پێشنیار و چارەسەر بۆ قەیرانی ئابوری کوردستان و موچەی فەرمانبەران

پێشنیار و چارەسەر بۆ قەیرانی ئابوری کوردستان و موچەی فەرمانبەران
قەیرانی ئابوری بریتیە لە بارودۆخێک کە تێیدا ئابوری ولاتێک روبەروی دابەزین یان دارمانێکی لەناکاو دەبێتەوە لە دەرئەنجامی قەیرانی دارایی. ئابوریەک کە تووشی قەیرانی ئابوری دەبێت ئەوا سەرجەم داھاتی ولات (GDP) بەرەو دابەزین دەروات و نەقد کەم دەبێتەوە و نرخەکان بەرز یان نزم دەبنەوە لە بەر ھۆکاری ھەلاوسان یان داکشان (inflation / deflation) کە دەتوانێت ببێتە ھۆکاری داکشانی ئابوری (recession) یان داتەپینی ئابوری (depression).
بە پێی راپۆرت و وتەی بەرپرسانی رێکخراوی سندوقی دراوی نێودەولەتی، گەشەی ئابوری جیھان بە ھۆی وایرۆسی کۆرۆنا لەم سالدا دابەزینێکی خێرای نێگەتیڤ تۆمارکردووە. بە پێی وتەی کریستالینا جۆرجیێڤا سەرۆکی رێکخراوەکە، جیھان روبەروی خراپترین قەیرانی ئابوری بۆتەوە کە ھاوشێوەی نەبووە لە پاش داتەپینی گەورەی (Great Depression) سالی ١٩٣٠. و پێشبینی دەکەن کە لە سالی ٢٠٢١ تەنھا بەشێکی ئەم داتەپینە بەرەو باشبوون بروات و قەرەنتینەی گشتی لە ولاتان بۆتە ھۆی ئەوەی کە ولاتان و کۆمپانیاکان بەشێکی ستافەکانیان بنێرنە مالەوە. لە مانگی چواری ئەم سال توێژینەوەیەکی یوئێن (UN) باس لەوە دەکات کە ٨١% ھێزی کار لە جیھان کە دەکاتە ٣.٣ ملیار کەس شوێنی کارەکەیان بە تەواوی یان تارادەیەک داخراوە بە ھۆی قەرەنتینەی گشتی. ھەروەھا بە پێی پێشبینیەکانی سندوقی دراوی نێودەولەتی سێ مانگ لەمەوبەر دەبو داھاتی تاکەکەسی (per capita income) گەشەی کردبا لە زیاتر لە ١٦٠ ولاتی ئەندام لە رێکخراوەکە بۆ سالی ٢٠٢٠. بەلام ئەمرۆ ئێمە پێشبینی ئەوە دەکەین کە زیاتر لە ١٧٠ ولات بە پێچەوانەوە داھاتی تاکەکەسیان داببەزێت و ژمارەکە نێگەتیڤ دەبێت.
ئامارەکان مەترسیدارن و بە گوێرەی ئاماری رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی جیھانی، چوار کەس لە ھەر پێنج کەس مەترسی لەدەستدانی کارەکەیان ھەیە. و قەرەنتینە بۆتە ھۆی کەم بونەوەی کاتەکانی کارکردن بۆ زیاتر لە ٨%ی ھێزی کار لە جیھان. ئەو کەرتانەی کە زۆرترین مەترسی یان ریسکی دارمانیان لە سەرە ٣٨% ھێزی کار پێکدێنێت کە دەکاتە ١.٢٥ ملیار کەس لەو کەرتانە کار دەکەن و گرنگترینیان بریتین لە کەرتی تاک یان وردە فرۆشی (Retail) بە رێژەی ١٤.٥% و کەرتی پیشەسازی بەرھەمھێنان (Manufacturing) بە رێژەی ١٣.٩% و کەرتی خۆراک (Accommodation and Food) بە رێژەی ٤.٣%. ئەم سێ کەرتە زۆرترین رێژەی مەترسیان لەسەرە و دواتر کەرتەکانی تر دێن کە مەترسیەکەیان کەمترە. وەک لەم ھێلکاریەدا دیارە:



لە ھەرێمی کوردستان مێژوی قەیرانی ئابوری دەگەرێتەوە بۆ سالی ٢٠١٤ کە کۆمەلێک ھۆکاری ھەبوون وەک: دابەزینی نرخی نەوت، کێشە لە گەل حکومەتی ناوەندی عێراق، جەنگ لە گەل دەولەتی تیرۆریستی داعش و کێشە و خەرجی پەنابەرو ئاوارەکان کە تاکو ئێستاش بەردەوامە و کۆتایی پێ نەھاتووە و لە ئێستاش روبەروی قەیرانێکی قورستر بۆتەوە کە ھەمان ھۆکارەکانی رابردوو ماونەتەوە وەک کێشەکانی لە گەل حکومەتی ناوەندی و برینی بودجەی کوردستان و دابەزینی زیادتری نرخی نەوت و ئاوارەکان و لە ئێستاشدا قەیرانی وایرۆسی کۆرۆنا و راگەیاندنی قەرەنتینەی گشتی و دابەزینی سەرچاوەی دووەمی داھات کە بریتیە لە گۆمرگەکان و داھاتی ناوخۆیی.
