گۆڕانکاریی چاوەڕوانکراو لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دوای پەتای کۆڕۆنا

گۆڕانکاریی چاوەڕوانکراو  لە  پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دوای پەتای کۆڕۆنا
ھەمووان یان زۆربەی توێژەرو شرۆڤەکاران کۆکن کە دۆخی دوای کۆڕۆنا وەک پێشووتر نابێت، ئایا ئەو گۆڕانکارییە پێشبینیکراوانە لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێودەوڵەتی پەیڕەودەکرێن، یان لەم بوارەدا لەگەڵ بوارەکانی دیکە جیاوازییان دەبێت؟
ئەگەر گریمان گۆڕانکاریی ڕووبدات، ئایا ئەم گۆڕانکارییە بە کردەنی پێش کۆڕۆنا دەستی پێکردووەو دوای ئەویش بە ھەمان شێوە، ھەروەھا تەنیا خێراکردنی ئاراستەی گۆڕانکارییەو قەیرانی کۆڕۆناش پەردەی لەسەر ھەڵماڵیوە؟
ئایا جیھان دەچێتە دۆخێکی باشترەوە لەوەی کە پێش پەتاکە تێیدا بووە، یان لە جاران خراپتر دەبێت، ئاخۆ سیستەمی جووت جەمسەر کە چەندین دەیەیە لە ئارادا بوو ھەر بەردەوام دەبێت یان سیستەمێکی فرەجەمسەر شوێنی دەگرێتەوە؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە لە قۆناغی ئێستادا لەبەر چەند ھۆکارێکی جەوھەری ئەوەندە ئاسان نییە. یەکێک لە ھۆکارەکان پەیوەستە بە خودی پەتاکەوە، کە تا ئێستا کاتەکە دیار نییە کەی پێکوتەیەکی کاریگەری سەرکەوتووی ئەم ڤایرۆسە دەدۆزرێتەوە، ھەروەھا زەحمەتە بە وردی لێکەوتە ئابووری و دارایی و کۆمەڵایەتییەکان دەست نیشان بکرێن لەسەر دەوڵەتانی پێشکەوتووی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکان و چین و ڕووسیاو دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپا، کە ئەم لێکەوتانە کاریگەریی زۆریان دەبێت لەسەر پێگەی پەیوەندیی نێوان ئەم دەوڵەتانە، ھەروەھا لە ھاوسەنگیی ھێزی نێوان خودی ئەو دەوڵەتانە.
تا کۆتایی جەنگی دووەمی جیھان سیستەمی جووت جەمسەر کۆنتڕۆڵی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کردبوو ئەوانیش بەریتانیاو فەرەنسا بوون، بەریتانیا لە ڕابردووداو لە قەیرانی کۆلۆنیالیزمدا کە ناسرابوو بە ( کۆڵۆنیالێک کە خۆر لێی ئاوا نابێت) لەبەر ئەوەی سنوورەکەی لە ھیندستانەوە دەستی پێ دەکردو تا رۆژھەڵات لە کیشوەری ئەمریکا کۆتایی دەھات، ئەو دەوڵەتەو فەرەنساش دوای سەربەخۆبوونی کۆلۆنییەکان و جەنگی دووەمی جیھان، بوون بە دەوڵەتانی خاوەن ھێزی مامناوەند لە ھاوسەنگیی پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا، بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتیی سۆڤییەت وەک جووت جەمسەری سەرەکی لە پەیوەندیی نێودەوڵەتی شوێنیان گرتنەوە.
لەپاڵ ئەو جووت جەمسەرەشدا چەندین لایەنی دیکەی کارای خاوەن کەسایەتیی یاسای نێودەوڵەتی، کە تایبەت بوون بە شێوەی سەرەکی بە دەوڵەتانی نەتەوەییەوە ھاتنە گۆڕەپانەکەوە ،ئەوانە شوێنی خۆیان لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا کردەوە، وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی سەر بە ئەو لەوانە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی و دادگای دادی نێودەوڵەتی و دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی.. تاد، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یەکێکە لە گرنگترین دەزگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە چوار ئەرکی بۆ دیاریکراوە: پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، گەشەپێدانی پەیوەندیی دۆستایەتیی نێوان نەتەوەکان، ھاوکاری کردن بۆ چارەسەری کێشە نێودەوڵەتییەکان و بەتینکردنی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، کارکردن وەک بەرەیەکی مەرجەع بۆ ھەماھەنگیی کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەوەی گرنگە کە ئاماژەی پێ بکرێت لەم ڕوانگەیەوە، ئەرکە دیاریکراوەکانە کە لە پەیماننامەی ئەنجومەنی ئاسایشدا ھاتوون، وەک جەختکردنەوە لە ئارەزووی دەوڵەتانی ھەمیشە ئەندام لە ئەنجومەنەکە، پێداگری لە دەسەڵاتی چاودێری بەسەر کارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیدا، تاکە دەسەڵاتێکی باڵای ھەبێت لە دیاریکردنی پەرەسەندنی رێکخراوەکەدا، لە ڕێی پێدانی مافی ڤیتۆ بە ئەندامان، ماددەی ٢٣ی پەیماننامەکە ئاماژەی بە ناوی دەوڵەتانی ھەمیشە ئەندام کردووەو کە بریتین لە کۆماری چین، فەرەنسا، یەکێتی کۆمارەکانی سۆسیالیستی سۆڤییەت، شانشینی یەکگرتووی بەریتانیای مەزن، ئێرلەندای باکوور، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ھەروەھا پرۆفیسۆر میشیل فیرالی مامۆستا لە یاسای نێودەوڵەتیی زانکۆی سۆربۆن روونی کردۆتەوە کە ئەو سێ دەوڵەتەی دوایی دەوڵەتانی سەرکەوتووی سەربازی بوون لە جەنگی دووەمی جیھاندا.
