کازمی داوادەکات یاسای دابینکردنی پارەی هەڵبژاردن پەسندبکرێت

کازمی داوادەکات یاسای دابینکردنی پارەی هەڵبژاردن پەسندبکرێت
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کرد و جەختی لە گرنگیی پەسندکردنی یاسای دابینکردنی پارەی هەڵبژاردن لەلایەن پەرلەمانەوە کردەوە.

بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی دووشەممە 2020/11/30 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کرد، بەدواداچوونی بۆ هەوڵەکانی کۆمیسیۆن کرد لە لابردنی هەموو ئەو بەربەستانەی رووبەڕووی پرۆسەی هەڵبژاردن دەبنەوە و داوای لە دەزگا حکومییەکان کرد کە هەموو ئەو ئاستەنگیانە لاببەن.

هەروەک مستەفا کازمی جەختی لە گرنگیی پەسندکردنی یاسای دابینکردنی پارە بۆ هەڵبژاردنەکان کردەوە لەلایەن پەرلەمانەوە تاوەکو کاتی گونجاو لەبەردەم کۆمیسیۆندا بێت بۆ تەواوکردنی لایەنی هونەری و جێبەجێکردن و سەرکەوتنی پرۆسەکە.

هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی رێکارەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن و گەرەنتیی سەرکەوتن و پاراستنی پاکییەوە ئاماژەی بە گرنگیی سازان دا تاوەکو پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو دەربڕی راستەقینەی ئیرادەی گەلی عێراق بێت و بژارەکانی ئازاد بن.

بڕیارە رۆژی 2021/06/06 هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام هێشتا دیار نییە لەو وادەیەدا هەڵبژاردن دەکرێت یاخود نا.
rudaw -
Top