من دەمەوێت لێرەدا کۆمەلێک پێشنیار ئاراستەی حکومەتی ھەرێم بکەم کە بە ھەند وەرگرتن و جێ بە جێ کردنیان ئەتوانێت کێشەی دابین کردنی موچەی فەرمانبەران تا ئاستێکی باش چارەسەر بکات بە لەبەر چاوگرتنی بارودۆخی ھەرێم وەک ھەرێمێک نەک دەولەت، چونکە دەولەت سەرچاوە و ھەلبژاردەی زۆری لەبەردەم ھەیە بۆ پرکردنەوەی کەم و کورتی بودجە،وەکو: وەرگرتنی قەرز لە سندوقی دراوی نێودەولەتی و بانکی جیھانی و رێکخراو و کۆمپانیاو دەولەتانی تری قەرزدەر و یەدەگی زێرو و کۆمەلێک سەرچاوەی تر.
ھەر ولاتێک بۆ کۆنترۆل کردن و بەھێز کردنی ئابوریەکەی پێویستی بە پتەوکردنی ھەردوو سیاسەتی نەقدی و سیاسەتی دارایی ھەیە. سیاسەتی نەقدی بریتیە لە گۆرینی رێژەی سوودی بانکی و خستنەرووی پارە بۆ ناو بازار لە کاتی پێویست یان راکێشانی پارە لە بازار. و سیاسەتی دارایی بریتیە لە گۆرینی رێژەی باجەکان و ئاستی خەرجی حکومەت بۆ ئەوەی کاریگەری ھەبێت بە سەر سەرجەمی خواست لە ئابوری ولاتدا. بۆ ھەرێمی کوردستان کە دەولەت نییە ناتوانێت ئەو دوو سیاسەتە گرینگەی ئابوری پەیرەو بکات بۆ ھاوسەنگی و پتەو کردنی ئابوریەکەی. راستە لە خستنەرووی پارە کاریگەری نابێت لەبەر ئەوەی سەرچاوەی جێگیری نەقدی نییە و بە نەبوونی سیستەمی بانکی و سیستەمی سوودی بانکی، واتە ناتوانێت سیاسەتێکی نەقدی جێگیری ھەبێت. بەلام لە سیاسەتی دارایی دا دەتوانێت تارادەیەکی باش کار لەسەر سیستەمی باج بکات لە بەرژەوەندی حکومەت.
