی باسمان كرد، سووربوون له‌سه‌ر وته و نووسراوه‌كانیان و بۆ پاراستنی هه‌لومه‌رجی تاكه‌كه‌سیان و به‌ده‌ست هێنانی پله‌و پایه و ئافه‌رین و باره‌كه‌للا پێگوتن له‌م لاو له‌ولاو، ژیان له ژێر سێبه‌ری دیكتاتۆرییه‌تدا لانی كه‌م بێده‌نگ نه‌ده‌بوون و بۆچوونی پێچه‌وانه‌یان ده‌بوو و مافی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان له ژێر پێ نه‌ده‌نا و پشتیان له مێژووی خۆیان نه‌ده‌كرد و كه‌سایه‌تییه مێژووییه‌كانیان به نرخێكی كه‌م هه‌رزان فرۆش نه‌ده‌كرد. كه‌وایه نابێ له ئاست ئه‌و كه‌سانه‌دا، بێده‌نگی بكرێ و دروست نییه نووسین و قسه‌كانیان به حسابی ئه‌وه‌ی كه گه‌نجن و كاڵن و ئه‌زموونیان نییه وه‌ربگرین. بگره ئه‌و جۆره كه‌سانه رێگای خۆیان هه‌ڵبژاردووه و ده‌بێ پیلانه‌كانیان له قاو بدرێ و بێ هیچ چه‌شنه تۆمه‌ت و بوختانێك، كه‌سایه‌تییه‌كه‌یان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه به خه‌ڵك بناسێندرێ. ده‌بێ ئه‌و كه‌سانه‌ی برِوایان به دیموكراسی هه‌یه بزانن، ئه‌و كاره‌ی كه پیلانگێرِانی ده‌ره‌كی له ژێر ناوی توێژه‌ر و رۆژنامه‌نووس و رۆژهه‌ڵاتناس و ...هتد پێیان نه‌كراوه یان توانای ئه‌وه‌یان نه‌بووه ئه‌نجامی بده‌ن، ئێستاكه هه‌ندێك له‌وانه‌ی هاوخوێنمانن و له‌خۆمانن ده‌یكه‌ن كه به‌راستی جێگای داخه. هه‌رچۆنێك بێ ئێمه له‌وباره‌دا دادبینی گشتی ده‌ده‌ینه مرۆڤه تێگه‌یشتووه‌كان و توێژه‌ره بێ لایه‌نه‌كان.
من قه‌ت وه‌ك ئه‌وانه‌ی كه زۆر لایه‌نگری رژێمی شایه‌تین، یان لایه‌نگری توندی بۆچوونه‌كانی خومه‌ینین و ده‌ڵێن و دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه كه شا سێبه‌ری خودایه و خومه‌ینی جێنیشینی ئیمامی مه‌هدییه، بیرنامه‌كه‌وه. واته گشت سیاسه‌تمه‌دارانی نه‌ته‌وه‌كه‌م به‌بێ هه‌ڵه‌ی و كه‌موكوری نابینم. بێگومان ئه‌وانیش هه‌ڵه‌یان هه‌بووه و هه‌یه. ئه‌وه شتێكی زۆر سروشتییه كه هه‌ركه‌سێك كار بكات و چالاكی هه‌بێ هه‌ڵه‌شی ده‌بێ.
جێگای ئاماژه پێدانه كه له‌نێو كه‌سایه‌تییه به‌ناوبانگه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌رِاستدا، كه‌سانێكی زۆر به‌رجه‌سته هه‌ڵكه‌وتوون، وه‌ك، خوالێخۆشبوو، دكتۆر موسه‌دیق، قازی مه‌حمه‌دی نه‌مر ، دامه‌زرێنه‌ر و یه‌كه‌مین رێبه‌ری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، كه پاكی و راستگۆیی وه‌فاداریان بۆ مێژوو شاراوه نییه. دوژمن قه‌ت گومانی له پاكی ئه‌وانه نه‌بووه. خاڵێكی زۆر جێگای سه‌رنج ئه‌وه‌یه كه حكومه‌تی به‌ریتانیا ئه‌و كه‌سایه‌تییه ناودارانه‌ی ئاماژه‌مان پێدان به‌پێی به‌ڵگه و دوكومێنته‌كان كه له ئه‌رشیڤی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا دایه، به دوژمنی سه‌ره‌كی و یه‌كه‌میان داده‌نێت.
