وەزیری دارایی عێراق: پۆستی سادە لە گومرگەکانی عێراق بە ١٠٠ هەزار دۆلار فرۆشراون

وەزیری دارایی عێراق: پۆستی سادە لە گومرگەکانی عێراق بە ١٠٠ هەزار دۆلار فرۆشراون
وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق کە هاوکات جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەشە، لە نوێترین دیمانەیدا ئاشکرای کرد کە هەندێک پۆستی زۆر سادە لە هەندێک خاڵی سنووریی عێراق بە زیاتر لە ١٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی فرۆشراون. دەشڵێ بەشی زۆری داهاتی گومرگەکان لە عێراق بێسەروشوێن دەبن.


لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ڕۆژنامەی (The Guardian)ی بەریتانی، عەلی عەللاوی وەزیری دارایی عێراق ڕاشکاوانە باس لە قەیرانی سەختی دارایی لە عێراق و ڕێژەی بەرزی گەندەڵی و ئاستی نزمی هیواکان بۆ چاکسازی لەو وڵاتە دەکات.

عەللاوی ئاشکرای كردووە بەشی زۆری داهاتی گومرگەکان لە عێراق بێسەروشوێن دەبن و ناگەڕێنەوە ناو خەزێنەی دەوڵەت، هەر ئەوەش وا دەکات عێراق دەستەودوعا وەستاوە بۆ ئەوەی نرخی نەوت بگاتە ٧٠ دۆلار و بتوانێ تا ڕادەیەک کێشە داراییەکانی چارەسەر بکات.

وەزیری داریی عێراق هەروەها جەخت دەکاتەوە کە لەگەڵ دابەزینی ئاستی داهات، پێویستە حکوومەت خەرجییەکانیشی سنووردار بکات، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە کەسێک لە ناو حکوومەت دژ بەو ڕەوتە چەوتە بوەستێتەوە.

هەروەها دەشڵێ من لەوانەیە بۆ ماوەیەک بتوانم بوەستمەوە و بڵێم (نا)، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو ڕۆژە دێت کە یەکێک من دەوەستێنێ و دەڵێت (نا).

سەبارەت بە بوونی هێزە ئەمریکییەکان لەسەر خاکی عێراق، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق پێی وایە جاران هێزە ئەمریکییەکان فاکتەری سەقامگیری بوون لە عێراق، بەڵام ئێستا تەنها جوانکاریین.

ئەو بەرپرسە باڵایە جەختیش دەکاتەوە کە کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس تەنها زیانی بۆ عێراق هەبووە و ئەم وڵاتەی بێ ویستی خۆی خستووەتە ناو کێشمەکێشێکی هەرێمیەوە.

وەزیری دارایی عێراق ئەوەشی بۆ رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی ڕوون كردووەتەوە كە ئابووریی عێراق بە گەندەڵییەکی بێ پێشینەدا گوزەر دەکات و گەندەڵی گەیشتووەتە ئاستێک کورسی فەرمانبەرێک لە دەروازە سنوورییەکان بە ٥٠ بۆ ١٠٠ هەزار دۆلار دەفرۆشرێت.

هەروەها دەڵێ قەیران لە عێراق بۆ ماوەیەکی درێژتر دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە (٧٠) دۆلار، ئەوەش دەڵێ كە نرخی نەوت بەرز نابێتەوە و دەبێت چارەسەر بدۆزرێتەوە، ئەگەرنا چارەنووسی عێراق وەکو ڤەنزوێلای لێ دێت.

بە ئاشكراش دەڵێ بەهۆی گەندەڵییەوە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی عێراق کە دەگاتە ٨ ملیار دۆلاری ئەمریكی، تەنیا ١٠٪ی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.












باسنيوز


Top