فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی سەردانی بەغدا دەکات
ئەمڕۆ شەممە 21-11-2020، میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، کە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودس بە سەردانێک گەیشتووەتە بەغدا و لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی کۆبووەتەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا، ئیسماعیل قائانی و فەرماندەکانی حەشدی شەعبی رێککەوتوون لەسەر راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بەرامبەر کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق.
غەسەنفەر بەتیخ، ئەندامی هاوپەیمانیی فەتح رایگەیاندووە، ئیسماعیل قائانی بە سەردانێکی فەرمی و بە بانگهێشتی حکوومەتی عێراق گەیشتووەتە بەغدا و ئامانج لە سەردانەکەش، گفتوگۆکردنە لەسەر هەر جووڵەیەکی ئەمریکا دژی ئێران و میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران.
ئەو سەردانە دووەم سەردانی ئیسماعیل قائانییە بۆ بەغدا، دوای ئەوەی قاسم سولەیمانی کوژرا و قائانی لە پۆستەکەی دەستبەکار بوو.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز