ئاژانسی هەواڵگریی عێراق: سێ تیرۆریستمان لە کەرکووک و سەڵاحەددین دەستگیرکرد

ئاژانسی هەواڵگریی عێراق: سێ تیرۆریستمان لە کەرکووک و سەڵاحەددین دەستگیرکرد
ئاژانسی هەواڵگریی عێراق رایگەیاند سێ تیرۆریستی ئەندامی رێکخراوی داعشیان لە کەرکووک و سەڵاحەددین دەستگیرکردووە.

رۆژی شەممە 2020/12/05 ئاژانسی هەواڵگریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "تیمەکانی بەشی هەواڵگریی نەوتی باکوور لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ سێ تیرۆریستیان دەستگیرکرد کە بەپێی ماددەی 4ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر داواکراون، چونکە ئەندامی داعشی تیرۆریستن."

ئاژانسی هەواڵگریی عێراق دەڵێت: "یەکێک لە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان پێشتر سزای لەسێدارەدانی دراوە، یەکێکی دیکەشیان برای سەرکردەیەکی داعشە لە کەرتی کەرکووک، ئەو دوو تیرۆریستە لە پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیرکراون. هاوکات تیرۆریستی سێیەم لە پارێزگای کەرکووک دەستگیرکرا."

هەر رۆژی شەممە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "ژنە تیرۆریستێکی ئەندامی داعشمان لە باشووری پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیرکرد کە بەپێی ماددەی 4ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر داواکراوە، چونکە ئەندامی داعشی تیرۆریستە و مۆڵگەیەکی هەبوو بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی لۆجستی بۆ ئەندامانی داعشی تیرۆریست."

هەروەها هەر شەممە شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ لە بۆردومانێکی ئاسمانیدا پێنج مۆڵگەی داعشی لە زنجیرە چیای مەکحوول لە پارێزگای سەڵاحەددین خاپوورکرد."
rudaw -
Top