حکومەتی عێراق کامپەکان دادەخات و ئاوارەکان بە ناچاری دەگەڕێندرێنەوە شوێنەکانیان
دایکی محەممەد ئاوارەیە و دەڵێت "خوا شاهێدە، شوێنی نیشتەجێبوونمان نییە؛ بەو خودایە دەبوو مانگێک و دوو مانگ مۆڵەتمان پێبدەن، هیچ دەرفەتێکیان پێنەداوین، دەبێت بە زۆر و ناچاری بڕۆین، پاسیان هێناوە و دەڵێن ئارەزوومەندانەیە، ئەوە کەی ئارەزوومەندانەیە؟"
ساڵح ئەحمەد ئاوارەیە و باس لەوە دەکات "دەڕۆین و دەچین خانوویەک دەگرین، بەڵام پێش ئەمە نووسراوێکی ئاسایشمان دەوێت لەبارەی سەلامەتیمان، ئەوان ئەو نووسراوەیان پێنەداوین، تاوەکو بچین لە موسڵ یان هەر شوێنێکی دیکە خانوویەک بە کرێ بگرین، جگە لەمە هیچی دیکەمان ناوێت، بەخوا جگە لەمە هیچی دیکەمان ناوێت".
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، دۆسیەی ئاوارەکان نابێت بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە، بۆیە لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی کۆچ پلانێکی راگەیاندووە بۆ داخستنی سەرجەم کامپەکان.
کێشەی ئاوارەکانیش پەیوەندیی بە نەبوون یان کەمیی خزمەتگوزاری، رووخانی خانووەکانیان، هەندێک کێشەی خێڵەکی و هەڕەشەی سەر ژیانیان هەیە.
خالید عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری نووسینگەی نەینەوای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی "گەڕانەوە ئارەزوومەندانەیە، چونکە پێویستە ئەو دۆسیەیە کۆتایی بێت، کە دۆسیەیەکی ئاڵۆزە. بوونی ئەو خێزانانە لەنێو ئەو کەمپە دیمەنێکی ناتەندروستە بۆ هەموومان، جا بۆ حکومەتی ناوەندی بێت یاخود حکومەتی خۆجێیی".
بەهۆی هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2014دا، زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس لەنێو عێراق ئاوارەبوون، وێڕای تێکشکاندنی داعش، بەڵام تاوەکو ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە ماون، کە زیاتر لە 700 هەزاریان لە هەرێمی کوردستانن.
rudaw -