بەغدا چەکی سێ ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی ناردووە
وەرزی چاندنی گەنم هاتەوە، هێشتا جووتیارانی هەرێمی کوردستان پارەی گەنمی پاریان وەرنەگرتووە.
كەمال رەشید، جووتیارێكی گوندی دووسەرەی سەر بە شارۆچکەی شەمامكی پارێزگای هەولێرە، پار 160 دۆنم زەویی بە گەنم چاندووە کە بەرهەمەکەی 150 تۆن بووە. لەو رێژەیە 100 تۆن گەنمی بە حکومەتی عێراق بە بەهای 56 ملیۆن دینار فرۆشتووە، بەڵام هەتا ئێستا پارەکەی وەرنەگرتووە.
لە نزیکەی دوو ملیۆن تۆن گەنم، ساڵی 2020 حکومەتی عێراق تەنیا 390 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی کڕیەوە کە بەهاکەی زیاتر لە 200 ملیار دینارە. تائێستا تەنیا نزیکەی 35 ملیار دیناری نێردراوە، بەوەش عێراق 165 ملیار دیناری لە لا ماوە. ئەو سێ ملیار دینارەشی چەند رۆژێکە چەکە بانکییەکانی گەیشتووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەش دەکرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند: "چەکەکان گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان. هەندێک رێکاریی کارگێریی ماوە کە دەنێردرێنە بانک و هەفتەی ئایندە دەست بە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە دەکرێت کە بۆ جووتیاران هاتووەتە هەرێمی کوردستان."
مانگی 8ی 2020 پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سێ کۆمپانیادا واژۆکرا. لە 2021ـەوە ساڵانە 500 هەزار تۆن گەنمی ناوخۆ بۆ دروستکردنی بەرهەمەکانی گەنم لە جووتیاران دەکڕنەوە. جووتیاران چاویان لە پرۆژەکەیە تاوەکو ئیدی هێندە چاویان لە دەستی حوکەمەتی عێراق نەبێت و گەنمی زیادەیان لە بازاڕدا هەرزانفرۆش نەکەن.
rudaw -