لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق: دۆخی عێراق ئامادە نییە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق: دۆخی عێراق ئامادە نییە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا


ئەندامێكی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكا، كە ئێستا عێراق ئامادە نییە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، چونكە "دەرهاوێشتەی ئابووری و ئەمنی بەدوای خۆیدا دەهێنێ".

موسەنا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، کە پێگەی (ئەلموستەقلە) گواستوویەتیەوە، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە عێراق ئێستا ئامادە نییە بۆ کشانەوەی ئەمەریکا، پێویستە ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێ، بۆ ئەوەی کشانەوەکە هیچ بۆشاییەک دروست نەکات، چونکە ناوچەکە گیرۆدەی چەندان ململانێی هەرێمایەتییە، "هەر بۆشاییەک بەجێ بهێڵرێ، رەنگە ببێتە جۆرێک لە پێکدادان". جەختیش دەکاتەوە، پێویستە سەروەریی بۆ عێراق بگەڕێندرێتەوە و دەستوەردانی دەرەکی کۆتایی پێ بهێنرێ.

ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، دەشڵێت، واقع پێمان دەڵێ، کە عێراق سەروەریی تەواوی خۆی نییە و ناتوانێ لە دەستوەردانە دەرەکی و هەرێمایەتییەکان بەرگری لە خۆی بکات. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە پێویستە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دوای لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بێت و بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی عێراق بێت، نەک بەگوێرەی بەرژەوەندیی ئەوانی دیکە، کە چەندان دەرهاوێشتەی ئابووری و ئەمنی بەدوای خۆیدا دێنێ.

پێشتر بەرپرسانی سوپای ئەمەریکا رایانگەیاند، کە هێزەکانی خۆیان لە عێراق لە 5200 سەربازەوە بۆ 3000 کەس کەم دەکەنەوە.

پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنج شەمە (5ی كانوونی دووەمی 2020) دەنگی لەسەر بڕیارێک دا، حکوومەت پابەند دەکات بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو داوای یارمەتییەک لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، بڕیارەکە حکوومەت پابەندیش دەکا بە کۆتاییهاتنی بوونی هەر هێزێکی بیانی لەسەر خاکی عێراق و رێپێنەدانی بۆ بەکارهێنانی خاک و ئاو و ئاسامانی عێراق بۆ هیچ مەبەستێک.










باسنیوز
Top