لە سەر ئەم بنچینەیە روون و ئاشکرایە کە حکومەتی ھەرێم پێویستی بە کۆمەلێک رێکارە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی پێویست بۆ کەرتی گشتی بە تایبەت کە ماوە ماوە بودجەی ھەرێم دەبردرێت یاخود کەم دەکرێتەوە و پێویستە ھەرێم بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و ھاوسەنگیەک دروست بکات لە نێوان داھات و خەرجیەکانی. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی بە کەمکردنەوەی خەرجیەکانی ھەیە بە تایبەت پێداچوونەوەیەکی ووردی ھەبێت لە سەر موچەی فەرمانبەران. جیا لە یاسای چاکسازی کە دیارە پارەیەکی زۆر دەگێرێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت سەرەرای کۆمەلێک ئاستەنگ کە ئەگەر جێ بە جێ بکرێت تا ئاستێکی باش توانای حکومەت لە دابین کردنی موچەی فەرمانبەران زیاد دەبێت بەلام لێرەدا دەمەوێت باس لە کۆمەلێک ھەنگاو بکەم کە بارگرانی سەرشانی حکومەت و ئەو رێژە زۆرەی تەرخانکراو بۆ موچە کەم بکرێتەوە بە بێ ئەوەی دلگرانی دروست بێت لە لایەن موچە خۆران چونکە ئەگەر بە دادپەروەری و بە پێی شایستە موچە رێکبخرێتەوە بە دلنیاییەوە ئاستی نارەزایەتیەکان زۆر کەم دەبێت.لێرەدا پێشنیارەکان بە کۆمەلێک خال و بە کورتی و بە پێی درفەتی ووتارەکە روون دەکەمەوە:
١. وەک دیارە رێژەیەکی زۆری ئەو موچەیەی دەدرێت بە فەرمانبەران بریتیە لە دەرمالە، راستە دەرمالە دەبێت ھەبێت بەلام لە پێدانی دەرمالە زۆر زیادەرەوی کراوە و زۆر بێ بەرنامە و پلان بووە و بێ سەروبەری زۆری پێوە دیارە و بەشێک لە دەرمالەکان شمولی کەسەکە ناکات بەلام بۆی سەرف دەکرێت و ھەرسەندیکایەک و کۆمەلە کەسێک بە پێی بەرژەوەندی کۆمەلەکەی داوای کردووە و رەزامەندی سەرف کردنیان وەرگرتووە. بۆ نمونە لە وەزارەتی خوێندنی بالا دەرمالەیەک ھەیە بە ناوی دەرمالەی خۆتەرخانکردنی زانکۆیی کە بۆ مامۆستایانی زانکۆیە بۆ ئەوەی تەواوی کاتی خۆیان تەرخان بکەن بە زانست و زانیاری و توێژینەوە و چاویان لە سەچاوەی تری داھات نەبێت، بەلام ئەو دەرمالەیە بۆ ھەموو کەسێک خەرج دەکرێت کە مامۆستاش نییە و ستافی کارگێری یان کارگوزاریە. دەکرێت دەرمالەیەکی تر تایبەت بەو ستافانە ھەبێت نەک یەکسان کردنی ھەموو پیشەکان بە پێدانی ھەمان دەرمالە.
ھەروەھا زۆربەی مامۆستایان و ستافی زانکۆ جگە لە دەرمالەی خۆتەرخانکردنی زانکۆیی دەرمالەی تریان ھەیە وەک دەرمالەی مەترسی یان پیشەیی بە گوێرەی پیشەکەی کە لە راستیدا ھیچ پێویست ناکات ئەم دەرمالەیە بۆی سەرف بکرێت، چونکە ئێستا پیشەی مامۆستای زانکۆیە و دەرمالەی تایبەت بە زانکۆی ھەیە و دەرمالەکانی تر لە کاتی ئێستا دا خەرجیەکی زیاد و ناپێویستە و ھیچ ستافێکیش ناتوانێت خۆی بە مستەحەق بزانێت بۆ وەرگرتنی ئەو ھەموو دەرمالە زیادانە. بە شێوەیەک کە کۆمەلێک مامۆستا رێژەی دەرمالەکانیان زیادترە لە ٢٠٠%، بۆ نمونە من وەک مامۆستایەکی زانکۆ کە دەرمالەی خۆتەرخانکردنی زانکۆییم ھەیە بە رێژەی ١٠٠% ئیدی پێویست ناکات کە دەرمالەی مەترسی ژمێریاریم پێبدرێت و ئەگەر ھەبوو و لێم برا بە دلنیاییەوە دلگران نابم چونکە شایستەی خۆم کە دەرمالەیەکی ترە وەرم گرتووە و دەرمالەی مەترسی ژمێریاری دەبێ بۆ کەسێک بێت کە لە وەزارەتی دارایی و بانکەکان کاری گواستنەوە یان پێدانی پارە دەکەن بە ھاولاتیان. بۆ پسپۆریەکانی تری وەک ئەندازیاران و بەشە پزیشکیەکان و ... ھتد بە ھەمان شێوەیە کە دەرمالەی ناپێویستیان ھەیە وەک دەرمالەی مەترسی و پیشەیی سەرەرای ھەبونی دەرمالەی خۆتەرخانکردنی زانکۆیی. دەرمالەی مەترسی یان پیشەیی دەکرێت بۆ دکتۆرێک خەرج بکرێت کە لە وەزارەتی تەندروستیە و لە نەخۆشخانە دەوام دەکات و بۆ ئەندازیارێکە کە لە وەزارەتی شارەوانی سەرپەرشتی پرۆژەکان دەکات نەک بۆ کەسێک کە لە زانکۆیە و دەرمالەی تایبەت بە خۆی ھەیە. بۆ وەزارەتەکانی تریش ھەمان شت راستە و دەبێ پێداچونەوەیەکی تەواو بکرێت بە سەر دەرمالە زیادەکان و لەم رێگەیە پارەیەکی زۆر دەگێرێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت و پرکردنەوەی بۆشایی دارایی. و دەکرێت لە کاتی نەمانی قەیران دوبارە بۆیان بگەرێننەوە بە شێوازێکی دادپەروەرانە و دوور لە زیادەرۆیی.
