باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بەتوندی سەركۆنەی بۆردومانە مووشەكییەكەی دوێنێی سەر ناوچەی سەوزی بەغدا دەكات
لە راگەیاندراوەكەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكادا ھاتووە، "حكومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەتوندی سەركۆنەی ھێرشە مووشكییەكەی دوێنێ دەكات، كە لە بەغدا روویدا و بووە مایەی كوشتنی منداڵێكی عێراقی و برینداربوونی دوو ھاووڵاتی دیكەی سیڤیلی عێراقی".
باڵیۆزخانەی ئەمەریكا گوتیشی: دەرچووان لە یاسا بەردەوامن لە لەقكردنی سەقامگیری عێراق و كوشتنی ھاووڵاتیانی عێراقی و ھەڕەشەكردن لە سەروەری عێراق. داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین، ئەو كەسانەی بەردەوامن لە سەر ئەنجامدانی كاری تووندوتیژی دژ بە دەوڵەتی عێراق دەسگیر بكات و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكات.
دوێنێ سێشممە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكان لە راگەیاندراوێكیدا، جەختیكردەوە لەسەر كەوتنەخوارەوەی 7 مووشەكی كاتیۆشا، كە ناوچەی سەوزیان لە بەغدا كردبووە ئامانج.
k24 -