مامۆستایەکی زانکۆ لە بەغدا: هێرشە مووشەکییەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ دواخستنی هەڵبژاردنە
بەلای بەشێک لە دانیشتووانی بەغداوە ئەو هێرشانە دەستی لایەنی سیاسیی لەپشتەوەیە و ئامانج لێیان لاوازکردنی حکومەتەکەی کازمییە.
عیماد عاشور، مامۆستای زانکۆ لە بەغدا لەبارەی هێرشەکانەوە دەڵێت "ئامانجیان نانەوەی پشێوییە لە عێراق، بۆئەوەی ھەڵبژاردن دوابخرێت و حیزبە گەندەڵکارەکان لە دەسەڵات بمێننەوە".
حەسەن عەلی دووکاندارە و پێیوایە گرنگترین شت ئەوەیە کە چەک بکەوێتە دەست دەوڵەت، بۆئەوەی حکومەت بتوانێت کۆنترۆڵی وڵات بکات.
ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بە تووندی ئیدانەی ھێرشە مووشەکییەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکای کرد و بە کردەوەیەکی "تیرۆریستی" ناویبرد، ھەروەھا ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ دەستگیرکردنی ئەو گرووپە چەکدارانەش ھەوڵەکانیان چڕتر کردووەتەوە بەڵام تاوەکو ئەم ساتە ھیچ کەسێک بەھۆی ھێرشە مووشەکییەکانی شەوی 17ی تشرینی دووەم دەستگیرنەکراوە.
لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق دەڵێت "ئامانجیان نانەوەی پشێوی و ئاژاوەیە بۆئەوەی ھەمیشە ھێزە ئەمنییەکان لە ئەرکدابن، ئەمەش نە ھێزە ئەمنییەکان و نە حکومەتیش پێی رازی نییە، ئێمە وەکو ھێزە ئەمنییەکان لەئەستۆماندایە ئاسایش بۆ ھاووڵاتییان بەرقەرار بکەین، چەک کۆنترۆڵ بکەین و بە یاسا کارەکان بەڕێوەبچێت".
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 49 جار ھێرشی مووشەکی کراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بەھۆی ھێرشەکانیشەوە شەش ھاووڵاتیی دانیشتووی بەغدا کوژراون.
rudaw -