چاودێرێکی سیاسی: کشانەوەی هێزەكانی ئەمریکا عێراق دەگەیەنێتە قۆناغێكی مەترسیدار

چاودێرێکی سیاسی: کشانەوەی هێزەكانی ئەمریکا عێراق دەگەیەنێتە قۆناغێكی مەترسیدار
چاودێرێكی سیاسی پێیوایە کشانەوەی ئەمریکا عێراق دەخاتە دۆخێکی مەترسیدارەوە، بەو پێیەی عێراق خاوەنی هێزی نیشتمانی نییە و پڕە لە میلیشیای جیا جیا و ئاسایش و سەقامگیری بەو هێزانە نایەتەدی و "ئەگەری بەریەککەوتن و شەڕی ناوخۆیی زیاتر دەکات".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19/11/2020، بورهان رەئووف چاودێری سیاسی، رایگەیاند، کشانەوەی ئەمریکا عێراق بە قازانجی گەلانی عێراق و پێکهاتەکان بە کورد و سوننە و شیعەوە نابێت، ”عێراق لەبەرئەوەی خاوەنی هێزی نیشتمانی نییە و پڕە لە میلیشیای جیا جیا، کە ئەوانە لەبری ئاسایش و سەقامگیری بۆ عێراق دابین بکەن، خۆیان مەترسین بەسەر ئارامی و ئاسایشەوە، لەبەر ئەوە کشانەوەی ئەمریکا بۆ شایی گەورە لە عێراق دروست دەکات و ناوچەکە دەخاتە بەردەم مەترسیی گەورەوە“.

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کشانەوەکە ئەگەری بەیەکدادانی ئەو هێزە میلیشیایانەی کە هەیە لە ناوخۆ زیاتر دەکات و جگە لەوەش "ئاسایشی ئەو وڵاتە دەگەیەنێتە قۆناغی فەوزا و مەترسیدار".

جێی باسە، دوێنێ راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، رۆبێرت ئۆبراین لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوە دا کە ئەگەری ئەوە هەیە تا مانگی ئایار تەواوی سەربازەکانیان لە عێراق و ئەفغانستان بکێشننەوە.

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ئەوەشی خستەوە ڕوو کە پنتاگۆن رای گەیاندووە ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق تا ١٥ی کانوونی دووەم بۆ دوو هەزار و ٥٠٠ سەرباز کەم دەکرێتەوە، "ئەو سەربازانەی لە عێراق و ئەفغانستان دەمێننەوە باڵوێزخانەکان و فەرمانگەکانی دیکەی ئەمریکا لەو دوو وڵاتە دەپارێزن".












باسنیوز


Top