کازمی پرۆژەی دروستکردنی حەوت هەزار قوتابخانە تاوتوێ دەکات
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/11/22 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ لیژنەی باڵای دروستکردنی قوتابخانە لە عێراق کۆبووەوە و لەبارەی پرۆژەی دروستکردنی حەوت هەزار قوتابخانەی نوێوە لە تەواوی عێراقدا گفتوگۆیان کرد.
بەپێی ئەو یادداشتە لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ چین واژۆی لەسەر کراوە، پرۆژەکە لە قۆناخی یەکەمدا دروستکردنیدا هەزار قوتابخانە لە خۆدەگرێت.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، ئەو پرۆژەیە کێشەی دوودەوامی لە خوێندنگاکان لەگەڵ کێشەی ئەو قوتابخانانەی کە بە کەڵکی خوێندن نایەن، چارەسەر دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتن کراوە و ناونراوە پرۆژەی "قوتابخانەی نموونەیی."
سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە، پێویستە قوتابخانەکان بە شێوازێکی نوێ و بەپێی پێویستی و ژینگەی عێراق دیزاین بکرێن. هەروەها داوایکرد پرۆژە وەستاوەکان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی دروستکردنی قوتابخانەکان چارەسەر بکرێن.
کازمی داوایکرد، ئاستەنگ و رۆتینەکان لاببرێن، خزمەتی قوتابییان بکرێت، لە هەڵگرتنی ئەو گوشارەی لەسەر پەروەردە هەیە پەلە بکرێت.
rudaw -