کوشتنی چەند خۆپێشاندەرێک لە ناسرییە کاردانەوەی لێکەوتەوە

کوشتنی چەند خۆپێشاندەرێک لە ناسرییە کاردانەوەی لێکەوتەوە
رۆژی شەممە 2020/11/28 سەدان خۆپێشاندەر لە ناسرییە تووڕەییان لە دژی کوشتنی پێنج خۆپێشاندەر لەلایەن چەکدارانی سەر بە رەوتی سەدر دەربڕی.

خۆپێشاندەرەکان وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە رووداوەکەی شەوی رابردوو ویستیان بەر بە رێپێوانێکی لایەنگرانی موقتەدا سەدر بگرن.

لە پێکدادانەکەی شەوی رابردوودا پێنج کەس کوژران و زیاتر لە 50 کەسیش برینداربوون، خۆپێشاندانەکان لە دژی بێخزمەتی و خراپیی گوزەرانی خەڵکی ناسرییە بەڕێوەچوو.

گرژییەکە کاتێک دروستبوو کە هەزاران کەس لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر رژانە سەر شەقامەکانی بەغدا و شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار. ئەوە لە کاتێکدایە عێراق لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە نزیک دەبێتەوە.

چالاکڤانان رایانگەیاند، لایەنگرانی نزیک لە موقتەدا سەدر لە گۆڕەپانی حەبووبیی ناسریە هێرشیان کردووەتە سەر چادرەکانی خۆپێشاندەران و گرژی دروستبووە.

ئاڵۆزی لە ناسرییە بەردەوامبوو و زۆربەی چادرەکانیش گڕیان تێ بەردرا و سوتێنران. دوای ئەوە، قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا و بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکەش لە پۆستەکەی دوور خرایەوە.

ناسریە یەکێکە لەو شارانەی لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2019وە چەندین جار خۆپێشاندانی تێدا سازکراوە، بەڵام زۆر جاریش گرژی دروستبووە و خەڵکێکی زۆر کوژراون.
rudaw -
Top