عێراق گرێبەستی کڕینی 10 ملیۆن ڤاکسینی دژەکۆرۆنای واژووکردووە
ھەرێمی کوردستانیش چاوەڕوانی ئەو ڤاکیسەنەیە کە بگاتە بەغدا بۆ ئەوەی بەشی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانیش بنێرێت.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان راگەیاند، "وەزیری تەندروستیی عێراق و سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو بەشی پێویستییەی ئێمە داوامان لە بەغدا کردووە، ئەوان بەڵێنیان پێداوین کە لە کاتی هاتنیدا بۆ عێراق ئەو بەشە پارێزراو دەبێت. ئێمەیش خۆمان لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین بۆ ئەوەی بتوانین لەو رێژەیە زیاتر دابین بکەین. لە قۆناخی یەکەمدا 10٪مان بۆ دابین دەکرێت."
ئێستا کۆمپانیاکانی فایزەر و بایۆنتێک چاوەڕێی ئەوە دەکەن لەلایەن فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە مۆڵەتی سەلامەتی بە ڤاکسینەکە بدرێت بۆ ئەوەی هەناردەکردنی بۆ ئەو وڵاتانە دەستپێبکات. عێراق دەیەوێت لەو وڵاتانە بێت کە سەرەتا ڤاکسینەکەیان پێدەگات.
حەسەن خەلاتی، ئەندامی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، "وەزارەتی تەندروستی لە ھەوڵەکانی بەردەوامە. عێراق دەبێتە یەکێک لەو وڵاتانەی لە سەرەتادا ڤاکسینی دەست دەکەوێت کە داوای 10 ملیۆنی کردووە. ئەمە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراقە بە ھەرێمی کوردستانیشەوە."
دوو کۆمپانیاکە بە نیازن تا کۆتایی ساڵی داهاتوو ملیارێک و 300 ملیۆن ڤاکسین بەرهەم بهێنن، بەڵام زیاتر لە یەک ملیار دانەی کە دەکاتە 80٪ی کۆی ڤاکسینەکانیان، بە گرێبەستی پێشوەختە لەلایەن وڵاتانەوە کڕدراون.
ھەموو جیھان چاوەڕوانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنایە، عێراق ھەر لە ئێستاوە خۆی ئامادە کردووە کە 10 ملیۆن بکڕێت، ھەر ڤاکسینێکیش لەسەر حکومەتی عێراق نزیکەی 50 دۆلار دەکەوێت، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی ئەو ڤاکسینە رەوشی تەندروستی لە عێراق گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.
rudaw -