٢. لەو ولاتانەی کە ئابوریان تەندروست و بەھێزە رێژەی باج بە تایبەت لە سەر دەرامەت زۆر بەرزە و لەو رێگەیە بەشێکی زۆری داھات و بودجەی خۆیان دابین دەکەن وەک ئەم پێنج ولاتە کە زۆرترین رێژەی باجی داھاتیان ھەیە: بەلژیکا ٣٩.٨% ، ئەلمانیا ٣٩.٧% ، دانیمارک ٣٦.١% ، نەمسا ٣٤.٩% ، ھەنگاریا ٣٤.٥%.
حکومەتی ھەرێم دەتوانێت رێژەیەکی گونجاو دیاری بکات کە وەکو باج لە داھاتی کۆمپانیاکان و داھاتی تاکەکەسی لە کەرتی تایبەت و فەرمانبەران لە کەرتی گشتی کە موچەیە وەربگرێت و بەم شێوەیە داھاتێکی زۆر بۆ بودجەی گشتی دەگەرێتەوە و لە ھەمان کاتدا بارگرانی موچەی فەرمانبەران بە رێژەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە بێ ئەوەی پەنا ببردرێتە بەر پاشەکەوت کردنی موچە و ئەوەی لێیان دەگێردرێتەوە وەک باج دەچێتە خەزێنەی حکومەت بۆ پرکردنەوەی کەم و کورتی بودجە.

٣. ھەروەک چۆن کاری شوفێرەکانی تەکسی رێکخرا بەوەی کە ئەوانەی سودمەندن لە بودجەی گشتی نابێت کاری تەکسی بکەن بۆ ئەوەی ھەلی کار بۆ خەلکی تر فەراھەم بکرێت و پارێزەرەکان کە کاری پارێزەری دەکەن بۆیان نییە دابمەزرێن. پێویستە لە سەر پیشەکانی تریش جێ بە جێ بکرێت بۆ نمونە دکتۆرێک کە لە نەخۆشخانە حکومیەکان کاردەکات بۆی نەبێت کە نۆرینگەی تایبەتی ھەبێت و ئەندازیارێک کە سودمەندە لە موچەی دەولەت بۆی نەبێت کە لە کەرتی تایبەت کاربکات و نوسینگەی ھەبێت و ھەلی کار بۆ کەسانی تر زیادتر دەرەخسێت لە کەرتی تایبەت و گشتی و سەرپشک بکرێن کە لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت یەکێکی ھەلبژێرێن، ھەر ھیچ نەبێت تا ئەو کاتەی بارودۆخی ئابوری کوردستان باشتر دەبێت.
