پووتین هۆشداری لە دۆخی ئەمنیی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات
لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی لووتکەی بریکس، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی ئاسایشی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا تاوەکو دێت قورستر دەبێت، جەختی لەوەش کردەوە کە بەشێوەیەکی تایبەت دۆخی عێراق لەبەردەم مەترسیی زیاتردایە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لەنێوان، رووسیا، هیندستان، چین، ئەفریقیای باشوور و بەرازیل ئەنجامدرا، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئێستا جیهان رووبەڕووی ناسەقامگیری و چەندین ململانێی جیاواز دەبێتەوە.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیاش لەو ناوچانەن کە زۆرترین ململانێیان تێدایە، بەتایبەت عێراق، ئەفغانستان و لوبنان.
رۆژی سێشەممە 12ەمین کۆبوونەوەی لووتکەی گرووپی BRICS (بەرازیل، رووسیا، چین، هیندستان و ئەفریقای باشوور) بە سەرۆکایەتی ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کاری هاوبەشی نێوان وڵاتانی ئەندام لەو گرووپە کرا لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی و ئاسایش.
کۆبوونەوەکەی ئەمساڵ لەلایەن رووسیا سەرۆکایەتی کرا، بەپێی راگەیێندراوێکی دەستەی سەرۆکایەتیکردنی گرووپەکە بۆ ساڵی 2020 درووشمی سەرەکیی ئەمساڵی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە "بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوور بۆ ئاسایشی جیهانی، ئاسایشێکی هاوبەشە و گەشەکردنێکی داهێنەرانە"یە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرباری دۆخی ئێستای جیهان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چالاکییەکانی گرووپەکە بە سەرۆکایەتی رووسیا بەردەوامن، لە سەرەتای کانوونی دووەمی 2020ەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 60 چالاکیی تایبەت بە هاوئاهەنگی لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە گرووپەکە رێکخراون.
ئانتن کۆبایاکۆڤ، راوێژکاری سەرۆکی رووسیا لەبارەی لووتکەکە رایگەیاندووە ''کۆبوونەوەکەی ئەمساڵ، گەوهەرێک دەبێت بە تاجەکەوە".
ئەم کۆبوونەوەیە بڕیاربوو لە 21 بۆ 23ی تەممووزی ئەمساڵ لە سان پیتەرزبۆرگ بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا دواخرا بۆ 17ی تشرینی دووەم و بەشێوەی ئۆنلاینیش بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەی لووتکەی گرووپی BRICS لەکاتێکدایە کە بەم دواییانە گرژی لەنێوان هیندستان و چین لەسەر سنوورەکانی وڵاتەکەیان روویدا و پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاڵۆزییان تێکەوت.
بەشدارانی کۆبوونەوەکە:
ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا
شی جینگ پینگ، سەرۆکی چین
ناریندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان
جایر بۆڵسنارۆ، سەرۆکی بەرازیل
سایرل رامافۆسا، سەرۆکی ئەفریقای باشوور
کارە سەرەکییەکانی گرووپەکە لە ساڵی 2020:
- بەهێزکردنی کاری هاوبەشی سیاسی و بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی BRICS لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
- پەرەدان بە هاوئاهەنگیی بازرگانی، ئابووری و دارایی نێوان وڵاتانی ئەندام لە گرووپەکە.
- هاوئاهەنگی لە بوارەکانی کولتووری و کاری مرۆیی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان خەڵکی وڵاتەکانیان.
گرووپی BRICS:
لە ساڵی 2009 دامەزراوە
رێکخراوێکی ئابووری و سیاسیی هەرێمییە
پێنج وڵات (رووسیا، بەرازیل، چین، هیندستان و ئەفریقیای باشوور) تێیدا ئەندامن
یەکەمین لووتکەی گرووپەکە لە یاکترینبێرگ لە 16ی حوزەیرانی 2009 کراوە
لە سەرەتادا چوار وڵات تێیدا ئەندامبوونە، لە ساڵی 2010 ئەفریقیای باشوور بووەتە ئەندام
دوو لە ئەندامانی گرووپەکە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین
سێ لە ئەندامانی گرووپەکە خاوەن چەکی ئەتۆمین
rudaw -