عێراق ئامادەکاری دەکات ساڵی 2021 ببێتە ئەندامی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی
وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (INA)ی راگەیاندووە پلانێکی بۆ پەیوەندیکردن بە رێکخراوی بازرگانیی جیهانییەوە ئامادەکردووە و بۆ ئەو مەبەستە لیژنەی تایبەت بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای پەیوەست بە رێککەوتن لەگەڵ رێکخراوەکەدا پێکهێنراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لیژنەکان رەشنووسی یاساکان، وەک یاسای پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی، یاسای پاراستنی بەکاربەر، یاسای بەرەنگاربوونەوەی قۆرخکاری و مافی پێشبڕکێکردن و یاسای پێناسی گومرگی ئامادە دەکەن.
وەزارەتی بازرگانی باسی لەوە کردووە، ئابووریی عێراق توانای پێشبڕکێکردنی لەگەڵ ئابووریی وڵاتان و ناوچەکەدا هەیە بۆیە ئەندامبوونی عێراق لە رێکخراوەکەدا مافێکی دادپەروەرانە دەداتە وڵاتەکە لەگەڵ ئەندامانی دیکەی رێکخراوەکە بچێتە نێو پێشبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، بۆیە لە مەودایەکی درێژخایەندا ئەندامبوونی عێراق لەو رێکخراوە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ئابووریی وڵات دەبێت.
لەبارەی پلانەکە و ئامادەکارییەکانەوە وەزارەتی بازرگانی رایگەیاندووە کە وەزارەتەکە لەگەڵ هەموو وەزارەتەکانی دیکەی حکومەت و کەرتی تایبەتدا سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانی پەیوەندیکردنن بە رێکخراوکەوە و رەشنووسی یاسایەکەشیان بۆ پەیوەندیکردن تەواوکردووە کە لە بواری چالاکیی جۆراوجۆری ئابووریی و بازرگانی پێکدێت.
rudaw -