زیادبوونی دوو ئەندام(چین و فەرەنسا)و ڕەچاوکردنی تواناکانیان لەو ڕێکخراوەدا لەسەر بنەمای بینینی ڕۆڵی پێشەنگ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ قۆناغی دوای جەنگ، ڕووداوێکی گرنگ بوو، پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان مەرجی دانا بەوەی کە ھەر ھەموارکردنەوەیەکی پەیماننامەکە پێویستە بە پێی ماددەی(١٠٨) بێت و دوو لەسەر سێی ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی لەسەر بدەن، لەوانەش ھەموو ھەمیشە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش.
لێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە چۆن پێشتر دەوڵەتانی براوەی جەنگی دووەمی جیھان توانیان بۆ خۆیان دەستکەوت و دەسەڵات بەسەر نەتەوە یەکگرتووەکان دابین بکەن، کە ئەمەش دەبێتە ڕێگر لەبەردەم دەوڵەتانی دیکەدا کە گۆڕانکاریی بکەن و ھەیکەلبەندیی ژمارەی دەوڵەتانی ھەمیشە ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داڕێژنەوە.
بۆیە بە پلەی جیاواز کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان، بە تایبەتیش کە لە حەفتاکاندا دەرکەوتن، ڕۆڵی تەواوکەریان گێڕا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ ھێزە ئابوورییەکانی جیھان بە حوکمی پەیوەندیی بەھێزیان لەگەڵ بڕیاربەدەستان لە شوێنە ڕەسەنەکانی خۆیاندا.
بەھەرحاڵ، رۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و شۆڕشی پەیوەندی و گەیاندن و ھۆیەکانی سۆسیال میدیا، کە پێشتر کاریگەریی لاوەکییان لە ڕێڕەوی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ھەبوو، ئەم جارە کاراتر دەرکەوت. لەم ڕوانگەیەوە ئاماژە بە کارایی میدیای تەلەفزیۆنی دەکەین لە سەروبەندی شەڕی ڤێتنام، کە بە گواستنەوەی دیمەنەکانی قوربانیانی ھەردوو لای ئەمریکی و ڤێتنامی، توانیان بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشداریی لە کۆتاییھێنان بە شەڕ بکەن، دیواری بەرلین ڕووخا، ئیمپراتۆریەتی یەکێتیی سۆڤییەت ھەڵوەشایەوە، دوای ئەوەی زۆرینەی کۆمارەکانی پێشوو سەربەخۆییان وەرگرت و سەروەرییان بە دەست ھێنایەوە، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە یەکێتیی سۆڤییەتی جاران بگەڕێتەوە باوەشی ڕووسیای فیدرال، بەڵام پارێزگاریی لە کورسییەکەی خۆی کرد وەک ئەندامێکی ھەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەپێی لێکگەیشتن لەگەڵ ئەندامانی دیکەی پێشووی یەکێتیی سۆڤییەت.ھەروەھا سەرکەوتنی خێرای چین بۆ جووت جەمسەر لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان، بووە ھۆی پاشەکشەکردنی پێگەی ڕووسیا لەبەردەم ویلایەتە یەکگرتووەکاندا.
لەبەر ئەوە ڕووسیا لەگەڵ فەرەنسا ھەوڵیان دا بیرۆکەی گرنگیی فرە جەمسەری بخەنە ڕوو وەک ئەلتەرناتیڤێک بۆ جووت جەمسەری(چین و ئەمریکا)، بۆیە ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی لە ٢٩ی نیسانی ڕابردوو ئاماژەی بەو ھەوڵەی ڕووسیاو فەرە نسا داوە.
ئەم بیرۆکەیە پێش سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ ھاتە ئاراوە، پاڵنەری ھاوبەشیان ئەوە بوو کە سەرۆکی ڕووسیا پوتین وای پیشان دا کە وڵاتەکەی تا ئێستا وەک زلھێزێکی جیھانی ھەر ماوە، لە لایەنی فەرەنساشەوە ماکرۆن پێی وایە کە فرەیی گەرەنتییە بۆ ئاشتی و ئاسایشی جیھانی، ھەروەھا بوار بە یەکێتیی ئەوروپا دەدات دەنگی ببیسترێت، بۆیە پوتین ھەوڵی داوە وڵاتەکەی وەک ئەندامێکی ھەمیشەیی بەردەوام پیشانی جیھان بدات، کە ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت بۆسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
پوتین بە بۆنەی ئاھەنگی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێشنیاری کرد کە پرۆژەی( بی ٥) دەست پێ بکات، بەڵام پڕۆژەکە بە کردەنی لە ئاداری ڕابردوو بەرجەستە بوو، ئەویش بەوەی کە ماکرۆن بیرۆکەکەی بە گرنگیی کاری بە کۆمەڵی ھەر پێنج دەوڵەتە مەزنەکە بەستەوە لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڕۆنا، ھەروەھا پاڵپشتی کردنی بانگەوازەکەی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتیریش بە ڕاگرتنی شەڕ لە ململانێیەکانی جیھاندا، ھەروەھا گرنگیدانی زیاتر بە بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا.




نووسینی: محەمەد عەلی سەقاف
لە عەرەبییەوە: بەھادین جەلال مستەفا
سەرچاوە: ڕۆژنامەی ئەلشەرقولئەوسەت
Top