داوای لێکۆڵینەوە لە کارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دەکرێت

داوای لێکۆڵینەوە لە کارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دەکرێت
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە 190 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەخاتە بازاڕەکانەوە، 100 دۆلار بە 118 ھەزار دینار دەفرۆشێت، لە کاتێکدا لە بازاڕدا نرخی 100 دۆلار بە 124 هەزار و 500 دیناری عێراقییە. ئەوە وایکردووە، پەرلەمانتاران گومانی زۆریان لادروست بێت لەسەر ناڕوونیی ئاڵوگۆڕی دراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە.

ھەیسەم جبووری، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، "زیادبوونی نەختینە و کەمبوونەوەی زیادکردنی ئاشکرا بە رێژەی 800 ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا، ھەروەھا قۆرخکاریی بەشێک لە بانکە ئەھلییەکان لەم رەوشەدا بووەتە ھۆی ئەم جیاوازییە لە ئاڵوگۆڕی دراودا. لە رێگەی پرسیاری زارەکییەوە بە پارێزگاری بانکی ناوەندیمان گوت کەی دۆلار دەگەڕێتەوە جێگای خۆی وەک پێشوو؟"

ئەگەرچی پارێزگاری بانکی ناوەندی وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتاران بە راشکاوانە بە پارێزگاری بانکی ناوەندییان راگەیاند، ئەگەر لە ماوەیەکی نزیکدا نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار جێگیر نەبێت، ھەڵوێستی دیکەیان دەبێت.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، "تائێستا بانکی ناوەندی لەبارەی کوتلەی نەقدی و فرۆشتنی دۆلارەوە سیاسەتی روون نییە، چونکە ئەو پارەیەی کە ئێستا بە 118 هەزار دینار دەیفرۆشێت و، لە بازاڕدا بە 125 هەزار دینارە، ئەم جیاوازییە تەنیا ھەندێک بانک لێی سوودمەند دەبن. ئەمەش جێگای قبووڵ نییە، چونکە جووڵەی بازرگانیی نێوان عێراق و دەرەوە تێکدەدات."

بەپێی دەستەی دەستپاکیی عێراق بێت، لە ساڵی 2019دا بانکی ناوەندی زیاتر لە 45 ملیار دۆلاری بۆ ئاڵوگۆڕی دراو و حەواڵەکردنی دەرکردووە، بەڵام ئاماری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بە مامەڵەکردنی تەنیا 25 ملیار دۆلار دەکات و 20 ملیاری نادیارە.
rudaw -
Top