من هیچ كاتێك هیچ سیاسییه‌ك ته‌نانه‌ت ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه سیاسییشه كه ئاماژه‌م پێدا، له برِیاره سیاسییه‌كاندا به‌بێ هه‌ڵه و كه‌موری نابینم. گشت سیاسه‌تمه‌دار و رێبه‌رانی گه‌لان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌رِاستدا كه هاتوونه‌ته گۆرِه‌پانی سیاسییه‌وه، ته‌نانه‌ت باشترینه‌كانیشیان گرنگ نییه به چ مه‌به‌ستێك هه‌نگاویان نابێته‌وه، گرنگ ئه‌وه‌یه له رێگای گه‌یشتن به مافه‌كانی گه‌له‌كه‌ی خۆیان به بۆچوونی خۆیان تا راده‌یه‌كی باش هه‌نگاویان ناوه، هه‌رچه‌نده ئه‌وانیش بێ كه‌موكوری نه‌بوونه، ره‌نگه به‌رِێز قانعی فه‌رد، بڵێت كه كاره‌كه‌ی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه و هیچی دیكه. كه‌وایه ده‌بێ هه‌ردوولای كێشه‌كان باس بكات نه ته‌نیا لایه‌كیان. واته نابێ به جۆرێك دڵی رژێمه كونه‌په‌رسته‌كانی هاوشێوه‌ی كۆماری ئیسلامی خۆشحاڵ بكرێت، گه‌ر ده‌تهه‌وێ به‌راستی كه‌سایه‌تی یه‌كێك بناسی، سه‌ره‌تا ده‌بێ بۆچوونی دوژمنه‌كانی له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سه‌وه بزانی. ئه‌وه راسته كه سیاسه‌تمه‌دارانی به‌ریتانی و ئه‌مه‌ریكی به‌پێی ئه‌و نووسراوانه‌ی كه من هه‌ندێكیان له كتێبه‌كه‌ی خۆم كه به ئه‌ڵمانی نووسیمه، له ژێر ناوی "ساڵێك حكومه‌تی ئۆتۆنۆمی كوردستان" "كۆماری مه‌هاباد 1946-1947) به سوود وه‌رگرتن له سه‌رچاوه‌كانی "پابلیك ركۆرد ئۆفیس، وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا كه ئه‌و گه‌نجه ره‌خنه‌گره‌ش له نووسینه‌كانی له‌سه‌ر مه‌لا مسته‌فا پشتی به‌و سه‌رچاوانه به‌ستووه، بۆیه دووباره باسكردنیان به‌گرنگ نازانم. گه‌ر به‌راستی به‌رپرسانی CIA و ئینتله‌جنس ئه‌و به‌ڵگانه‌ی "قانعی فه‌رد" به‌هه‌ند وه‌رده‌گرن، ئه‌وان له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه بارزانی نه‌مر له یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو په‌نابه‌ر بوو و جیهان له سه‌ره‌تای شه‌رِی سارد دابوو، چه‌ندین جار ئه‌وه‌یان دووباره ده‌كرده‌وه. ئه‌مرِۆكه بارزانی نه‌مر نه‌ماوه كه به‌رگری له خۆی بكا و بڵێت ئاخر له چ په‌یوه‌ندییه‌ك دا. گه‌ر واشی گوتبێ.. كه‌وایه ئێمه گه‌ر برِوامان به كه‌رامه‌تی ئینسانی هه‌یه، ده‌بێ هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئه‌و كێشه‌یه وه‌به‌رچاو بگرین و پاشان حوكمی خۆمان بده‌ین. توێژه‌ره‌وه‌یه‌ك ده‌بێ له په‌نا خاڵه سلبییه‌كانی كه‌سایه‌تییه‌كدا، خاڵه ئیجابییه‌كانیشی باس بكات. ته‌نیا قین له دڵان و دوژمنانن كه یه‌ك لایه‌نه ده‌جوڵێنه‌وه و خاڵه باش و خراپه‌كانی كه‌سێك به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان باس ده‌كه‌ن, واته به‌وجۆره باسی ده‌كه‌ن كه زیانی بۆ وان تێدا نه‌بێ. به‌ڵام گه‌ر توێژه‌ره‌وه‌یه‌ك وه‌ك دوژمنان بجوڵێته‌وه، بێگومان پایه‌ی مه‌عنه‌وی خۆی و كاره‌كه‌شی هێناوه‌ته خوار. گه‌ر توێژه‌وه‌یه‌ره‌ك پاڵی به دوژمن نه‌دابێ و به‌ده‌ستهێنانی پله‌و پایه بۆی گرنگ نه‌بێ، هیچ كاتێك ئاماده نییه پشت له راستییه‌كان بكات.. چونكه ژیان به هه‌ر نرخێك شایانی مرۆڤ نییه.