٤. بۆ کاراکردنی کەرتی تایبەت و دابین کردنی بودجەی پێویست بۆ ئەم کەرتە حکومەت دەتوانێت دەستبکات بە دامەزراندنی کۆمپانیای ھاوبەشی حکومەت و کەرتی تایبەت لە بوارە پێویستەکانی وەکو پیشەسازی و کشتوکال و گەشت و گوزارو ... ھتد. بە دامەزراندنی کۆمپانیای پشکدار (المساھمە) (Joint-stock companies) . ئەم بیرۆکەیە سوودی ئەوەیە کە وەک دەزانن لە بەر نەبونی سیستەمی بانکی گونجاو و جێ ی متمانەی ھاولاتیان، زۆربەی ھاولاتیان پارەکانیان لە مالەوە دەشارنەوە و خاوەن سەرمایەکان، سەرمایەکانیان لە بانکەکانی ولاتانی تر دەپارێزن و وەبەرھێنان لە دەرەوەی ولات دەکەن بە کرینی مولک و مال بە تایبەت ولاتانی ئەوروپی و تورکیا و ئەمریکا و کۆمەلێک ولاتی عەرەبی. بە ھەبوونی کۆمپانیای پشکدار کە خاوەندارێتی بگەرێتەوە بۆ دەولەت و کەرتی تایبەت پێکەوە بۆ دلنیایی زیادتری ھاولاتیان و کرینی پشکی ئەو کۆمپانیایانە وادەکات کە چیتر پارە لە مالەکان نەمێنێت و وەگەر بخرێت بۆ پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و گەرانەوەی ئەو پارانەی کە لە دەرەوە وەبەرھێنانی بۆ کراوە و بەمەش ھەلێکی زۆری کار دەرەخسێت.
٥. دەرکردنی کۆمەلێک یاسا لە لایەن پەرلەمان یان حکومەت بۆ گەراندنەوەی ئەو پارانەی کە سەرمایەداران لە دەرەوەی ولات وەبەرھێنانیان کردووە. چونکە نابێت کەسێک لە سەر حیسابی ئەم میللەتە و بودجەی گشتی ملیۆنان دۆلاری دەست کەوتبێت بەلام ئامادە نەبێت کە لە ناوخۆی ولات وەبەرھێنان بکات.
٦. دامەزراندنی سیستەمی بانکی پێشکەوتوو و متمانە پێکراو کە خەلک بێ دودلی و ترس بتوانن پارەکانیان لەوێ پاشەکەوت بکەن و ھەرکات ویستیان بتوانن پارەکانیان رابکێشن. سوودی ئەم خالە لەوەدایە کە سەرەرای دابین کردنی پارەیەکی زۆر بۆ بانکەکان کە دەتوانن یارمەتی بوارەکانی تری وەبەرھێنانی پێ بدەن و رێژەیەکی زۆری فەرمانبەران پێویستیان بە راکێشانی موچەیان نابێت و ئەو پارەیە دەکرێت بۆ مەبەستی تری وەبەرھێنان کاری پێبکرێت. دەکرێت داوا لە بانکە ئەوروپی و ئەمریکیەکان بکرێت کە ھاوکار بن لە کردنەوەی بنکەکانیان لە کوردستان و پابەند بکرێن بە رێنمایی یەکانی حکومەت. چونکە ئەو بانکانە متمانەی زیادتریان دەبێت بۆ خەلک بەوەی کە بە بێ ترس پارەکانیان پاشەکەوت بکەن.
٧. کارکردن بۆ دانانی سیستەمێکی گونجاوی خانەنشینی کە جێ ی رەزامەندی موچەخۆران بێت تاکو کەمێک خێراتر لە کاتی خۆیان خانەنشین بکرێن و رێژەی فەرمانبەران کەم بکرێتەوە بۆ ئاستێکی گونجاو کە حکومەت توانای دابین کردنی شایستە داراییەکانیان ھەبێت.
٨. کاراکردن و دانانی کۆمەلێک رێکارو و سیستەمی پێشکەوتوو بۆ رێگریکردن لە خۆدزینەوەی ھاولاتیان لە دانی رسوماتی و کرێی بوارەکانی خزمەتگوزاری بەتایبەتی کەرتی کارەبا کە بە گەرانەوەی تەواوی کرێی کارەبا و ئاو و ... ھتد. پالپشتیەکی گەورەی بودجەی گشتی دەبێت.
ھەروەھا کۆمەلێک خالی تر ھەن کە گرنگن کاری لە سەر بکرێت بەلام جێ ی مشتومرن و لەم وتارە کورتەدا ناکرێت باسیان بکرێت.
بە جێ بە جێ کردنی ئەم رێکارانەی کە باسمکرد بە دلنیاییەوە دەتوانم بلێم کە حکومەتی ھەرێم دەتوانێت بە بێ ئەو پارەیەی کە لە بەغدا بۆی دێت لە گەل داھاتی ھەناردەکردنی نەوتی خۆی دەتوانێت زیاتر لە ٨٠% بودجەی خۆی دابین بکات.

بەھزاد تاھر سەلیم
دکتۆرا لە ژمێریاری و کارگێری داھێنان
Top