رێگاكانی گواستنەوەی نەخۆشی كۆڕۆنا

رێگاكانی گواستنەوەی نەخۆشی كۆڕۆنا
ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە كەسێكی تووشبوو بۆ كەسێكی دیكە بە رێگای بەركەوتنی راستەوخۆ، یان زۆر نزیكبوونەوە كە دووریی نێوانیان لە دوو مەتر كەمتر بێت، دەگوازرێتەوە، بە پەڕینی پڕوشك لەگەڵ كۆكە، یان پژمیندا و گەیشتنی بە دەست، یان دەم، یان لووتی كەسێكی دیكە و هەڵمژینی لەگەڵ هەناسەدا، هەروەها بەركەوتن بەو شوێنەی كە ڤایرۆسەكەی كەوتۆتە سەر، وەكو دەسكی دەرگا، یان هەر روویێكی دیكە. پاش گەیشتنی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بە كەسێكی تەندروست، ئەوا لە ماوەی 2-14 رۆژدا ئینجا نیشانەكان سەرهەڵدەدەن.
كەی توشبوو توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەكەی هەیە، بۆ كەسانی دی؟ نەخۆش زیاتر لەو كاتەدا ڤایرۆس دەگوازێتەوە كە نیشانەكانی لێ دەردەكەون، لەوانەشە كە پاش تووشبوون و پێش دەركەوتنی نیشانەكان توانای گواستنەوەی هەبێت، بەڵام تا راددەیەكی كەم. ڤایرۆسی كۆڕۆنا بە ئاسانی و بە خێرایی دەگوازرێتەوە. ئەگەرچی لێكۆڵینەوەی چڕوپڕ لە سەرتاسەری جیهاندا بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا هیچ پێكوت (ڤاكسین) و چارەسەرێك بۆ ڤایرۆسی كۆڕۆنا نەدۆزراوەتەوە، تاكە رێگا خۆپاراستنە، بۆ دڵنیابوون لە پەیڕەوكردنی هەنگاوەكانی خۆپاراستن، پێویستە كە هاووڵاتیان سەرەتا بە رێگاكانی گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا ئاشنا بن، كە لەسەرەوە باس كران، بە مەبەستی خۆپاراستن، یان رێگرتن لە بەركەوتن بە ڤایرۆس، یان گەیشتنی ڤایرۆس بە لەش، پێویستە پەیڕەوی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بكرێت:
دووركەوتنەوە لە كەسانی نەخۆش، یان گومانلێكراو.
شووشتنی دەست بە ئاو و سابوون هەر دوو كاتژمێر جارێك، یان لەكاتی بەركەوتنیان بە هەر تەنێك، یان بەكارهێنانی گیراوە، یان سپرای پاككردنەوەی میكرۆب، تا دەكرێ دووركەوە لە بەركەوتنی دەستت بە هەموو تەنێك، بەتایبەتی لە شوێنە گشتییەكاندا. واباشترە كە شووشتنی دەستت بە ئاو و سابوون بەلای كەم بۆ ماوەی 20 خولەك بێت و هەموو بەشەكانی دەست بگرێتەوە، بەتایبەتی پاش بەكارهێنانی ئاودەست، پێش خواردن، پاش پاككردنەوەی لووت، پاش كۆكە و پژمین، پێش ئامادەكردنی خۆراك، پاش كۆكردنەوە و فڕێدانی زبڵ و خاشاك، ئەگەر ئاو و سابوون لەبەردەستدا نەبێت، دەتواندرێت كە گیراوە، یان سپرای پاككەرەوە بۆ دەست بەكاربهێندرێت، كە رێژەی ئەلكهول تیایدا لە 60-95% كەمتر نەبێت، هەوڵ بدە كە دەستت لە دەم و لووت و چاوت نەدەیت.
Top