به‌داخه‌وه ده‌بێ به‌و گه‌نجه‌ی كه شه‌یدای به‌ده‌ستهێنانی ناووناوبانگه بڵێم، ئه‌و كاره‌ی تۆ كردۆته‌وه واته شێواندنی مێژوو مایه‌ی شه‌رمه‌زارییه. به‌ڵام چار چییه كاتێك یه‌كێك ئاماده‌یه به هه‌ر نرخێك بژی، ئه‌وه‌ش ده‌كات. به ئاوات بووم پاش كۆماری ئیسلامی گه‌ر دیموكراسی ترین رژێم له ئێران‌دا بێته سه‌ر كار، شوێن و پێگه‌ی "قانعی فه‌رد" له كوێ ده‌بێ! له ئێستاوه ده‌بێ بڵێم وای بۆ ده‌چم ئه‌ویش وه‌ك د. سروش، بیرۆدزی پێشووی كۆماری ئیسلامی، ده‌چێته زانكۆیه‌كی ئه‌مه‌ریكا یان به‌ریتانیا، به‌ڵام گه‌ر مردم و ئیتر له جیهان دا نه‌مام و ئه‌و بۆچوونه‌ی من هاته دی، ئه‌وكات چاوه‌رِوانی ئه‌وه‌م لاوانی تێگه‌یشتوو و پێگه‌یشتووی وڵاته‌كه‌م پێم بڵێن، ئافه‌رین بۆ بۆچوونه‌كه‌ت! گه‌ر پێچه‌وانه‌ش بوو بڵێن به نه‌فرین بی له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌كانت.
"قانعی فه‌رد" ده‌نووسێ: ریوایه‌تێك هه‌یه له له‌نده‌ن ده‌ڵێت ئینگلیزه‌كان بارزانیان فریودا كه بێته ئێران له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه كۆماری مه‌هاباد برِوخێنێت"
ئه‌وه‌یان به‌راستی تۆمه‌تێكی گه‌وره‌یه، به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه ره‌نگه راست بێ، چونكه ئینگلیزه‌كان ناوچه‌كانی بارزانیان بوردومان كرد و خه‌ڵكێكی زۆر له پێشمه‌رگه و بنه‌ماڵه‌كانیان تووشی كاره‌سات بوون، ئه‌وكات بارزانی ناچار بوو كه بێته كوردستانی ئێران. ره‌نگه ئه‌و گه‌نجه‌ی كه شه‌یدای ناووناوبانگه، بوردومانی ئینگلیزه‌كان به هاندان بزانێت! له شوێنێكی دیكه‌دا "قانعی فه‌رد" باس له‌وه ده‌كات كه قازی محه‌مه‌د، ئاڵای كوردستانی نه‌دایه مه‌لامسته‌فا! ئه‌وه‌یان به‌راستی زۆر جێگای شه‌رمه، چونكه دانیشتنه‌كانی دادگایی نیزامی شا و راپۆرته‌كانی ئه‌فسه‌ری رۆژنامه‌نووسی گۆڤاری "ئه‌رته‌ش" به‌درۆ بخرێته‌وه و پشت به قسه‌ی به‌رپرسێكی به‌ریتانی ببه‌سترێ! ده‌بێ بڵێم به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی قانعی فه‌رد له نووسینه‌كانیدا هێناویه‌تی، ته‌نیا به‌مه‌به‌ستی ئه‌نقه‌ست بۆ دووبه‌ره‌كی و دوژمنایه‌تی خستنه ناو كورده‌كانی ئێران و عێراقه. هه‌ربۆیه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی به توندی ئیدانه ده‌كه‌م و پێشنیاری پێده‌كه‌م، به‌داخه‌وه ده‌بێ بڵێم "قانعی فه‌رد" به‌و كاره‌ی جا به شاره‌زایی بێ یان نه‌زانی یارمه‌تی دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان ده‌دات. سه‌رده‌مێك من "قانعی فه‌رد"م وه‌ك منداڵێكی خۆم داده‌نا، به‌ڵام ئێستاكه ده‌بێ بڵێم كه ئه‌و منداڵه‌م مرد!
هایدلبرگ، ئه‌لمانی فیدرال، 12/9/2010