له ‌دواى 2003ـه‌وه‌ لە عێراق سپیکردنەوەی پارە گه‌وره‌ترین دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵییە

له ‌دواى 2003ـه‌وه‌ لە عێراق سپیکردنەوەی پارە گه‌وره‌ترین دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵییە
لە دوای 2003 و حوکمی چەند لایەنێکی شیعیی باڵادەست بەسەر هەموو جومگە سەرەکییەکانی عێراقدا، سپیکردنەوەی پارە دەبێتە گەورەترین دۆسیه‌ی گەندەڵی، ئابووریناسێکیش ئاماژە بەوە دەدات یاسای قەرز کە لە پەرلەمان پەسەند کرا بەشێک بوو لە سپیکردنەوەی پارە.

لە ماوەی رابردوو، محەممەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقییەی ڕاگەیاند، "عێراق هەموو ئەو مەرج و پێوەرانەی کە لەلایەن کۆمەڵەی کار و دارایی نێودەوڵەتی (FATF) دانراوە سەبارەت بە پاک و بێگەردی پرۆسەکانی ئاڵوگۆڕی پارە و میکانیزمە بانکییەکان جێبەجێیانی کردووه‌، پێشبینییەکان به‌و ئاراسته‌یه‌ن ئەگەری هەیە عێراق پێش کۆتایی ئەمساڵ لە لیستی ڕەشی مەترسیدارترین ئەو وڵاتانەی کە تۆمەتبارن بە سپیکردنەوەی پارە لاببرێت".

لە ماوەی ڕابردوو کۆمسیۆنی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئەمساڵیش عێراقی وەکوو وڵاتێکی مەترسیدار لەبارەی تێوەگلان لە پڕۆسەکانی سپیکردنەوەی پارە و تەمویلکردنی تیرۆريزم خستەوە لیستی ڕەشی ئەو وڵاتانەی کە تۆمەتبارن بەو پرسە.

بەڵام، لەدوای لێدوانەكه‌ی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، میدیاکان و رێکخراوەكان لەو وڵاتە، پەردەیان لەسەر گه‌وره‌ترین دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵى له‌دواى ساڵى 2003وه‌ لادا کە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە و ده‌یان هه‌زار كۆمپانیاى وه‌همى له‌عێراق كار ده‌كه‌ن بۆ شۆردنه‌وه‌ى پاره ‌و گواستنه‌وه‌ى بۆ ده‌ره‌وه‌ى عێراق، کە ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار دەقەبڵێنرێت.

کە بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (سەباح)ی نیمچە فەرمی، موهەننەد عیتابی پەڕلەمانتاری قه‌وارەی نەهجی نیشتمانی لەپەرلەمانی عێراق ئاشکرای کردووە، بەپێی زانیارییەکانی ڕەشاد خەڵەف هاشم، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانی، نزیکەی 80 هەزار کۆمپانیای بازرگانی لەوەزارەتەکەیان تۆمارکراون، لەکاتێکدا بەشی هەرە زۆریان ماوەی 15 ساڵە هیچ جۆرە چالاکییەکیان نەکردووە.

بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانی جەختی کردووه‌تەوە، ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی ئێستا چالاکیی بازرگانییان هەیە بریتیە لە 20 هەزار کۆمپانیا، بەوپێیە 60 هەزار کۆمپانیایان وەهمین ‌و لەبنەڕەتدا بوونیان نەبووە یان نەماون.

هاوکات، بە پێی راپۆرتێکی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، عێراق یەکێکە لەوڵاتە هەرە گەندەڵەکانی جیهان کە بە شێوەیەک له ‌ڕووی شەفافییەتەوە لە پلەی شەشەمی وڵاتانی عەرەبیدایە‌ و لەسەر ئاستی جیهانیش لە كۆی 180 وڵات، لەپلەی 162 دایە.

سامر زیاب، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رای گەیاندووە: كە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق لەساڵی 2011وە لیژنەیەكی بۆ بەدواداچوونی موڵك و سامانە داراییەكانی عێراق لە وڵاتانی دەرەوە پێك هێناوە و بەپێی بەدواداچوونەكانیان عێراق لە وڵاتانی جیهاندا خاوەنی چەندین هۆتێل و خانوو و كۆشك و كێڵگە و زەویی كشتوكاڵییە، كە بەهاكانیان بە پارەی نەختینەیی دەكاتە 87 ملیار دۆلار. "عێراق لە وڵاتانی سریلانكا و ڤێتنام و تایلاند خاوەنی چەندین كێڵگەی كشتوكاڵی و خانوبەرەی گەشتیارییە كە رووبەری زەوییەكان دەگاتە 36 هەزار هێكتار و لە ئیسپانیا و ئیتاڵیا و فەرەنساش خاوەنی چەند هۆتێل و چێشتخانەیەكی پێنج ئەستێرەیە، بەڵام بەهۆی لاوازیی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی عێراقییه‌وە لە دەرەوە، تا ئێستا عێراق نەیتوانیوە داوای موڵكە بەتاڵانبراوەكانی بكاتەوە”.

بە پێی زانیارییەکان لە عێراق ساڵانە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار بە ناوی پرۆژەی وەبەرهێنان و نیشیەجێبوون، پارە دەچێتە دەرەوە، لە ماوەی ساڵانی رابردوو چەندان بانکی بیانی هاوکاربوون لە سپیکردنەوەی پارە.

ئابووریناس، محەمەد عەلی عوزێری، ڕای گەیاند، ڕای گەیاند، ڕاستە عێراق بۆ خۆدەربازکردن لەو تۆمەت و دەرهێنانی ناوی لە لیستەکە چەندان رێنمایی توندی دەرکردووە، بەتایبەتی لە لایەن بانکی ناوه‌ندی و داراییەوە بۆ بانکەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو کارە، بەڵام تا گەندەڵی و دزین بەردەوام بێت سپیکردنەوەی داهاتەکان بەردەوامی دەبێت، "تەنانەت یاسای قەرزی عێراق کە لە ماوەی ڕابردوو لە پەرلەمانی عێراق پەسند کرا، بەشێک بوو لە سپیکردنەوەی پارەی بەرپرسانی عێراق کە بەقەرز بەحکوومەتیان داوە، کەوابێت زەحمەتە وا بە ئاسانی عێراق بتوانێ خۆی لەو لیستە دەربهێنێت”.









باسنيوز



Top