فوئاد حوسێن: ناهێڵین عێراق ببێتە مەیدانی ململانێی وڵاتانی دیکە

فوئاد حوسێن: ناهێڵین عێراق ببێتە مەیدانی ململانێی وڵاتانی دیکە
وەزیری دەرەوەی عێراق ئێوارەی رۆژی شەممە لە کۆنفرانسی دیالۆگی مەنامە قسەیکرد، هۆشداریدا و گوتی، ناهێڵن عێراق ببێتە مەیدانی ململانێی نێوان وڵاتانی بیانی. ئاماژەی بەوەشکرد، قەیرانی دارایی کێشەکانی عێراقی قووڵتر کردووتەوە.

ئەو گوتانەی فوئاد حوسێن لەکاتێکدایە، ئەمریکا و ئێران لە دوایین رۆژەکانی کۆتاییهاتنی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە تەنگەژەیەکی تووندی یەکدیدان دوای ئەوەی مانگی رابردوو موحسین فەخریزادە، زانای بەناوبانگی ئێرانی لە نزیک تاران درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و تاران پەنجەی تۆمەت بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل درێژ دەکات.

ئەمریکا وەکو ئامادەکارییەک بۆ هەر ئەگەرێکی رووبەڕبوونەوە لەگەڵ ئێران ژمارەی دیپلۆماتکارەکانی لە عێراق کەمکردووەتەوە، هێزەکانیشی لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستووەتە باری ئامادەباشییەوە.

فوئاد حوسێن لەو گوتارەیدا لەبارەی دۆخی ئەمنیی وڵاتەکەی راشیگەیاند، ناهێڵن لە عێراقەوە تەنانەت هێرشی سەر وڵاتانی دراوسێش ئەنجام بدرێت. وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، ئەو قسانە درووشم نین و لە رێگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوی جیددی لە دژی پێشێلکردنی خاکی عێراق دەگرنەبەر.

فوئاد حوسێن قسەی لەسەر پەتای کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی کرد، رایگەیاند، ئەو ڤایرۆسە نەک تەنیا بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانرێت چاودێریی چڕی یەکە بە یەکەی تووشبووان بکرێت، بەڵکو دۆخی عێراقی لە هەموو روویێکەوە خراپتر کردووە و کاریگەری بەسەر تەواوی سێکتەری تەندروستی هەبووە لە وڵاتەکەدا.

سەبارەت بە شەڕی دژی گرووپە چەکدارییەکان، فوئاد حوسێن رایگەیاند، بۆ ماوەی سێ ساڵ عێراق شەڕی داعشی کرد کە ببووە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری و یەکێتیی خاکی عێراق.

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بە هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش عێراق تووانی بەسەر داعشدا سەربکەوێت و خاکی ژێر پێی کۆنترۆڵ بکاتەوە. هاوکات لە ئۆپەراسیۆنی وەدەرنانی داعش، گرووپە چەکدارییەکە تاوان و کۆمەڵکوژیی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدا و خەڵکی بە بارمتە گرت و وەکو قەڵخانی مرۆیی بەکاری دەهێنان.

فوئاد حوسێن دانی بەوەدا نا کە هێشتا داعش توانای ئەنجامدانی هێرشی هەیە لەنێو خاکی عێراق و ئاستەنگن لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر زێدی خۆیان و بونیادنانەوەی ناوچەکانیان کە بە گوتەی وەزیری دەرەوە، گەڕاندنەوەی خەڵک بۆ ناوچەکانیان کاری لەپێشینەی حکومەتی عێراقە.

سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی یەک ساڵی عێراق لە دژی خراپیی خزمەتگوزارییەکان، فوئاد حوسێن رایگەیاند، بە دەنگ داواکارییەکانی خەڵكەوە دەچین و زەمینەسازیش دەکەین ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دادپەروەرانە ئەنجامبدرێت.
rudaw -
Top