چاره‌نووسی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا

چاره‌نووسی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا

شارەزایانی سەربازی جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، ئەگەر ئەمه‌ریكا ھێزەكانیشی لە عێراق بكشێنێتەوە، كاریگەریی سەربازی ئه‌و وڵاته‌ هه‌ر بەسەر عێراقه‌وه‌ ده‌مێنێت، چونكە وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌ده‌ن، ئەمه‌ریكا خاوەنی تەكنەلۆژیایەكی سەربازیی بەھێزە و بۆ ھەر ئەگەرێك ئامادەیی تێدایە ڕووبەڕووی ببێتەوە.

له‌و باره‌شه‌وه‌ محه‌مه‌د سابیر، شاره‌زای سه‌ربازی ده‌ڵێت: هێز به‌وه‌ مه‌زه‌نده‌ ناكرێت كه‌ ژماره‌ی سه‌ربازه‌كان چه‌نده‌، به‌ڵكو به‌وه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت كه‌ توانا سه‌ربازییه‌كه‌ی له‌ چ ئاستێكدایه‌ و له‌ رووی ته‌كنه‌لۆژیای سه‌ربازی و ئابوورییه‌وه‌ تا چه‌ند به‌ توانایه‌، ئه‌مه‌ریكاش هه‌موو ئه‌و توانایه‌ی هه‌یه‌ و كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نابێت.

دوای ئەوەی وەزیری بەرگری ئەمه‌ریكا بە وەكالەت ئاشكرای كرد، به‌شێكی دیكه‌ی هێزه‌كانیان له‌ عێراق ده‌كێشننه‌وه‌، بۆردومانە مووشەكییەكان بۆ سەر ناوچەی سەوز بە ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریكا دەستیانپێكردەوە، هه‌ندرێن شێخ راغب، چاودێری سیاسیش له‌وباره‌یه‌وه‌ گوتی: كشانەوەی ھێزەكانی ئەمه‌ریكا تەنیا رەھەندی ئەمنی و سەربازییان نییە، بەڵكو كاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی عێراقیش دەبێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، دوێنێ قه‌یس خه‌زعه‌لی، سەرۆكی "عەسائیب ئەھلولحەق" كه‌ گروپێكی میلیشیای ژێر چه‌تری حه‌شدی شه‌عبییه‌ و ده‌گوترێت كه‌‌ فه‌رمان له‌ تاران وه‌رده‌گرێت، رایگەیاند، بڕیاری ئاگربه‌ست لای ئەوان دژی ھێزەكانی ئەمه‌ریكا كۆتاییھاتووە، پێشتریش ئەمه‌ریكا ھۆشداری ئەوەی دابوو، ئەگەر بۆردومانەكان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریكا لە بەغدا بەردەوام بێت، داخستنی باڵیۆزخانەكەیان بژاردەیەكی كراوەیە.
k24 -
Top